له‌ناوبردنی چالاكوان و رۆژنامه‌نوسان به‌رده‌وامه‌
ناڕه‌زاییه‌كان هه‌ڵده‌كشێن و داوای بایكۆتی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن

كه‌ربه‌لا/ 9ی ئایاری 2021/ مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی ئیهاب وه‌زنی چالاكوانی عیراقی وێنه‌: AFP

عه‌لی ساعدی – كه‌ركوك ناو

كوشتنی ئیهاب وه‌زنی، چالاكوانی دیاری خۆپیشاندانه‌كان له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا شه‌پۆلێكی نوێی ناڕه‌زایی له‌ چه‌ند شارێكدا به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، به‌رله‌وه‌ی 24 كاتژمێریش تێپه‌ڕبێت، هه‌وڵی كوشتنی رۆژنامه‌نوس ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن له‌ نزیكی ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ قادسیه‌، هێنده‌ی دیكه‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌شڵه‌قێنێت.

ئه‌و دوو روداوه‌ جارێكیتر دۆسیه‌كانی كوشتنی چالاكوان، رۆژنامه‌نوس و خۆپیشانده‌رانی به‌ بیری هاوڵاتیاندا هێنایه‌وه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زاییه‌كانی تشرینی یه‌كه‌می 2019ـه‌وه‌ تائێستا، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی پشت زۆربه‌ی روداوه‌كان ئاشكرابكرێن.

ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ژماره‌یه‌ك جوڵانه‌وه‌ی سیاسی پاشه‌كشێ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عیراق بكه‌ن كه‌ بڕیاره‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا بكرێت به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی "حكومه‌ت ناتوانێت ژینگه‌یه‌كی ئارام بۆ كێبڕكێ بڕه‌خسێنێت".

وه‌زنی كه‌ له‌ كانونی یه‌كه‌می 2019دا توانی له‌ هه‌وڵی كوشتن رزگاری بێت، جارێكیتر و له‌ به‌ره‌به‌یانی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو 9ی ئایاری 2021دا كه‌وته‌ به‌ر هێرشی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ده‌ستبه‌جێ گیانله‌ده‌ستده‌دات.

له‌و روداوه‌كه‌دا كه‌ پۆلیس به‌ "تیرۆریستی" ناوی ده‌بات، دوو چه‌كدار له‌سه‌ر ماتۆڕسكیله‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ وه‌زنی ده‌كه‌ن، ئه‌وكاته‌ی بۆ ماڵه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

روداوه‌كه‌ توڕه‌یی زۆری له‌ وڵاتدا دروستكرد، خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی له‌ زیقار، دیوانیه‌، میسان و واست لێكه‌وته‌وه‌، له‌ به‌غداش خه‌ڵێكی كه‌متر ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی، به‌ڵام ناڕه‌زاییه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا و دوای به‌خاكسپاردنی ئیهاب وه‌زنی سه‌ریهه‌ڵدا.

سه‌دان هاوڵاتی توڕه‌ گردبونه‌وه‌ و رویانكرده‌ كونسوڵگه‌ری ئێران له‌ پارێزگاكه‌، له‌ ده‌وروبه‌ری باڵه‌خانه‌كه‌ تایه‌ی ئۆتۆمبێلیان سوتاند و له‌ به‌رانبه‌ردا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ته‌قه‌یان به‌ ئاسماندا كرد.

6097b62542360449612d5d42
2019/ ئیهاب وه‌زنی وێنه‌: په‌یجی ناوبراو له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو) ته‌قه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاڵۆزی و پێكداهه‌ڵپژانی له‌نێوان خۆپیشانده‌ران و پاسه‌وانانی كونسوڵگه‌ری دروستكرد، به‌وهۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ خۆپیشانده‌ران برینداربون.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتی خۆپیشانده‌ران چه‌ند شه‌قامێكی سه‌ره‌كی ناوه‌ندی كه‌ربه‌لا-یان داخست و هه‌ڕه‌شه‌ی توندكردنی زیاتری ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان كرد ئه‌گه‌ر ئه‌نجامده‌رانی كوشتنی چالاكوانه‌كه‌ ئاشكرانه‌كرێت.

هه‌رچه‌نده‌ تائێستا هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتی روداوه‌كه‌ی نه‌گرتۆته‌ ئه‌ستۆ به‌ڵام چالاكوانان ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارییانه‌ تۆمه‌تبارده‌كه‌ن كه‌ "ئێران پاڵپشتییان ده‌كات".

ئیهاب وه‌زنی، سه‌رۆكی هه‌ماهه‌نگی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی كه‌ربه‌لا و یه‌كێك بووه‌ له‌ ده‌نگه‌ دیاره‌كانی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و خراپی ئیداره‌دان، كه‌ داوایانده‌كرد سنورێك بۆ كاریگه‌ری ئێران و گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان له‌ شاری كه‌ربه‌لای باشوری عیراق دابنرێت. 

 

حكومه‌ت به‌دوای "تیرۆریسته‌كاندا" ده‌گه‌ڕێت

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی، یه‌كشه‌ممه‌ 9ی ئایار له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ "پۆلیسی پارێزگای كه‌ربه‌لا هه‌وڵه‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ و به‌دوای ئه‌و چه‌كداره‌ تیرۆریستانه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ چالاكوانه‌ مه‌ده‌نییه‌كه‌یان تیرۆر كردووه‌".

ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر شه‌قامی كه‌ربه‌لائی نه‌بوو، بۆیه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌رده‌وام بون و داوای سه‌ره‌كییان ئه‌وه‌بوو بكوژانی وه‌زنی و ته‌واوی كوژراوه‌كانی دیكه‌ ئاشكرابكرێن.

چالاكوانێكی نزیك له‌ وه‌زنی وتی "ئه‌نجامده‌رانی روداوه‌كه‌ میلیشیاكانی ئێرانن، ئه‌وان ئیهاب-یان كوشت و هه‌مومان ده‌كوژن، ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌كه‌ن و حكومه‌تیش بێده‌نگه‌".

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق داوای له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كرد په‌له‌ بكه‌ن له‌ ئاشكراكردنی بكوژانی وه‌زنی، حه‌سه‌ن نازم، وه‌زیری رۆشنبیری و وته‌بێژی حكومه‌ت له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، هه‌مان قسه‌كانی كازمی دوباره‌ كرده‌وه‌ و به‌ڵێنیدا ئه‌نجامده‌رانی كوشتنی وه‌زنی ئاشكرابكه‌ن وه‌ك چۆن بكوژانی رۆژنامه‌نوس ئه‌حمه‌د سه‌مه‌د له‌ به‌سره‌ ئاشكراكران.

چركه‌ساتی هه‌وڵی كوشتنی رۆژنامه‌نوس ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن له‌ دیوانیه‌ 

هه‌وڵی كوشتنی رۆژنامه‌نوسێك له‌ قادسیه‌

هێشتا 24 كاتژمێر به‌سه‌ر كوشتنی وه‌زنی تێنه‌په‌ڕی بوو، هه‌وڵی كوشتنی رۆژنامه‌نوس ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، په‌یامنێری كه‌ناڵی فورات له‌ دیوانییه‌ شكستی هێنا و به‌ سه‌ختی بریندار بوو.

تیمێكی پزیشكی تایبه‌تمه‌ند له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نه‌شته‌گه‌ری ده‌مار له‌ به‌غداد، دوشه‌ممه‌ 10ی ئایاری 2021، نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی به‌په‌له‌یان بۆ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ كرد، چه‌ند كاتژمێرێك دوای ئه‌وه‌ی له‌نزیكی ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ پارێزگای قادسیه‌ ته‌قه‌ی لێكرا و فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وت.

له‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ ئاڵۆزه‌دا خوێنبه‌ربونی سه‌ری راگیرا و دواتر ره‌وانه‌ی چاودێری ورد كرا.

سه‌میر حه‌مید، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ "نه‌خۆشه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی دیوانیه‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌كه‌مان كرا و له‌ بارێكی ته‌ندروستی زۆر مه‌ترسیداردا بوو".

هه‌روه‌ها وتی "دوای پشكنینه‌كان ده‌ركه‌وت فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌ بۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ ره‌وانه‌ی هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری كرا".

 

پاشه‌كشێ له‌ هه‌ڵبژاردن

ئه‌و حزبانه‌ی له‌ هه‌ناوی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ دروستبون، ده‌ستبه‌جی به‌یاننامه‌یان ده‌ركرد و جگه‌ له‌ ئیدانه‌ی روداوه‌كان، پاشه‌كشێیان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانی عیراق راگه‌یاند و بایكۆتیان كرد، به‌هۆی "نه‌ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی ئارام بۆ كێبڕكێ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ هاوڵاتیانیش بپارێزن، ئیتر چۆن هه‌ڵبژاردنه‌كان ئارام و پارێزراو ده‌بن؟".

یه‌كێك له‌و حزبانه‌، پارتی به‌یتی وه‌ته‌نی بوو، كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ره‌خنه‌ی توند له‌ حكومه‌ت ده‌گرێت و پێیوایه‌ ناتوانێت زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بۆ هه‌ڵبژاردن بڕه‌خسێنێت.

هه‌روه‌ها فایه‌ق شێخ عه‌لی، په‌رله‌مانتار و سیاسی له‌ تویته‌ر نوسیویه‌تی "دوای تیرۆركردنی شه‌هید ئیهاب وه‌زنی پاشه‌كشێم له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران راده‌گه‌یه‌نم، داوا له‌ هێزه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و شۆڕشگێڕانی تشرین ده‌كه‌م ئه‌وانیش پاشه‌كشێ بكه‌ن و ئاماده‌كاری بۆ شۆڕش دژی ئێران و میلیشیاكانیان.. له‌ مانگه‌كانی داهاتودا بكه‌ن، هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌مان له‌به‌رده‌مدا نییه‌ جگه‌ له‌ روخاندنی رژێمی بكوژی تاوانكار".

حزبی شیوعی عیراق و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تیش له‌ نێویاندا په‌رله‌مانتاری پێشوو شروق عه‌بایچی به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا هه‌ڵپه‌سارد.

950x535_almsalh
به‌غداد/ تشرینی یه‌كه‌می 2019/ به‌غازی فرمسێكڕێژ هێرشده‌كرێته‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا عیراقییه‌كان به‌ هاشتاگی "ئه‌وانه‌ی بایكۆتیان" كردووه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ داوای بایكۆتی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكیش پێیانوایه‌ بایكۆتی هه‌ڵبژاردن هیچ سودێكی نابێت له‌كاتێكدا لایه‌نه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، كه‌ ده‌ستور و یاساش مه‌رجی ده‌رباره‌ی رێژه‌ی به‌شداریكردن دانه‌ناوه‌، بۆیه‌ یایكۆت به‌ قازانجی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌شكێته‌وه‌.

عه‌لی جابری، رۆژنامه‌نوس و چالاكوان له‌ تویته‌ری خۆی نوسیویه‌تی "وه‌ك سه‌ركه‌وتنێك بۆ خوێنی شه‌هیدان و ئه‌و بێتاوانانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ملیشیا تاوانكاره‌كانه‌وه‌ تیرۆركران، بایكۆت ده‌كه‌ین و نابینه‌ شاهیدی درۆ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ كۆمێدییه‌ی پروپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌كه‌ن".

به‌ڵام فاروق ساڵحی، چالاكوانی سیاسی رای پێچه‌وانه‌یه‌ و ده‌ڵێت بڕیاری بایكۆتی هه‌ڵبژاردن هه‌مان سیناریۆی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی 2018 دوباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و چانسی "بكوژان" زیاتر ده‌كات تا جارێكیتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات.

 

89 هه‌وڵی كوشتن دژی سێ توێژ

كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ، دوشه‌ممه‌ 10ی ئایاری 2021 بڵاویكرده‌وه‌ 89 هه‌وڵی كوشتن و تیرۆركردن دژی سێ توێژی ناو خۆپیشانده‌ران تۆماركراون، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زاییه‌كانی تشرینی یه‌كه‌می 2019ـه‌وه‌ تائێستا.

فازل غه‌راوی، ئه‌ندامی كۆمسیۆنه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت هه‌وڵه‌كانی تیرۆركردن به‌ ئامانجی بێده‌نگكردن و نه‌هیشتنی ئازادی وتن و داخستنی ده‌می خه‌ڵك و دروستكردنی ئاڵۆزییه‌، "89 هه‌وڵی تیرۆركردن هه‌بون له‌ هه‌موو پارێزگاكانی عیراق دژی چالاكوان، رۆژنامه‌نوس و مه‌ده‌نی".

غه‌راوی داواده‌كات حكومه‌ت لایه‌نه‌كانی پشت روداوه‌كانی تیرۆركردن ئاشكرابكه‌ن و بیانده‌ن به‌ دادگا، هۆشداریشیدا له‌و مه‌ترسییه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌موان ده‌كات به‌هۆی به‌رده‌وامی روداوه‌كان و ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی "هێزه‌ شه‌ڕانگێزه‌كان" بۆ عیراقی ده‌خوازن.

له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی روداوه‌كانی كوشتن و كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ت له‌ پاراستنی خۆپیشانده‌ر و چالاكوان و رۆژنامه‌نوساندا، گومان و مشتومڕه‌كانیش ده‌رباره‌ی توانای حكومه‌ت بۆ فه‌راهه‌مكردنی ژینگه‌یه‌كی ئارام بۆ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو زیاتر ده‌بن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT