جەژنی "سەری ساڵ" یاخود "چوارشەممەی سور"ی ئێزیدییەكان یەكێكە لە جەژن و بۆنە هەرە كۆنەكانی شوێنكەوتوانی ئايینی ئێزیدی، كە هەموو ساڵێك لە سێیهم ههفتهی مانگی نیسان یاددەكرێتەوە، شوێنكەوتوانی ئەو ئایینە بە یەكێك لە بۆنە پیرۆزەكانی دادەنێن و لەسەرتاسەری جیهاندا پابەند دەبن بە دابونەریت و بنەماكانییەوە.
"نیسان" مانگی ئێزیدییەكان
بەپێی بیروباوەڕی ئێزیدییەكان، مانگی نیسان مانگێكی پیرۆزی بەهارە و بەبوكی ساڵ دادەنرێت. هەروەها سیمبوڵی ئاوەدانی و نوێبونەوەیە. بۆیە جەژنی سەری ساڵیان دەكەوێتە ئەم مانگەوە و لە سێیهم چوارشەممەی مانگی نیساندایە و فریشتە مەلیك تاوس هاتۆتە سەر زەوی و بەهۆیەوە گەردون بەسروشت و جوانی گوڵە سورەكانی لەمانگی نیسان-دا ڕازاوەتەوە لەگەڵ خۆیدا خێر و میهرەبانی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە.
"چوارشەممە" رۆژە پیرۆزەكە
بەپێی بیروباوەڕی ئێزیدییەكان، یەكەم چوارشەممەی مانگی نیسان لە رۆژژمێری خۆرهەڵاتیدا، بەسەری ساڵ دادەنرێت، كە بە "چوارشەممەی سور"یش ناودەبرێت. لەم رۆژەدا جیهانی بەستوو دەتوێتەوە و ئەفراندن دروست دەبێت، ئەم بۆچونەیان زیاتر تێكەڵی رووداوە سروشتییەكان بووە، هەروەها بە لێكدانەوەیەكی دیكەی ئایینی، خودا، كە دەستیكردووە بە دروستكردنی گەردون، رۆژی هەینی سەرەتا بووە و چوارشەممەش كۆتا رۆژی دروستكردنی گەردوونە.
ئێزیدییەكان، لەسەری ساڵیاندا پشت بە رۆژژمێریی خۆرهەڵاتی دەبەستن، كە لەلایەن كەنیسەی ئەرسەدۆكسی و خۆرهەڵاتەوە پەیڕەودەكرێت و 13 رۆژی لەگەڵ رۆژژمێری زایینیدا جیاوازە.
چۆنێتی دەستپێكردنی رێوڕەسمی جەژنەكە
لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، شوێنكەوتوانی ئایینی ئێزیدی خۆیان بۆ یادەكە ئامادەدەكەن و هێلكە رەنگ دەكەن و دەیكوڵێنن. رۆژی چوارشەممە، لە پەرستگای لالش 365 فتیلە دادەگیرسێنن، ماڵان گوڵی سور بەدەرگا و ماڵەكانیاندا هەڵدەواسن، گریمانەیەكی زۆریش هەیە لەبەرئەوەبێت بە چوارشەممەی سور ناوببرێت.
هاوكات ئێزیدییەكان سەردانی یەكتر دەكەن، ئەم سەردانە تەنیا لەناوخۆدا نییە، بەڵكو هەندێك لە موسڵمانەكانیش بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك سەردانیان دەكەن و جەژنە پیرۆزەیان لێدەكەن. دواتر ئێزیدییەكان، سەردانی گۆڕستان دەكەن، لەدوای ئەمانەش چەندین یاری تایبەت هەیە ئەنجامی دەدەن و بەخۆشی و شادی رۆژەكەیان بەسەردەبەن.
گرنگی ئاگرەكەی لالش
یەكەم چالاكی چوارشەممەی سەری ساڵ، لە پەرستگای لالش دەستپێدەكات، كە بەسەرپەرشتی بابا شێخ-ی ئێزیدییەكان لەگەڵ لیژنەی تایبەت بە خۆی لە پەرستگا یەكەم ئاگر دەكاتەوە، دواتر 365 فتیلە دادەگیرسێنن. دیارە ئەو ژمارە فتیلەیە، بەواتای ژمارەی رۆژەكانی ساڵ دێت، مانا و مەبەستی ئاگركردنەوە لەو پەرستگایە، بۆ ئەوەیە رۆحە خراپەكان لە خۆیان دوربخەنەوە و ڕێگە خۆشدەكەن بۆ مەلەك كە واتای هاتنی خێرو خۆشییە.
هەروەها داگیرساندنی فتیلەكان بەواتای پێشوازی رۆژی نوێی ساڵی نوێ بەڕوناكی بیت.
حەڵاڵو حەرام لە چوارشەممەی سوردا
زۆرێك لە جەژن و بۆنەی ئایینە جیاوازەكان، كارو چالاكی حەرام و حەڵاڵی هەیە كە پێویستە پابهندبوانی ئەو ئایینانە رەچاوی بكەن، جەژنی سەری ساڵی ئێزیدیەكانیش حەڵاڵ و حەرامی تایبەت بەخۆی هەیە، كە بەپێی میتۆلۆژیای ئێزیدییەكان لەو رۆژەدا مەلیك تاوس هاتوەتە خوارێ و خێرو میهرەبانی بەسەردا باراندون.
حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك رێزێك لەو پێكهاتە ئاینییە ئەو رۆژەی كردۆتە پشوی فەرمی بۆ هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەمە یەكەمجارە جەژنی ئێزدییەكان لە وڵاتێك كە ئێزیدی تێدا دەژین ببێتە پشوی فەرمی.
نهێنی هێلكەی رەنگاوڕەنگ
یەكێك لەو خواردنانەی تایبەتە بەم جەژنە، ئامادەكردنی هێلكەی كوڵاو و رەنگكردنیەتی، بەوپێیەی هێلكە لای ئێزیدییەكان بەواتای خڕی زەوی دێت، چونكە زەوی لە شێوەی هێلكەدایە و ئەم جەژنە گرێدراوە بە سروشتو نوێبوونەوە. رەنگەكانییش واتای نەخشاندنی زەوی دێت لە بەهاردا، بەمەش پێشوازی لەسەری ساڵی ئێزیدییەكان دەكات.
جەژنی ئاوارەیی و سهردهمی كۆرۆنا
له نیسانی 2021دا، ئێزیدییهكان بۆ دووهمجار جهژنێكی تهواو جیاواز دهكهن، بێ قهرهباڵغی و ههریهك له ماڵی خۆیدا دهمێنێتهوه، لهبری ئهوهی له پهرستگا و شوێنه پیرۆزهكاندا كۆبنهوه.
له چوارچێوهی رێكارهكانی خۆپارێزی له كۆرۆنا، قهرهباڵغی و مهراسیمی ئایینی له پهرستگا و شوێنه ئایینییهكاندا قهدهغهكراوه.
ساڵی رابردوش بههۆی مهترسی كۆرۆناوه، تهواوی پهرستگا و شوێنه ئاینییهكان بهروی زیارهتكارانیاندا داخران، له نێویاندا لالش، لهگهڵ ئهوهشدا قهدهغهی هاتوچۆ بۆ ئۆتۆمبێل و پیادهڕۆ ههبوو.
جگه له كۆرۆنا، هێشتا زۆرێك له ئێزیدییهكان له ئاوارهیی و كهمپهكاندا دهژین، بههۆی وێرانكارییهكانی شهڕهوه بۆ ناوچه كۆنتڕۆڵكراوهكانی خۆیان نهگهڕاونهتهوه.
بەپێی ئامارهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان، ژمارەی شوێنكەوتوانی ئایینی ئێزیدی بە 550 هەزار كەس دەخەمڵێنرێن، لەو ژمارهیه هێشتا زیاتر له 200 ههزاریان لە كەمپی ئاوارەیدا بە چەرمەسەریی و كولەمەرگی دەژین و زیاتر لە 100 هەزاریان بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە، ئەوەش دوای هێرشی رێكخراوی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان لە قەزای شەنگالو دەوروبەری لە 3ی ئابی 2014.
لەو هێرشەدا شهش ههزار و 417 كچ و ژن و منداڵی ئێزدییان وەكو سەبایا – كەنیزەك بردن و بە سەدانی دیكە لە شەنگال كۆمەڵكوژكران.
بەوەش ژمارەیەكی زۆری ئێزدییەكان لە ئاوارەیی و غوربەت جەژنەكەیان دەكەنەوە، بەشێكی زۆر ئەوانەی لەسەر زێدی خۆیانن و ئاوارەنەبوون خەیاڵیان لای كەسوكارە ئاوارەكانیانن، بۆیە چوارشەممەی سور جەژنێكە لەگەڵ خۆشی و شادییەكانی، تاڵی غوربەتیشی تێكەوتووە.