وەزارەتی نەوتی عیراق و كۆمپانیای نەوتی باكور كوژاندنەوەی ئەو بیرە نەوتەی تریان راگەیاند كە 5ی ئایاری 2021 لە هێرشێكی چەكدارانی داعش تەقێنرایەوە، بەڵام نۆژەنكردنەوەی بەپێی سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور لانیكەم 20 رۆژی تری پێدەچێت.
لەو هێرشەی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) بۆ سەر كێڵگەی نەوتی بای حەسەن لە گوندی عهزیزییەی قەزای دوبز لە خۆرئاوای كەركوك، دوو بیرە نەوت تەقێنرانەوە و پۆلیسیێكی پاراستنی بیرە نەوتییەكانیش كوژرا و دووانی تر برینداربون.
سەرچاوەیەكی لە كۆمپانیای نەوتی باكور بە (كەركوك ناو)ی وت "هەمان رۆژ ئاگری بیرە نەوتی ژمارە 177 كوژێنرایەوە و دوای چوار رۆژ و لە 9ی ئایاری ئاگری بیرە نەوتی ژمارە 183یش كۆنترۆڵكرایەوە".
نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی نەوت، هەر دوێنێ یەكشەممە 9ی ئایار لە راگەیەنراوێكدا كۆنترۆڵكردنی ئاگری دواین بیرە نەوتی كێڵگەی بای حەسەنی راگەیاند و جەختیكردەوە "لەلایەن تیرۆریستانەوە كرابووە ئامانج".
بەپێی كۆمپانیای نەوتی باكور، كە لەڕێی سەرچاوەیەكەوە قسەیان بۆ (كەركوك ناو)، كردووە، "جۆری نەوتی ئەو بیرە نەوتی سوكە و تێکەڵ بە بەرهەمی کێڵگەکانی دیکە دەکرێت، بەشی ناوخۆی لێ رادەكێشرێت و ئەوەی دیكە هەناردەی دەرەوە دەكرێت"، زیاتر وتی "تەنیا لە چوار رۆژدا تەقاندنەوەی ئەو دوو بیرە نەوتە زیانی 300 هەزار دۆلاریان هەبووە، چونكە لە چوار رۆژدا 5000 هەزار بەرمیل نەوتی لێوە هەناردە دەكرا".
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی سەرچاوەكە "نۆژەنكردنەوە ئەو بیرە نەوتانە و ئامادەكردنیان بۆ دەرهێنانەوەی نەوت لانیكەم 20 رۆژی تری پێدەچێت".
كۆنترۆڵكردنەوەی ئاگری ئەو بیرە نەوتانە بە هەوڵی کارمەندانی خانەنیشنی كۆمپانیای نەوتی باكور بووە، وەك سەرچاوەكە وتی "ئەوان ئەزمونیان هەیە و هەركاتێك داوای هاوكارییان لێبكەین ئامادەن... بەهیچ شێوەیەك ئەمجارە پەنامان بۆ كۆمپانیای بیانی نەبرد".
لە 9ی كانونی یەكەمی 2020یش چەكدارانی داعش دوو بیرە نەوتی تریان لە كێڵگەی نەوتی خەبازە لە خۆرئاوای كەركوك بە بۆمبی چێنراو تەقاندەوە و بەهۆیەوە دوای نزیكەی مانگێك كاری نۆژەنكردنەوەیان تەواو بوو. كە زیانەكانی تەقاندنەوەی ئەو دوو بیرە نەوتە بە نزیكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار خەمڵێنرا.