میری ئێزیدییان سكاڵای لەسەر ئەو رێكخراوە تۆماركرد، كە بەهۆیەوە 11 ژن و كچی رزگاركراوی ئێزیدی بەو منداڵانەیان شادكرانەوە كە لە ئەنجامی دهستدرێژی چهكدارانی داعشهوه له دایكبوون، لەئێستاشدا زۆرینەی ئەو خانمانە گەڕاونەتەوە كەمپ و جارێكی تر منداڵەكانیان بەجێهێشتوەتەوە.
لە 2ی ئاداری ئەمساڵ، 11 ژن و كچی رزگاركراوی ئێزیدی، چەند كەمپێكی تایبەت بە ئاوارە ئێزیدییەكانیان لە دهۆك بەجێهێشت و بەو منداڵانەیان شادبونەوە كە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا و لە ئەنجامی دەستدرێژی چەكدارانی ئەو ریكخراوە لە دایكبون. ئەوەش دوای ئەوەی كەسوكاریان بەناوی "خول و و گفتوگۆكردن لەگەڵ رێكخراوێك" رێگەی پێدان بچنە دەرەوەی كەمپ.
جەوهەرعەلی بەگ، جێگری میری ئێزیدییان بۆ کاروباری راگەیاندن و پەیوەندییەکان بە (کەرکوک ناو)ی وت "میری ئێزیدییان سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو رێكخراوە تۆماركرد، هەروەها ناڕەزایی خۆی گەیاندە نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمیش... ئێمە لەو پرسە بێدەنگ نەبوین و بەردەوام بەدواداچون دەكەین، هەموو هەوڵی خۆشمانداوە بە زوترین كات هەموو ئەو ژن و كچانە لەژێر دەستی ئەو رێكخراوە دەربهێنین".
میری ئێزیدییان سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو رێكخراوە تۆماركرد، هەروەها ناڕەزایی خۆی گەیاندە نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمیش
ئەو رێكخراوەی كارئاسانیكردووە بۆ شادبونەوەی ئەو 11 ژن و كچە رزگاركراوە بە منداڵەكانیان كە ژمارەیان 17 منداڵ بووە، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە رێگەپێدراوە بۆ كاركردن لە كەمپەكان و تۆماكراوە، ئەوەش بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، ناوەكەیشی لەبەر دروستنەبونی مەترسی لەسەر تیمەكانیان پارێزراوە.
لێپرسراوانی ئەو رێكخراوە ئامادەنین هیچ زانیارییەك لەسەر ئەو پرسە بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرابكەن.
هەرچەندە بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) و بەپێی رێكخراوی ئێزیدی بۆ دوکیومێنتکردنی بەڵگەنامەکان، ژمارەیان 11 ژن و كچ بووە كە كەمپەكانیان بەجێهێشتووە، بەڵام جێگری میری ئێزیدییان جەختیكردەوە "نۆ ژن و كچ بون و لە ئێستادا شەشیان گەڕاونەتەوە بۆ كەمپ و منداڵەكانیان نەویستووە، تەنیا سێ كەسیان نەگەڕاونەتەوە".
جەوهەر عەلی بەگ، زیاتر وتی "گەڕانەوەی ئەو ژن و کچانە بۆ ناو خێزانەكانیان بە هەوڵی ئێمە بووە... چەندجارێك وتومانە بابەتی وەرگرتن و لەخۆگرتنی منداڵانی داعش لای ئێمە هێڵی سورە و كۆتایی هاتووە، هەر پرسێکی تایبەت بە کاروباری ئێزیدییەکانیش ئەگەر راوێژ بە ئێمەوە نەکرێت رەتیدەكەینەوە و بە توندی ئیدانەی دەکەین".
چەندجارێك وتومانە بابەتی وەرگرتن و لەخۆگرتنی منداڵانی داعش لای ئێمە هێڵی سورە و كۆتایی هاتووە
زۆرینەی بڕیار و هەڵوێستەكان پەیوەست بە ئایینی ئێزیدی، لەلایەن دهزگای بهڕێوهبردنی ئێزیدییان دەدرێت، ئەو دەزگایە له جڤاتی روحانی و سهرۆكی جڤات (میر)، بابه شێخ، شێخی وهزیره و سهرۆكی قهوالان پێكهاتون، ههموو ئهوانهش له دهزگاكهدا ئهندامن و بڕیارهكانی تایبهت بهو پێكهاتهیه دهردهكهن.
جێگری میری ئێزیدییان روی دەمی كردە حكومەت و رێكخراوەكان و وتی "ئەوە بزانن هەرکەسێک هەوڵی لەمشێوەیە دوبارە بکاتەوە سەرکەوتوو نابێت و کەسیش با خۆی ماندوو نەکات".
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری لقی شنگالی رێکخراوی ئێزیدی بۆ دوکیومێنتردنی بەڵگەنامەکان بە(کەرکوک ناو)ی وت "بۆ ئێمە جێی پرسیارە بۆچی دامەزراوە حكومییەكان و رێكخراوەكان لەم پرسەدا بێدەنگن... پێویستیشە جڤاتی روحانیی و میری ئێزیدییان بە رەسمی هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم پرسە رابگەیەنن".