باوكی دوو خوشكەكەی چەمچەماڵ كە بە بكوژی سەرەكی دوو كچەكەی تۆمەتبار دەكرێت، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئادار خۆی رادەستی پۆلیسی چەمچەماڵ كرد، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە ئیدارەی ئەو قەزایە بۆ (كەركوك ناو).
سەرچاوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "لەژێر فشاری هێزەکانی پۆلیسی چەمچەماڵ، بکوژی دوو خوشکەکە کە باوکیانە، خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد".
جەختیشیكردەوە "لێكۆڵینەوە لە گەڵیدا بەردەوامە و هێشتا دانی بە تاوانەكەیدا نەناوە".
بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی خۆ رادەستكردنی تۆمەتباری سەرەكی، دەڵێت "(ف، ح، ش) لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە".
ئەو دوو خوشكە ئاوارە (19ساڵ) و هێلین (17ساڵ)، رۆژی نۆی ئەیلولی 2020، تەرمەكانیان لەلایەن پۆلیسەوە لە چاڵێکى نیو مەتر قوڵدا لە نزیك گۆڕستانێكی گوندی برایم ئاغا لە نێوان هەردوو قەزای چەمچەماڵ - ناحیەی شوان لە پارێزگای كەركوك دەرهێنرانەوە، ئەوەش دوای نزیكەی هەفتەیەك لە ونبونیان.
هەر ئەوكات بڕیاری دەستگیركردن بۆ باوكیان دەرچوو و پۆلیس وەكو تۆمەتباری سەرەكی ناساندی.
دوو خوشكەكە شوێنەواری فیشەك بە جەستەیانەوە دیاربوو، دوای توێكاری بۆ تەرمەكانیان لەلایەن ئیدارەی قەزای چەمچەماڵ و بە ئامادەبونی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ چالاكوانانی ژنان لە گۆڕستانێكی چەمچەماڵدا بە خاكسپێردران.
چەند رۆژێك دوای بە خاكسپاردنیان، (كەركوك ناو)، لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسوكاری ئەو دوو كچەدا قسەی كرد و ئامۆزایەكی باوكیان وتی "ئەو دوو خوشكە زۆر بێنازبون، گوێڕایەڵ و زۆر گونجاو بون لەگەڵ یەكتر.... نانە رەقیان پێبدرایە نوزەیان لێوە نەدەهات". هەروەها جەختیكردەوە "بێوەیی و بێدەنگ بون و بە كولەمەرگی ژیاون لە خێزانێكی هەڵوەشاوەدا".
باوكی ئەو دوو كچە كە تۆمەتباری سەرەكییە و ئێستا خۆی رادەستكردووە، دوو ژنی هێناوە و لە هەردوكیان جیابۆتەوە. تەنانەت دایكی دوو كچەكە ئامادەی بە خاكسپاردنیان نەبوو.