كوردى موسڵ.. په‌رۆشیی و خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتمان

نه‌ینه‌وا/ بازاڕی نه‌بی یونس له‌به‌ری چه‌پی شاری موسڵ كه‌ پێشتر زۆربه‌ی دوكانداره‌كانی كورد بون فۆتۆ: ئه‌رشیفی كه‌ركوك ناو

وه‌لا حه‌مدانی – نه‌ینه‌وا

عه‌بدوڵا گۆران كتێبه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و ئاماده‌كاری بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی شه‌شی ئاماده‌یی ده‌كات، كاتێك له‌گه‌ڵ برا گه‌وره‌كه‌یدا ده‌كه‌وێته‌ باسی به‌ده‌ستهێنانی نمره‌ی به‌رز و خه‌ونی باوكه‌ كۆچكردووه‌كه‌ی بۆ گه‌یشتن به‌ كۆلێژی پزیشكی، له‌وكاته‌دا دایكی قسه‌كانیان ده‌بڕێت و به‌هاواره‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌ڕه‌شه‌.. هه‌ڕه‌شه‌".

عه‌بدوڵا (33 ساڵ)، هاوڵاتییه‌كی كورده‌، له‌ گه‌ڕه‌كی جه‌زائیری شاری موسڵ له‌دایكبووه‌ و گه‌وره‌ بووه‌، به‌رله‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌ ساڵی 2009 به‌ ناچاری زێدی خۆیان به‌ره‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان به‌جێبهێڵن.

هه‌ڵاتنی ئه‌و خێزانه‌ كورد له‌ موسڵ، به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیانه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر ناسنامه‌ی كوردبون، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و بارگرژییه‌ تائیفییه‌دا كه‌ له‌دوای روداوه‌كانی 2003ـه‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵدا.

دوای ساڵانێك له‌ تێكچونی بارودۆخی ئه‌منی، كوشتن و ماڵوێرانی، زۆربه‌ی هاوڵاتیانی كورد پارێزگای نه‌ینه‌وایان به‌جێهێشت، به‌ڵام په‌رۆشیی و خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ر له‌نێویاندا مایه‌وه‌.

وتیان به‌ جلوبه‌رگه‌كانی به‌رتانه‌وه‌ بڕۆن و یه‌ك شتی دیكه‌ ببه‌ن ئه‌وا ده‌كوژرێن

گۆران به‌ده‌م ته‌ماشاكردنی وێنه‌كانی نێو ئه‌لبومه‌ كۆنه‌كه‌یانه‌وه‌، كه‌ تاكه‌ شت بوو توانییان له‌ خانووه‌ به‌جێهێڵدراوه‌كه‌یاندا بیبه‌ن، وتی "ئاماده‌كاریم بۆ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌كرد، له هاتنه‌دی خه‌ونه‌كه‌ی خۆم و باوكم به‌ چونه‌ كۆلێژی پزیشكی نزیكبوم، به‌ڵام له‌ پڕ هه‌موو شتێك گۆڕا".

به‌دیهاتنی ئه‌و خه‌ونه‌ی گۆران و براكانی قورس بوو، دوای ئه‌وه‌ی گروپێكی چه‌كداریی نامه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه‌یان به‌ دوو فیشه‌كه‌وه‌ خسته‌ ماڵیانه‌وه‌ كه‌ تیایدا داوایانكرد، ده‌ستبه‌جێ موسڵ به‌جێبهێڵن ئه‌گه‌رنا هه‌مویان ده‌كوژن.

"وتیان هه‌ر به‌و جلوبه‌رگانه‌وه‌ بڕۆن كه‌ له‌ به‌رتاندایه‌، ئه‌گه‌ر یه‌ك شتی دیكه‌ ببه‌ن ئه‌وا ده‌كوژرێن"، گۆران وای وت، بۆیه‌ خێزانه‌كه‌ رۆیشتن، ماڵ و شمه‌كانیشیان له‌دوای خۆیان به‌جێهێشت.

ئه‌و گروپه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان كرد، هیچ رێگایه‌كی دیكه‌یان بۆ گۆران و خێزانه‌كه‌ی نه‌هێشته‌وه‌، جگه‌ له‌ ئاواره‌یی و به‌حێهێشتنی موسڵ، شاری دایك، ئه‌و شاره‌ی تیایدا ده‌ژیان، به‌ڵام ئه‌وان لێی بێبه‌شكران و له‌وكاته‌وه‌ له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێن.

950x634_101554950x634_084016950x634_021547musll
نه‌ینه‌وا/ ئاداری 2019/ ناوچه‌ی غابات له‌كه‌ناری روباری دیجله‌ له‌ شاری موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن

كۆچه‌ر (27 ساڵ)، ده‌كه‌وێته‌ بیری ئه‌وكاته‌ی له‌ رێكخراوێكی مه‌ده‌نی شاری موسڵ كاریده‌كرد و ئه‌و ماوه‌یه‌ی ژیانی به‌ "جوانترین رۆژه‌كانی" له‌و شاره‌دا وه‌سف ده‌كات.

كۆچه‌ر سه‌یرێكی بازنه‌ ده‌ستكرده‌كه‌ی ده‌ستی ده‌كات، كه‌ هاوڕێیه‌كی عه‌ره‌بی به‌ دیاری پێیداوه‌ كاتێك له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندندا بون و هێشتا پاراستویه‌تی، "جیاوازیی و جیاكاریمان نه‌ده‌زانی، هه‌مومان به‌ ته‌بایی و خۆشه‌ویستییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ماندا ده‌ژیاین".

ئه‌و ده‌ڵێت "زۆربه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ عه‌ره‌ب بون، له‌ كۆڵانه‌كه‌ماندا ئێمه‌ تاكه‌ خێزانی كورد بوین، كه‌س له‌ دژمان نه‌وه‌ستایه‌وه‌ و هه‌موو دراوسێیه‌كان وه‌ك كه‌سوكاری یه‌كتری وابوین".

برایه‌كی كۆچه‌ر ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن ده‌بنه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان، بۆیه‌ وه‌ك خێزانه‌ كورده‌كانی دیكه‌ ئه‌وانیش به‌ ناچاری و له‌پێناو پاراستنی ژیانیاندا كۆچ ده‌كه‌ن.

كۆچه‌ر به‌ هیوایه‌ جارێكیتر هاوڕێیه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه‌، كه‌ نزیكه‌ی 17 ساڵه‌ له‌ یه‌كتری دابڕاون، به‌هۆی به‌جێهێشتنی موسڵ و ئاواره‌بون به‌ره‌و شاری زاخۆ، دوایین ناوچه‌ی باكوری عیراق.

پارێزگای نه‌ینه‌وا فره‌ نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ی ئایینییه‌، كورد دوه‌م نه‌ته‌وه‌ی پارێزگاكه‌یه‌ دوای عه‌ره‌ب و به‌پێی ئاماره‌كانی پێش ساڵی 2003 رێژه‌یان له‌و سنوره‌دا سه‌دا 33 بووه.

به‌ڵام له‌ روداوه‌كانی 2003 به‌دواوه‌ رێژه‌ی كورد كه‌میكرد، ئه‌وه‌ش به‌ چه‌ند هۆكارێك له‌ نێویاندا ئه‌منیی و ئابوری، له‌ غیابی رۆڵی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی و خۆجێیی بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و توندوتیژییانه‌ی روبه‌ڕوی كورد ده‌بونه‌وه‌.

100426mosel
نه‌ینه‌وا/ كانونی دوه‌می 2019/ ناوه‌ندی بازاره‌كانی به‌ری چه‌پی شاری موسڵ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د زه‌یدی

له‌سێیه‌كی دانیشتوانه‌وه‌ بۆ رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م

فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی وه‌ك فه‌رمانگه‌ی ئامار له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، هیچ ئامارێكیان ده‌رباره‌ی ژماره‌ی پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی دانیشتوی نه‌ینه‌وا به‌ گشتی و شاری موسڵ به‌ تایبه‌تی به‌ (كه‌ركوك ناو) نه‌دا.

عومه‌ر حه‌رباوی، كه‌سایه‌تی سیاسی سه‌ربه‌خۆ ده‌ڵێت تا پێش ساڵی 2003 ژماره‌ی كورد له‌ ته‌واوی نه‌ینه‌وادا به‌ 900 هه‌زار كه‌س ده‌خه‌مڵێنرا "به‌پێی ئاماره‌ نیمچه‌ فه‌رمییه‌كان"، به‌ڵام به‌خێرایی ئه‌و ئاماره‌ كه‌میكرد و تا ساڵی 2014 و كه‌وتنی موسڵ، ژماره‌ی كورد بۆ نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌س دابه‌زی.

"پاشه‌كشێی كورد له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌و پارێزگایه‌ به‌جێهێشت و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر شاری موسڵیش داده‌نێت" به‌وته‌ی حه‌رباوی.

ئه‌بو یونس (40 ساڵ)، كه‌ له‌ دوكانێكی جلوبه‌رگی بازاڕی نه‌بی یونس كارده‌كات به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت بازاڕی نه‌بی یونس خه‌ڵكی موسڵ به‌ بازاڕی "كورده‌كان" ناویانده‌هێنا، چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌وێ كاریانده‌كرد كورد بون.

به‌ڵام بازاڕه‌كه‌ ئه‌و نازناوه‌ی له‌ده‌ستدا، به‌هۆی ئه‌و روداوانه‌ی به‌سه‌ر موسڵدا هات، ئه‌بو یونس ده‌ڵێت "هاوڕێ كورده‌كانم دوای داگیركردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ دوكانه‌كانیان به‌جێهێشت و له‌وكاته‌وه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌".

هاوڕێ كورده‌كانم دوكانه‌كانیان به‌جێهێشت و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه 

په‌رۆشی گه‌ڕانه‌وه‌ و گه‌ڕان به‌دوای چاره‌سه‌ردا

كورد له‌ شاری موسڵ ده‌كه‌ونه‌ چه‌ندین گه‌ڕه‌ك له‌وانه‌ جه‌زائیر، ئه‌ربه‌جیه‌ و بازاڕی نه‌بی یونس به‌ڵام ئێستا ئه‌و دانیشتوانه‌ راسته‌قینه‌یه‌ له‌ شوێنی خۆیاندا نه‌ماون، له‌ ده‌ره‌وه‌ی موسڵیش كورد هێشتا له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و باشور و ناوچه‌كانی دیكه‌ی پارێزگاكه‌دا هه‌ن.

"رێكخراوه‌كان و تیمه‌ خۆبه‌خشییه‌كان هیچ شتێكیان پێشكه‌ش به‌ برایانی كورد نه‌كردووه‌ جێی باس بێت" ئه‌حمه‌د مه‌عازیدی، چالاكوانی مافه‌كانی مرۆڤ وای وت.

ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ی كراون بۆ كه‌مینه‌كانی كریستیان، ئێزیدی و ئه‌وانی دیكه‌ بون به‌ڵام هیچ ده‌ستپێشخه‌ریی و چالاكییه‌ك نه‌بووه‌ ده‌رباره‌ی كورد تا هانیانبدات بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان.

مه‌عازیدی دانبه‌وه‌داده‌نێت ئه‌و و هاوڕێ چالاكوانه‌كانی و ئه‌وانه‌ی له‌ رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كاندا كارده‌كه‌ن "كه‌مته‌رخه‌م بوین به‌رانبه‌ر براكانمان و هاوبه‌شه‌كانمان له‌ نیشتمان".

هه‌روه‌ها جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتی ته‌نیا دروشمێك نییه‌ تا لێره‌و له‌وێ بوترێته‌وه‌، "ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت برا كورده‌كانمان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌وا پێویسته‌ ژینگه‌یه‌كی له‌باری ئاشته‌وایی و بارودۆخێكی گونجاو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بڕه‌خسێنین، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ هه‌وڵی مه‌ده‌نی و حكومی هه‌یه‌".

Al Thani
فتن ئال عه‌لی فۆتۆ: په‌ڕه‌ی تایبه‌تی ناوبراو له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

فاتن ئال عه‌لی، چالاكوانی مه‌ده‌نی پشتگیری ئه‌و بۆچونه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت "ئه‌و جیاوازییه‌مان له‌ده‌ستدا كه‌ پێی ده‌ناسراینه‌وه‌"، نیگه‌رانیشه‌ له‌وه‌ی به‌سه‌ر دراوسێ كورده‌كه‌یاندا هات و ناچاربون ماڵه‌كه‌یان به‌جێبهێڵن، كاتێك داعش ده‌ستی به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا گرت.

"له‌ رابردودا میدیا رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی وتاری رق و كینه‌دا، ئه‌وه‌ش هۆكاربوو به‌ زیادكردنی په‌رته‌وازه‌یی له‌نێوان دانیشتوانی شاره‌كه‌دا"، فاتن ئال عه‌لی وتی "به‌هیوابوم دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كان دوای ئازادكردنی موسڵ زیاتر په‌یامی میدیاییان یه‌كبخه‌ن و ده‌ستبه‌رداری وتاری رق و كینه‌ بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌یكه‌ن".

دوای تێپه‌ڕبونی سێ ساڵ به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ له‌ ده‌ستی داعش، هێشتا شاره‌كه‌ "خه‌ونێكی قورسه" بۆ گۆران و خێزانه‌كه‌ی، سه‌رباری باشتربونی ئاسایش و هه‌بونی رێژه‌یه‌ك له‌ سه‌قامگیری.

عه‌بدوڵا گۆران كه‌ رۆژانێك خه‌ونی به‌ خوێندنی پزیشكییه‌وه‌ ده‌بینی، ئه‌مڕۆ وه‌ك كرێكار له‌ خواردنگه‌یه‌كی خێرا كارده‌كات، چونكه‌ ناچاربوو به‌خۆی خراپی بارودۆخی داراییه‌وه‌ واز له‌ خوێندن بهێنێت.

"هه‌موو جارێك دایكم ده‌ڵێت خۆزگه‌ ده‌مانتوانی بۆ چه‌ند خوله‌كێكیش بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ موسڵ و هه‌وای شاره‌كه‌ هه‌ڵبمژین... خۆزگه‌ ده‌مانتوانی بڕۆینه‌وه‌ گه‌ڕه‌ك و دراوسێیه‌كانمان ببینینه‌وه‌".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT