وردەكاریی هێرشی داعش لە كەركوك
پێنج خۆكوژ بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكە ئامادەكرابون

كەركوك/4ی كانونی یەكەمی 2020/ داخستنی رێگای كەركوك – بەغدا بەهۆی بونی ئۆتۆمبێلێكی گومانلێكراو فۆتۆ: كەركوك ناو

گۆران بابان - كەركوك

هێزە ئەمنییەكانی كەركوك ئاشكرایدەكەن چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) پیلانیان هەبووە لەڕێی پێنج خۆكوژەوە هێرش و تەقینەوە دژی چەند دامودەزگایەكی شارەكە ئەنجامبدەن لە مانگی رەمەزاندا. ئەمڕۆ پێنجشەممە یەكێك لەو خۆكوژانە بەر لە جێبەجێكردنی پیلانەكەی كوژرا و یەكێكی تریشیان دەستگیركرا، ئەوەش بەپێی وتەی فەرماندەیەك لە ئاسایشی نیشتیمانیی كەركوك.

كاتژمێر 8:45ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی نیسان، خۆكوژێك بە پشتێنی بۆمبڕێژكراوەوە بەرلەوەی بچێتە ناو دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی كەركوك تەقەی لێكرا و كوژرا، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ دەستگیركردنی خۆكوژێكی تر لە بازگەی باشوری شارەكە.

فەرماندەیەك لە ئاسایشی نیشتیمانیی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "زانیاریی پێشوەختەمان لەسەر هەردوو خۆكوژەكە هەبوو، بۆیە بەرلەوەی پیلانەكانیان جێبەجێبكەن توانیمان شكستیانپێبهێنن". جەختیشیكردەوە "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە داعش سێ خۆكوژی تری رەوانەی ناو شاری كەركوك كردووە بۆ هێرش و خۆتەقاندنەوە و لە ئێستادا بەدوایاندا دەگەڕێین".

ئەو خۆكوژەی لەبەردەم بارەگای ئاسایشی نیشتیمانیی كەركوك بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكەی تەقەی لێكراو كوژرا، تەرمەكەی نەشێوابوو، ئەوەش یارمەتیدەر بوو بۆ دۆزینەوەی ناسنامەكەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكان، خۆكوژەكە خەڵكی گوندێكی دەوروبەری پارێزگای كەركوكە و ساڵانێكە پەیوەندی بە (داعش)ەوە كردووە.

xokuzh-1
كەركوك/ 29ی نیسانی 2021/ شوێنی كوشتنی خۆكوژێك كە بەنیازبوو هێرشبكاتە سەر ئاسایشی نیشتیمانیی. فۆتۆ: كەركوك ناو

سەرچاوەكە وتی "خۆكوژەكە دشداشەی لەبەردابووە، جگە لە پشتێنی بۆمبڕێژكراو چەكێكی جۆری كڵاشینكۆفی پێبووە و ئامانجی ئەوە بوو لە پەرژینی پشتەوەی بارەگای ئاسایشی نیشتیمانیی بچێتە ژورەوە، چونكە ئەو شوێنە دیوارەكەی نزمە و دەتوانێت بە ئاسانی بەسەریدا سەربكەوێت، بەڵام ئێمە زانیاری پێشوەختەمان لەسەری هەبووە، بۆیە نەهێڵدرا كارەكەی جێبەجێ بكات و تەقەمان لێكرد".

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی كەركوك دەكەوێتە نزیك ژوری بارزگانی و گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لە ناوەندی شار، دەزگاكە ژمارەیەك دەستگیركراوی تیایە كە تۆمەتبارن بە تیرۆر و بازرگانیكردن بە گورچیلەی هاوڵاتیانەوە.

سەرچاوەكە جەختیكردەوە، ئەو خۆكوژەی لە بازگەی باشوریش دەستگیركرا، بەنیاز بووە دەزگایەكی ئەمنی كەركوك بكاتە ئامانج.

دوای روداوەكە، هێزە ئەمنییەكان لەچەند شوێنێكی ناو شار بڵاوەیانپێكرا و دەزگای هەواڵگری كەركوك داخرا.

"پێنج خۆكوژ لەناو پیلانەكەدابون، بۆ بە ئامانجگرتنی دادگا، ئاسایشی نیشتیمانی و دەزگای هەواڵگری، لەئێستادا هێزەكان بەدوای سێ خۆكوژەكەی تردا دەگەڕێن كە پێدەچێت دوای شكستهێنانی هەنگاوی یەكەمی داعش، پیلانەكەیان بگۆڕن"، زیاتر وتی "هۆکاری ئەو پیلانەی داعش پێدەچێت وەك وەڵامێك بێت بۆ هێزە ئەمنییەكانی كەركوك كە لەماوەكانی رابردودا توانیمان لەیەككاتدا حەوت چەكدارو لێپرسراوی باڵای ئەو رێكخراوە لەناو شار و دەوروبەری دەستگیربكەین و بەشێكی زۆری پیلان و رێكخستنەكانیان ئاشكرابكەین".

پێنج خۆكوژ لەناو پیلانەكەدابون، بۆ بە ئامانجگرتنی دادگا، ئاسایشی نیشتیمانی و دەزگای هەواڵگری، لەئێستادا هێزەكان بەدوای سێ خۆكوژەكەی تردا دەگەڕێن

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، لەم مانگەدا چه‌ندین كه‌س به‌ تۆمه‌تی تیرۆر و په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، کە لەنێویاندا ئەمیری داعش هەیە، تەنیا لە 6ی نیسانی 2021یشدا له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ لە باشوری كەركوك دوو لێپرسراوی ئەو رێكخراوە دەستگیركران و درانە دادگا.

لە 5ی نیسانی 2021دا، نوسراوێك بەناوی فه‌رمانده‌یی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌، ئاراسته‌ی هێزه‌ جیاوازه‌كانی شار كراو تیایدا ئاماژه‌ به‌دزه‌كردنی "14 چه‌كداری داعش" بۆ شاره‌كه‌ ده‌كات، پاڵپشت به‌ زانیاری هه‌واڵگری.

له‌و نوسراوه‌دا، كه‌ (كه‌ركوك ناو) له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ته‌ئكیدی له‌ راستییه‌كه‌ی كرده‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ چه‌كداره‌كان به‌هۆی ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگری پڕ له‌ بلۆكه‌وه‌ دزه‌یانكردووه‌، له‌ ناوچه‌ی شه‌ریكه‌ تاریقه‌وه‌ بۆردومان ده‌ستپێده‌كه‌ن، وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر زیندانی ته‌سفیراتی كه‌ركوك و باڵه‌خانه‌ی دادگا، له‌ڕێی خۆكوژه‌وه‌.

فەرماندەكەی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی كەركوك، لەبارەی وەڵامدانەوەیان بۆ ئەو پیلانانە، وتی "هێزەكانمان بەسەر دامەزراوە ئەمنییەكان و دادگادا دابەشكردووە و جێگیربون، زانیاریمان هەیە سێ خۆكوژی تر لەناو شاردا و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT