زەیتی زەیتونی پێویست بۆ روناككردنەوەی پەرستگای لالش بەرهەم نەهات

شێخان/ نیسانی 2019/ مه‌راسیمی ده‌رهێنانی زه‌یتی زه‌یتون له‌ په‌رستگای لالش فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز

مەراسیمی هەڵگرتنی زەیتی زەیتون بۆ پەرستگای لالش تەنیا دوو رۆژ بەردەوام بوو، كە ئامانج لێی هەڵگرتنی زەیتی زەیتونی پێویستە بۆ روناككردنەوەی پەرستگاكە لە تەواوی ساڵەكەدا و بڕی پێویستیش بەرهەم نەهات.

هەموو ساڵێك لە مانگی نیسان یان ئایاردا، سەدان ئێزیدیی بە شێوەی هەرەوەزی ئەو مەراسیمە رێكدەخەن و شەش رۆژ بەردەوامدەبێت.

بۆ ئەمساڵ مەراسیمەكە لە دوو رۆژدا تەواوكرا و ژمارەی بەشداربووانیش كەمكرایەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی رێنماییە تەندروستییەكان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەك لوقمان مەحمود، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە پەرستگای لالش بە (کەرکوک ناو)ی وت.

ئەو زیاتر وتی "هەفتەی رابردوو لە ماوەی دوو رۆژدا كۆتاییمان بە مەراسیمەكە هێنا، بەڵام ئەمساڵ بڕێكی زۆر كەمتر زەیتی زەیتونمان پاشەكەوت كرد كە بەشی هەموو ساڵەكە ناكات بۆ روناككردنەوەی ناو پەرستگاكە".

lalshsh
شێخان/ ئایاری 2021/ پەرستگای لالش لەكاتی بەڕێوەچونی مەراسیمی دەرهێنانی زەیتی زەیتون. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەو جەختیكردەوە "بۆ ئەمساڵ تەنیا توانرا لەسەدا 40ی زەیتی پێویست بۆ روناككردنەوی پەرستگاكە هەڵبگیرێت و لەگەڵ تەواوبونی ئەو بڕەشدا دەبێت لە شوێنی ترەوە زەیتی زەیتونی بۆ بهێنین... ئەمساڵ هەم زەیتون كەم بوو، هەم مەراسیمەكەش لەبەر كۆرۆنا فراوان نەبوو".

ئەو زەیتە بۆ چرای ناو پەرستگاكە بەكاردەهێنرێت، كە ژمارەیان 366 چرایە هاوشێوەی رۆژەكانی ساڵ، تاوەكو بەردەوام ناو پەرستگاكە روناك بێت.

ساڵانە ئەو ژن و پیاوانە سەرپەرشتی مەراسیمەكە دەكەن كە ئەزمونیان لەو كارەدا هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT