پیاوێكی 67 ساڵ برینداربووە
دوو كاتیۆشا ئاراستەی قەزای كفری دەكرێن

كفری/ 18ی نیسانی 2021/ لە ئەنجامی ئاراستەكردنی دوو كاتیۆشا، كەسێك برینداربوو. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

لەیلا ئەحمەد – كفری

دوو كاتیۆشا ئاراستەی ناوەندی قەزای كفری كران لە سنوری گەرمیان و یەكێكیان لە ماڵێكدا كەوتۆتەوە و بەهۆیەوە كەسێك برینداربووە، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە لە پۆلیس و ئاسایشی كفری بۆ (كەركوك ناو).

ئەو رووداوە كاتژمێر 7ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی نیسان بوو، گولـلە كاتیۆشاكان لە ناوەندی كفری كەوتونەتە خوارەوە.

سەرچاوەكەی پۆلیس كە ئامادەنەبوو ناوی ئاشكرابكرێت، وتی "دوو گولـلە كاتیۆشا بون، یەكێكیان لە ماڵی هاوڵاتییەكدا كەوتۆتە خوارەوە لە گەڕەكی ئیمام  محەمەد، كە تەنیا خۆی لەو ماڵەدا ژیاوە و بەهۆیەوە برینداربووە، ئەوەی تریش لەناو بازاڕی كفری كەوتۆتە خوارەوە بەڵام زیانی نەبووە".

وتیشی "هێشتا نازانین كێن ئەوانەی بەم كارە هەستاون و لە كوێوە گولـلە كاتیۆشاكانیان ئاراستەی قەزای كفری كردووە، لێكۆڵینەوەكانمان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی تر بەردەوامە بۆ زانینی چۆنیەتی ئەو روداوە".

ئەو پیاوەی برینداربووە، خاوەن پێداویستی تایبەتە و 67 ساڵە و بە تەنیا لەو ماڵەدا دەژیت. بەوتەی سەرچاوەكەی پۆلیس.

kfre..
كفری/ 18ی نیسانی 2021/ ماڵی هاوڵاتییەك لە گەڕەكی ئیمام محەمەد، شوێنەواری یەكێك لە دوو كاتیۆشاكان. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاسایشی كفری بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە كە هێشتا لە لێكۆڵینەوەدان و هیچ زانیارییەكیان لەسەر ئەو كەس و گروپە نییە كە بەو كارە هەستاون.

قەزای كفری یەكێكە لة ناوچەكانی جێناكۆك بەپێی دەستوری عیراق، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی.

لە شه‌وی 14ی نیسانی 2021یش به‌هۆی بۆردومانی سەربازگەیەكی توركیا له‌ ناحیه‌ی زێلكان سه‌ر به‌ قه‌زای شێخانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، موشه‌ك به‌ر ماڵی هاوڵاتییه‌ك كەوتوو و دوو كچی مێردمنداڵ برینداربون.

ئه‌و بنكه‌یه‌ هاوسنور و نزیكه‌ له‌ ناحیه‌ی باشیكه‌وه‌ و له‌ زۆر شوێنیشدا وه‌ك بنكه‌ی سه‌ربازی باشیك ده‌ناسرێت.

لە هەمان شەودا، موشه‌كێك له‌ نێو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر كەوتە خوارەوە و بنكه‌یه‌كی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیش له‌ نه‌ینه‌وا بۆردومانكرا.

لەپاڵ ئیدانەكردنی ئەو هێرشانە لەلایەن هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، هەردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق و هەرێم، له‌به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا جه‌ختیانكردەوە له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی هه‌ردوو هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر و سه‌ربازگه‌كه‌ی توركیا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT