سامان خدر سه‌ری سوڕماوه بۆچی هیچ په‌رستگایه‌كی ئایینه‌كه‌ی له به‌غداد نییه، له‌كاتێكدا سه‌دان ساڵه ئێزیدییه‌كان له پایته‌ختی عیراقدا ده‌ژین، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایلێده‌كات بپرسێت "ئایا به راستی ئێمه له به‌غداد بونمان هه‌یه؟".
سامان خدر (34 ساڵ) گه‌نجێكی ئێزیدیی خه‌ڵكی شنگاله، دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاره‌كه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه له ئابی 2014دا رویكردۆته به‌غداد، ئه‌وكاته‌ی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه "كۆمه‌ڵكوژییان" دژی ئێزیدییه‌كان ئه‌نجامدا.
"هه‌بونی ئایینێكی دانپێدانراو واته هه‌بونی شوێنی دیاری تایبه‌ت به‌خۆی، به تایبه‌تی په‌رستگا بۆ به‌ڕێكردنی مه‌راسیم و سروته ئایینییه‌كان تیایاندا" خدر بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
"به‌ڵام ئه‌و شتانه (په‌رستگا و شوێنی ئایینیی) تایبه‌ت به ئێزیدیم له به‌غدا نه‌بینی، هیچ په‌رستگا و ناوه‌ندێكی كلتوری ئایینی ئێزیدی لێ نییه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی دیوانی ئه‌وقاف له به‌غداده كه به‌شێكی تایبه‌ت به ئایینی ئێزیدی هه‌یه"، ئه‌وه‌ش به‌لای سامان خدره‌وه جگه له "دژیه‌كی" هیچی دیكه نییه.
هه‌بونی ئایینێكی دانپێدانراو واته هه‌بونی شوێنی دیاری تایبه‌ت به‌خۆی، وه‌ك په‌رستگا بۆ سروته ئایینییه‌كان
كاوه شه‌مۆ (27 ساڵ)، هه‌مان رای هه‌یه، له ماوه‌ی حه‌وت ساڵی رابردوی كاركردنی له به‌غداد، له هه‌موو جه‌ژن و مه‌راسیمێكی ئێزیدی بێبه‌ش بووه به‌هۆی نه‌بونی شوێنی تایبه‌ت به كۆبونه‌وه‌ی هاوئایینه‌كانی، جگه‌له‌وه‌ی په‌یوه‌ندیشی له‌گه‌ڵیاندا پچڕاوه.
ئێزیدیی؛ ئایینێكی ره‌سمی دانپێدانراوه له عیراق، كه مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش زایین و ژماره‌یان به ده‌وروبه‌ری 550 هه‌زار كه‌س ده‌خه‌مڵێنرێت، كه سه‌دان هه‌زار كه‌سیان ئاواره‌بون دوابه‌دوای هێرشه‌كانی ئابی 2014ی داعش بۆ ناوچه‌كانیان له پارێزگای نه‌ینه‌وا.
ئێزیدییه‌كان له چه‌ندین شاری نه‌ینه‌وادا نیشته‌جێن له‌وانه قه‌زای شنگال، كه زۆرینه‌ن تیایدا له‌گه‌ڵ شێخان، باشیك و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای دهۆك، جگه له به‌غدا و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق.
داوا جێبهجێنهكراوهكان
"به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزیدییه‌كان له به‌غداد، چه‌ندینجار هه‌وڵیداوه پارچه زه‌وییه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت بۆ بنیاتنانی ناوه‌ندێكی كلتوری ئێزیدی، به‌ڵام ئه‌و داواكارییه‌ك هه‌ر جێبه‌جێنه‌كراوه" خه‌لدون سالم نه‌یسانی، توێژه‌ری ئێزیدیی و دانیشتوی به‌غداد وای وت.
هه‌روه‌ها به (كه‌ركوك ناو)ی وت هیچ په‌رستگایه‌كی ئێزیدی له به‌غداد نییه، هه‌رچه‌نده ژماره‌ی ئه‌و ئێزیدییانه‌ی له پارێزگاكهدان زیاتر له سێ هه‌زار كه‌سن.
"ده‌وروبه‌ری 80 خێزانی ئێزیدی له به‌غدادن، جگه له بازرگان، دوكاندار، خاوه‌نكار و كرێكاران" نه‌یسانی ده‌ڵێت "ژماره‌ی ئێزیدییه‌كانی به‌غداد پێشتر زۆر زیاتر بون".
هیچ په‌رستگایه‌كی ئێزیدی له به‌غداد نییه، هه‌رچه‌نده ژماره‌ی ئه‌و ئێزیدییانه‌ی له پارێزگاكهدان زیاتر له سێ هه‌زار كه‌سن
خالیده خه‌لیل، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له پێكهاته‌ی ئێزیدی بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیكرده‌وه هیچ په‌رستگا و ناوه‌ندێكی ئایینی ئێزیدیی له به‌غداد نییه تا عیباده‌تی خۆیانی تێدا بكه‌ن.
هۆكاری ئه‌وه‌شی گه‌ڕانده‌وه بۆ هه‌بونی په‌رستگای لالش، كه ئێزیدییه‌كان بۆ حه‌ج له پارێزگا و شاره جیاوازه‌كانه‌وه رویتێدهكهن، تا مه‌راسیم و سروته ئایینییه‌كانیان له‌وێ به‌ڕێبكه‌ن، كه‌می ژماره‌ی ئێزیدییه‌كانیش به‌بڕوای ئه‌و هۆكارێكی دیكه‌یه بۆ نه‌بونی شوێنی ئایینی‌یان له به‌غداد.
په‌رستگای لالش؛ گرنگترین شوێنی پیرۆزی ئێزیدییهكانه و ده‌كه‌وێته ناوچه‌یه‌كی شاخاوی له قه‌زای شێخان به دوری 60كم له باكوری خۆرهه‌ڵاتی شاری موسڵ، باره‌گای ئه‌نجومه‌نی روحانی ئایینی ئێزیدی له عیراق و جیهانیش هه‌ر له‌وێیه.
ئازادی رێوڕه‌سمی ئایینی له ده‌ستوردا
ئه‌یوب حه‌سه‌ن، چالاكوانی مه‌ده‌نی ده‌ڵێت "ئێزیدییه‌كان له‌مڕۆدا سه‌رباری هاوسۆزی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ دۆسیه‌كه‌یان به‌ڵام هێشتا په‌راوێزخراون و خۆشیان به په‌راوێزخراو ده‌بینن".
"ئێمه له وڵاتیكداین هێشتا ئازادییه‌كان تیایدا لهقن و جێگیر نیین، دیموكراسی له قۆناغی ده‌ستپێكردندایه، دوابه‌دوای سه‌رده‌مێكی درێژ له ژیانی ژێر سایه‌ی رژێمێكه كه گه‌له‌كه‌ی له جیهان دابڕی و پێكهاته‌كانی له یه‌كتری كرد، به‌دوای ئه‌وه‌دا چینایه‌تی و چاندنی جیاكاریش هات" حه‌سه‌ن وای وت.
ئه‌و چالاكوانه به‌پێویستیشی زانی كاربكرێت بۆ ده‌باره بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه له نێوان پێكهاته‌كاندا، پێیوایه به‌رپرسیارێتی گه‌وره ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی پێكهاته‌كان تا دۆسیه‌ی به‌رگری له مافه‌كانی (ئێزیدی) بكه‌نه پێشه‌نگ و به ته‌نیا بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییه‌كان بهجێیاننههێڵن، له‌وه‌شدا ساده‌ترین ماف ئه‌وه‌یه ئازادییان پێبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی له غدادیش رێوڕه‌سمی ئایینی و عیباده‌تی خۆیان بكه‌ن.
به‌پێی بڕگه‌ی دوی مادده‌ی دوی ده‌ستوری عیراق "ته‌واوی مافه ئایینییه‌كانی سه‌رجه‌م تاكه‌كان پارێزراوه له‌روی ئازادی بیروباوه‌ڕو و موماره‌سه‌ی ئایینییه‌وه وه‌ك كریستیانه‌كان، ئێزیدییه‌كان و سابیئه‌ی مه‌ندائی".
ده‌ستور ته‌نیا به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو له به‌شی مافه‌كان و ئازادییه‌كاندا له مادده‌ی 43دا هاتووه ده‌وڵه‌ت ئازادی ئه‌نجامدانی په‌رستش و شوێنه‌كانی به‌ندایه‌تیش ده‌پارێزێت.
كاوه شه‌مۆ، ناچاره له‌گه‌ڵ هاوڕێ ئێزیدییهكانیدا له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كۆببنه‌وه بۆ ئاهه‌نگگێڕان له جه‌ژن و بۆنه‌كانی دیكه‌ی ئایینه‌كه‌یاندا، به‌هۆی نه‌بونی شوێنێكی تایبه‌ت به‌و مه‌راسیمانه له به‌غدادی پایته‌خت.