حەشدی شەعبی سەرەكیترین شەقامی شنگال بە ناوی ئەبو مەهدی موهەندیسەوە دەكات

شنگال/ نیسانی 2021/ وێنەی ئەبو مەهدی موهەندیس لە ناوەندی قەزاكە و ناونانی شەقامێكی سەرەكی بەناوی ئەوەوە. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو

هێزەكانی حەشدی شەعبی، شەقامێكی شنگال بەناوی ئەبو مەهدی موهەندیس-ەوە دەكەن و وێنەی ناوبراو لە ناوەڕاستی شەقامەكەدا دادەنێن، ئەوەش گواستنەوەی سیناریۆی هاوشێوەی چەند ناوچەیەكی تری جێناكۆكە بۆ ئەو قەزایە.

ناونانی ئەو شەقامە و دانانی وێنەكە بۆ مانگێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەوەش لەلایەن لیوای سێی حەشدی شەعبی عیراقەوە كراوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ شارەوانی كە دەسەڵاتی یەكەمی هەیە لەو پرسەدا.

ناتق ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "شەقامەكە دەكەوێتە ناوەندی شنگال و سەرەكیترین شەقامە، حەشدی شەعبی ناوەكەیان كردوە بە شەقامی ئەبو مەهدی موهەندیس و وێنەیەكی ناوبراویان لێداناوە".

ئەبو مەهدی موهەندیس، لە سەرەتای 2020و لە بۆردومانێکی ئەمریکادا لە بەغدا و لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران کوژران، ئەوكات ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عیراق بوو.

وتەبێژی پۆلیس وتی "ئەو شەقامە پێشتر هیچ ناوێكی نەبووە، بەڵام بە شەقامی نەخۆشخانەی گشتی، یان شەقامی لقی پارتی بەناوبانگ بوو، چونكە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەو شەقامە بوو، ئێستا هەمان بارەگا هێزەكانی حەشدی شەعبی لێی جێگیرن".

مەروان خەلەف، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانی شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "حەشدی شەعبی هیچ پرسێكیان بە ئێمە نەكردووە، ئێمەش ئەو ناوەمان قبوڵنەكردووە... رەنگە لەسەر ئەم كارەیان قسەیان لەگەڵدا بكەین، بەڵام لەمكاتەدا نامانەوێت هیچ کۆمێنتێک لەسەر ئەو كارەی حەشدی شەعبی بدەین".

حەشدی شەعبی هیچ پرسێكیان بە ئێمە نەكردووە، ئێمەش ئەو ناوەمان قبوڵنەكردووە

ناونانی ئەو شەقامە بە سەركردەیەكی حەشدی شەعبی، هاوكاتە لەگەڵ ناكۆكی بەردەوامی سوپای عیراق و هێزه‌كانی ئاسایشی ئێزیدیخان – بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتبار دەكرێن- لەسەر گرتنەدەستی ئەمنیەتی ناوەندی قەزاكە.

سوپای عیراق داوادەكات ئاسایشی ئێزیدخان ناوه‌ندی شنگال به‌جێبهێڵن تا خۆیان شوێنەكانیان بگرنەوە، ئەگەرنا هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزیان كردووە، هەرچی ئاسایشی ئێزیدخانە تائێستا ئامادەی جێبەجێكردنی ئەو داوایە نین، ئەوەش ناكۆكییەكانی قوڵتر كردۆتەوە.

ناونانی شەقام و گەڕەك بە سەركردە سیاسیی و سەربازییەكان یان دانانی وێنەكانیان، مێژوویەكی كۆنی لە عیراقدا هەیە و لە دوای ساڵی 2003و روخانی رژێمی بەعس، لە ناوچەكانی جێناكۆك بەردەوامی پێدراوە.

ساڵی رابردوو (كەركوك ناو)، لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە كە شەقامەكانی داقوق لە پارێزگای كەركوك بە وێنەی بەشێك لە سیاسیی و سەربازییەكان تەنراون. لەكاتێكدا قەزاكە كێشەی ئەمنیەت و خزمەتگوزاری هەیە.

wene
وێنەی چەند سەركردەیەكی سەربازیی و حزبی لە قەزای داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

لە داقوق و لە مانگی ئابی رابردوو پەردە لەسەر وێنەی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشوی بەرەی توركمانی  لادرا و لەژێر وێنەكەدا نوسراوە "داقوق بەخێرهاتنتان دەكات"، ئەوەش لەپاڵ بونی وێنەكانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، هادی عامری، ئەمینداری رێكخراوی بەدر، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان، عەلی خامنەئی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران. هەروەها لەگەڵ بونی وێنەی قاسم سولەیمانی ئەبو مەهدی موهەندیس.

بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەش كاتێك هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم ئەمنیەتی ناوچەكانی جێناكۆكیان بەدەست بوو، هەردوو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی شەقام و كۆڵانەكانیان بە وێنەی سەركردە سیاسیی و سەربازییەكانیان تەنیبوو، لەكاتێكدا ناونانی شەقامەكان لە دەسەڵاتی شارەوانیدایە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT