ده‌رباره‌ی مردوانی كۆرۆنا
ته‌ندروستی كه‌ركوك و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ژماره‌ی جیاواز بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

كه‌ركوك/ 2021/ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌ توشبوانی كۆرۆنا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ته‌ندروستی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ته‌نیا له‌ چوار رۆژدا، 22 هاوڵاتی توشبوی كۆرۆنا له‌ كه‌ركوك گیانیانله‌ده‌ستداوه‌، ئه‌وه‌ش دوو هێنده‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراقه‌، كه‌ ژماره‌ی مردوانی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ 10 هاوڵاتی داده‌نێت.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، رۆژانه‌ له‌رێی په‌یجی ره‌سمییه‌وه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ئاماری توشبوان و مردوانی كۆرۆنا له‌ ته‌واوی پارێزگاكانی عیراقدا بڵاوده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ئاماره‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌كانی ته‌ندروستی گشتی كه‌ركوك جیاوازن.

نه‌بیل حه‌مدی بوشناق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ هه‌ینی تا دووشه‌ممه‌، واته‌ له‌ چوار رۆژدا 22 هاوڵاتی هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیانله‌ده‌ستداوه‌".

ئه‌و ژماره‌كان به‌ زۆر وه‌سفده‌كات و ده‌ڵێت هۆكاره‌كه‌ی پابه‌ندنه‌بونی هاوڵاتیان و تێكه‌ڵاوی خه‌ڵكه‌ له‌ شوینه‌ گشتییه‌كاندا.

به‌پێی ئاماره‌كانی ته‌ندروستی كه‌ركوك، هه‌ینی 30ی نیسان دوو هاوڵاتی له‌ كه‌ركوك به‌ كۆرۆنا گیانیانله‌ده‌ستداوه‌، شه‌ممه‌ نۆ هاوڵاتی، یه‌كشه‌ممه‌ هه‌شت هاوڵاتی و دووشه‌ممه‌ 3ی ئایاریش سێ هاوڵاتی توشبوی كۆرۆنا گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و كۆی مردوانی ئه‌و چوار رۆژه‌ 22 كه‌سن.

له‌كاتێكدا به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق بڵاویده‌كاته‌وه‌ له‌ چوار رۆژدا له‌ كه‌ركوك ته‌نیا 10 هاوڵاتی له‌ كه‌ركوك گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

له‌ ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا هاتووه‌ هه‌ینی 30ی نیسان ته‌نیا یه‌ك هاوڵاتی مردووه‌، شه‌ممه‌ سێ هاوڵاتی، یه‌كشه‌ممه‌ سێ هاوڵاتی و دووشه‌ممه‌ سێ هاوڵاتی گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

ته‌ندروستی كه‌ركوك كه‌ رۆژانه‌ دوایین زانیارییه‌كان له‌سه‌ر ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا و چاكبونه‌وه‌ و مردوان ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كات هیچ رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر جیاوازیی ژماره‌كان نه‌دا.

نه‌بیل بوشناق داوای له‌ هاوڵاتیان كرد له‌ پێناو به‌رزنه‌بونه‌وه‌ی زیاتری ژماره‌ی قوربانیانی كۆرۆنادا پابه‌ندی رێنماییه‌كان ببن و ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌ربگرن.

كۆی توشبوانی كۆرۆنا له‌ كه‌ركوك گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی 43 هه‌زار كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ 40 هه‌زاریان چاكبونه‌ته‌وه‌ و 905 كه‌سیش گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT