زوبێری 9 ساڵ بۆچی كوژرا؟
(كه‌ركوك ناو) دانپێدانانی "بكوژه‌كه"‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

كه‌ركوك/ 12ی نیسانی 2021/ محنه‌ عه‌لی نفه‌یش وێنه‌یه‌كی زوبێر سامی ته‌مه‌ن 9 ساڵ له‌ مۆبایله‌كه‌یدا نیشانده‌دات فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

له‌ خۆشی پێدانی قوتوی به‌كارهێنراو و شمه‌كی فڕێدراو، زوبێر ده‌ستبه‌جێ به‌ قسه‌ی دراوسێیه‌كه‌یان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێت و ده‌چێته‌ ماڵه‌‌وه‌‌، دوای ماوه‌یه‌كی كەم ته‌نیا خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ به‌ ماتۆڕسكیل و كارتۆنێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌و كارتۆنه‌ گه‌وره‌یه‌، ته‌رمی زوبێر سامی ته‌مه‌ن 9 ساڵی تێدایه‌، زۆر دورناكه‌وێته‌وه‌ و هه‌ر له‌ نزیكی خۆیان، كارتۆنه‌كه‌ له‌ شوێنێكی كه‌ڵه‌كه‌بونی خۆڵ و خاشاك فڕێده‌دات.

ئه‌و ورده‌كارییانه‌ هه‌مووی لای پۆلیسه‌، به‌ كامێرای چاودێریی و پاڵپشت به‌ دانپێدانانی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی روداوه‌كه‌وه‌، له‌ شه‌و و رۆژێكدا توانییان بكوژی منداڵێكی دانیشتوی گه‌ڕه‌كی فه‌یله‌قی شاری كه‌ركوك ئاشكرابكه‌ن.

له‌رێگه‌ی كامێرای چاودێرییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت دراوسێیه‌كه‌مان زوبێر ده‌باته‌ ماڵه‌وه‌

بژێوی خێزانه‌كه‌یان له‌سه‌ر خۆڵ و خاشاكه‌، رۆژانه‌ زوبێر سامی و براكه‌ی كه‌ ‌سێ ساڵ له‌خۆی گه‌وره‌تره‌، له‌رێی قوتوی خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان و شمه‌كی فڕێدراو بژێوی خێزانه‌كه‌یان دابینده‌كرد.

"دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس ده‌ستده‌كات به‌ لێكۆڵینه‌وه‌، له‌رێگه‌ی كامێرای چاودێرییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، دراوسێیه‌كه‌مان دوای ماوه‌یه‌ك له‌وه‌ی زوبێر ده‌باته‌ ماڵه‌وه‌، به‌ ماتۆڕسكیل و كارتۆنێكه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ پشتی ماڵی خۆیان، ئه‌و كارتۆنه‌ فڕیده‌دات كه‌ ته‌رمی زوبێری تێدایه‌"، زیاد خه‌ڵه‌ف عه‌لی، مامی زوبێر بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

روداوه‌كه‌ شه‌ممه‌ 10ی نیسانی 2021 بووه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی فه‌یله‌ق (گه‌ڕه‌كی كوردستان) و ئه‌و رۆژه‌ زوبێر به‌جیا له‌ براكه‌ی كاتژمێر 7ی به‌یانی چۆته‌ ده‌ره‌وه‌.

zwberr
كه‌ركوك/ 12ی نیسانی 2021/ شوێنی فڕێدانی ته‌رمی زوبێر سامی له‌ گه‌ڕه‌كی فه‌یله‌ق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"ئه‌و رۆژه‌ زوبێر بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، كات گه‌یشته‌ نزیكی شه‌شی ئێواره‌ هه‌ر ده‌نگی نه‌بوو، بۆیه‌ پۆلیسمان ئاگاداركرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌شدا به‌دویدا گه‌ڕاین و هه‌ر نه‌ماندۆزییه‌وه‌" به‌وته‌ی محنه‌ عه‌لی نفه‌یش، نه‌نكی زوبێر بۆ (كه‌ركوك ناو).

به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانی پۆلیسی كه‌ركوك، ئه‌وكاته‌ی زوبێر له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كیاندا قسه‌ ده‌كات و دواتر له‌گه‌ڵیدا ده‌چێته‌ ماڵه‌‌وه‌.

"ئه‌و دراوسێیه به‌ زوبێری وتووه‌ قوتو و شمه‌كی به‌كارهێنراوت پێده‌دەم، بۆیه‌ ئه‌ویش چۆته‌ ژوره‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا، له‌وێ ویستویه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی بكاته‌ سه‌ر زوبێر، به‌ڵام به‌رگری له‌خۆی كردووه‌ و قایل نه‌بووه‌"، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری پۆلیس وای وت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت پاڵپشت به‌ كامێرای چاودێری گه‌ڕه‌ك و ماڵه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ توانیویانه‌ بگه‌ن به‌ تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی روداوه‌كه‌ و له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێردا ده‌ستگیری بكه‌ن، كه‌ دواتر له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا "دانی به‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌".

"دوای ئه‌وه‌ی زوبێر به‌ داواكه‌ی قایل نابێت، تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ ده‌یكوژێت، دواتر ته‌رمه‌كه‌ی ده‌كاته‌ كارتۆنێكی گه‌وره‌وه‌ و به‌ ماتۆڕسكیلی سێ تایه‌ ده‌یباته‌ ده‌ره‌وه‌، تا له‌ نزیكی ماڵی خۆیان فڕێیداته‌ سه‌ر خۆڵ و خاشاك"، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌.

ده‌موچاوی هه‌مووی ته‌قی بوو، خوێنی زۆری پێوه‌بوو و به‌ جلوبه‌رگه‌كانیدا ناسیمانه‌وه

 تۆمه‌تباره‌كه‌ (ئ، ح – 35 ساڵ) له‌گه‌ڵ ماڵی زوبێردا ته‌نیا ماڵێكیان به‌ینه‌‌، خێزانداره‌ و باوكی دوو منداڵه‌.

"كاتژمێر 10ی شه‌وی شه‌ممه‌ بوو، ئاگاداركراینه‌وه‌ ته‌رمی منداڵێك له‌ پزیشكی دادوه‌رییه‌، له‌گه‌ڵ دایكی زوبێر رۆیشتین، لەبەرئەوەی ده‌موچاوی هه‌مووی ته‌قی بوو، خوێنی زۆری پێوه‌بوو، به‌ جلوبه‌رگه‌كانیدا ناسیمانه‌وه‌"، محنه‌ نفه‌یش واده‌ڵێت.

به‌وته‌ی نه‌نكی زوبێر، ته‌نانه‌ت دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ش بۆ ماڵه‌وه‌، شۆردن و به‌ خاكسپاردنی ئه‌و دراوسێیه‌یان له‌وێ بووه‌.

"تاوانباره‌كه‌ له‌وێ بوو، خێزان و منداڵه‌كانی ده‌گریان به‌ڵام ئه‌و بێ ئه‌وه‌ی هیچی پێوه‌دیاربێت هاتوچۆی ده‌كرد، ئه‌وكات نه‌مانده‌زانی ئه‌و زوبێری كوشتووه‌، دواتر بۆمانده‌ركه‌وت به‌ر له‌ تاوانه‌كه‌ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی له‌ ماڵ نه‌بون، به‌ڵكو له‌ ماڵی باوكیان بون و ته‌نیا بووه‌‌".

zwber (2)
كه‌ركوك/ 12ی نیسانی 2021/ كه‌سوكاری زوبێر داوای له‌سێداره‌دانی بكوژه‌كه‌ ده‌كه‌ن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

خێزانه‌كه‌ی زوبێر له‌گه‌ڵ نه‌نكی و مامیدا له‌ خانویه‌كی كرێدا ده‌ژین، باوكی هه‌شت ساڵه‌ به‌هۆی كێشه‌ی زه‌ویی و زاره‌وه‌ زیندانییه‌، ئه‌و سێیه‌م منداڵی خێزانه‌كه‌یه‌تی، دوو خوشك و برایه‌كی تریشی هه‌یه‌.

چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ گوندی حه‌وائیج-ی ناحیه‌ی عه‌باسی قه‌زای حه‌ویجه‌وه‌ ئاواره‌ی كه‌مپی نه‌زراوه‌ بون، تا له‌ 2019دا كه‌مپه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵن و ده‌چنه‌ گه‌ڕه‌كی فه‌یله‌ق.

"له‌گه‌ڵ برا گه‌وره‌كه‌یدا، رۆژانه‌ هه‌ریه‌كێكیان بایی چوار هه‌زار دینار قوتو و شمه‌كی به‌كارهێنراویان له‌ نێو خۆڵ و خاشاكدا كۆده‌كرده‌وه‌، ئه‌و پاره‌یه‌یان ده‌دایه‌ ده‌ستی دایكیان و به‌وه‌ بژێوی خۆیان دابینده‌كرد"، به‌وته‌ی مامی زوبێر.

به‌پێی یاسای كاری عیراق، كاركردن به‌ منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵ قه‌ده‌غه‌یه‌ و سزای له‌سه‌ره، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ ساڵانی رابردودا چه‌ندین روداوی توندوتیژیی جیاواز دژی ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، تۆماركراون.

"ته‌نیا داواكاری ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ داوا له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌كه‌ین تاوانباره‌كه‌ لە سێدارە بدرێت"، زیاد خه‌ڵه‌ف، مامی زوبێر به‌ نوێنه‌رایه‌تی خانه‌واده‌كه‌ وای وت.

تائێستا به‌پێی یاسای سزادانی عیراق، حوكمی له‌سێداره‌دان كاری پێده‌كرێت و جێبه‌جێده‌كرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT