لە بێحكومەتیدا، حەشدی شەعبی لە شنگال بوە بە حکومەت

شنگال/ 24ی نیسانی 2021/ حەشدی شەعبی دەستان بە پاككردنەوەی خانووە روخاوەكان كرد فۆتۆ: تایەبت بە (كەركوك ناو)

عەمار عەزیز

هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستیانكردووە بە پاككردنەوەی خانووە روخاوەكانی شنگال و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا نۆەژنیانبكەنەوە، ئەو كارە هاوڵاتیانی قەزاكەی بەسەر دوو بەرەی دژ و تەبادا دابەشكردووە و شارەوانیش بێدەنگی هەڵبژاردووە.

ئەو هەنگاوەی حەشدی شەعبی 23ی نیسان دەستیپێكردووە و خۆی لە سێ قۆناغدا دەبینێتەوە: پاككردنەوەی تەواوی شار لە پاشماوەی جەنگ و خانووە روخاوەكان، چاككردنەوەی رێگاوبانەكانی ناو قەزاكە و دواتر نۆژەنكردنەوەی خانوی هاوڵاتیان، ئەوەش ئەگەر هاوڵاتیان لەڕێی پڕكردنەوەی فۆرمێكەوە رەزامەندی نیشانبدەن.

مەڕوان کەمال، نوێنەری فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئامانجمان خزمەتكردنە، دەمانەوێت خانووە روخاوەكان بۆ هاوڵاتیان نۆژەنبكەینەوە و سیمای شار و رێگاوبانەكان چاكبكەینەوە و هیچ ئامانجێكی ترمان نییە".

"كارەکەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ تەواوی دامودەزگاكانی حكومەت دەبێت، پێش چاككردنەوەی خانوی هەر هاوڵاتییەك، دەبێت خاوەنەكەی لەڕێی فۆرمێكەوە رەزامەندی نیشان بدات و واژۆی بكات، ئەگینا دەستكاریی خانووەكەی ناكەین، لە ماوەی هەفتەیەكدا 30 كەس رەزامەندییان نیشانداوە".

پێش چاككردنەوەی خانوی هەر هاوڵاتییەك، دەبێت خاوەنەكەی لەڕێی فۆرمێكەوە رەزامەندی نیشان بدات و واژۆی بكات

ئەو وتی، "لە قۆناغی دووەمدا، تەواوی رێگاوبانەكانی ناو شار چاكدەكەینەوە و قۆناغی سێیەمیش خانووەكانی هاوڵاتیان نۆژەندەكەینەوە. هەموو ئەمانە لەسەر بودجەی گشتی دەستەی حەشدی شەعبییە و هیچ مەرج و داواكارییەكمان لە خەڵك نییە". لەگەڵئەوەشدا جەختیكردەوە لەوەی لە هەوڵداین بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبونیش.

نوێنەری حەشدی شەعبی لە شنگال بۆ ئەو پڕۆژانەیان وتی هەمئاهەنگییان لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەتدا كردووە، بەڵام چەند لێپرسراوێك لە شارەوانی شنگال لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە جەختیانكردەوە لەوەی هیچ هەماهەنگییان نییە و پرس و رایان پێنەكراوە. تەنانەت سەرۆكی شارەوانی وتی "هیچ نوسراوێكیشمان لە حكومەتی خۆجێی نەینەواوە پێنەگەیشتووە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی".

shngal.hashd
شنگال/ 24ی نیسانی 2021/ حەشدی شەعبی دەستان بە پاككردنەوەی خانووە روخاوەكان كرد فۆتۆ: تایەبت بە (كەركوك ناو)

مەڕوان کەمال، نوێنەری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە شنگال وتی "ئەم كارانەمان تازە نین، پێشتریش لە موسڵ و ناوچەكانی تری نەینەوا كارمان كردووە و بۆ ئەوەش لەگەڵ نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا کۆبونەوەمان کردووە و مۆڵەتمان وەرگرتووە".

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی عیراق، لەسەدا 85ی شنگال وێرانەیە و زۆرینەیان خانوی هاوڵاتیان بون، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی داعشدا.

هاوكات هێشتا زیاتر لە 200 هەزار ئێزیدی ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، كە زۆرینەیان خەڵكی شنگالن، ئەوەش بەپێی ئامارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەو كارەی حەشدی شەعبی ئێزیدییەكانی شنگالی بەسەر دوو بەرەدا دابەشكردووە. هەندێكیان بە گومانەوە لێی دەڕوانن و بەشێكیشیان قایلن.

خەیری ئیبراهیم عیدۆ، نزیکەی حەوت ساڵە لە کۆمەڵگەی خانکێ سەر بە دهۆک دەژیت و ئاوارەیە، یەكێكە لەو كەسانەی خانووەكەی لە شەڕی داعشدا لەگەڵ زەویدا تەخت بووە، بەڵام وتی "قبوڵناکەین حەشدی شەعبی خانوەکانمان پاکبکاتەوە، چونکە ئامانجی سیاسییان هەیە و ئەوان حزبێكی سیاسین". زیاتر وتی "تەنیا دەمانەوێت لەڕێی حكومەتەوە خانووەكانمان نۆژەنبكرێنەوە".

تەنیا دەمانەوێت لەڕێی حكومەتەوە خانووەكانمان نۆژەنبكرێنەوە

شنگال بە ناكۆكییەكی توندی هێزە سیاسیی و گروپە چەكدارییەكاندا تێپەڕدەبێت، بەهۆیەوە هێشتا دەستی هاوكاریی حكومەتی عیراق بە تەواوی بە ناوچەكە نەگەیشتووە.

ئەو هەوڵەی حەشدی شەعبی، هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی پڕۆژەی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە مرۆییەكان بۆ شنگال، لە نێویاندا نۆژەنكردنەوەی خانوی سەدان هاوڵاتی ناوچەكە.

"ساڵێک لەمەوبەر حكومەت مامەڵەی نۆژەنكردنەوەی خانووەكانی لێوەرگرتین، بەڵام هیچ هاوكاریمان ناكەن و هەر قسەیە"، خەیری ئیبراهیم وای وت.

فەیسەڵ عیدۆ، خەڵکی ناحیەی گرعوزێرە لە شنگال، وتی "من ئامادەم هەر لایەنێك بێت خانووەكەم بۆ نۆژەنبكاتەوە، كێ هاوكاری شنگالییەكان دەكات سوپاسیان دەكەین، بەڵام بە مەرجێک ئامانجی سیاسی نەبێت و دوای تەواوبونی کارەکەیان بە خەڵک نەڵێن ئێمە ئەوەمان بۆ کردون دەبێت ئێوەش پشتگیری ئێمە بکەن".

ئەو زیاتر وتی "كێ دەیەوێت خانووەكەم پاكبكاتەوە و نۆژەنیبكاتەوە قبوڵمە، پێشتریش ئەو هێزانەی لە شنگالن، کۆمەڵێک ئیشی باشیان بۆ خەڵک کردووە، ئێمە ناتوانین هەر چاوەڕێی حکومەت بكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT