دواجار بڕیاردرا
10 هەزار وانەبێژ دەكرێنە گرێبەست

كەركوك/16ی كانونی یەكەم/ خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ داواكردنی راگەیاندنی ناوی دامەزرێنراوان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

گۆران بابان - كەركوك

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك بڕیاریدا لە یەكشەممەی داهاتووەوە مامەڵەی وانەبێژانی پارێزگاكە وەربگرێت بە مەبەستی ئەوەی بكرێنە گرێبەست، كە ژمارەیان 10 هەزار وانەبێژە.

ئەو بڕیارە كە رەزامەندی حكومەتی عیراقی وەرگرتووە و لە یاسای بودجەی گشتیدا جێیكراوەتەوە، بڕیارە لە یەكشەممەی داهاتوو 23ی ئایارەوە مامەڵەكانیان بە مەبەستی ئەنجامدانی گرێبەست وەربگیرێت.

نەزیهە ساعدی، لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەركوك، بە  (كەركوك ناو)ی وت "سێشەممە 18ی ئایار بە ئامادەبونی سەرۆکی لقی کەرکوکی سەندیکای مامۆستایانی عێراق و لێپرسراوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك تاوتوێی چۆنیەتی وەرگرتنی مامەڵەی وانەبێژان كرا لە ناوەندی كەركوك و تەواوی قەزا و ناحییە و گوندەكانی پارێزگای كەركوك".

وتیشی "لە یەكشەممەی داهاتووەوە مامەڵەكانیان وەردەگرین، ئەوەش بەپێی خشتەیەك كە دواتر بڵاویدەكەینەوە تا قەرەباڵغی دروسنەبێت".

لە یەكشەممەی داهاتووەوە مامەڵەكانیان وەردەگرین

بەپێێ ئامارێكی پەروەردەی كەركوك 10 هەزار وانەبێژ لە خوێندنگەكاندا هەن و مامەڵەی هەر 10 هەزار كەسەكە وەردەگیرێت.

"لیژنەیەكی سەرەكیمان دەبێت لەڕویی یاسایی و ئیدارییەوە وردبینی لە زانیارییەكانی وانەبێژان دەكات، لەکاتی بونی هەر هەڵە یا تێبینییەکدا مامەڵەكانیان بۆ خوێندنگەكان دەنێرینەوە بۆ ئەوەی راستی بكەنەوە"، نەزیهە وای وت.

ئەو بڕیارە هەموو وانەبێژانی عیراق دەگرێتەوە جگە لە هەرێمی كوردستان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چ كۆلێژ و پەیمانگەیەكیان تەواوكردووە. هەریەكە و مانگانە 250 هەزاریان پێدەدرێت.

هەڵاڵە ئەحمەد، ماوەی چوار ساڵە وانەبێژە و دەرچوی کۆلێژی پەروردەیە، وتی "هیوادارین پەروەردە سستی لەو بڕیارەدا نەكات، چونكە چەند ساڵێكە چاوەڕوانی ئەوەین بكرێینە گرێبەست یان هەمیشەیی".

وتیشی "پێشتریش هەموو مامەڵەكانمان رادەستی پەروەردە كردووە... هەرچەندە بەپێی یاسا حكومەت ناچار بەو بڕیارە كراوە، بەڵام هێشتا ترسمان هەیە سستی تیابكەن و كارەكان بەخێرایی رایینەكەن... بەڕاستی چەند ساڵە توشی قەلەقی بوین و دەمانەوێت بكرێینە گرێبەست"، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی دواتر بكرێنە هەمیشەیی لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە دابمەزرێن.

ئەو وانەبێژانەی دەكرێنە گرێبەست، هەمان مافی مامۆستایانی دامەزراویان دەبێت، لەوانە دەتوانن دوای 15 ساڵ خزمەت خانەنشین بن، قەرز و سولفەی بانكەكان وەربگرن، مۆڵەتی دایكایەتیی و پشوویان هەیە، دەتوانن داواكاری بۆ وەرگرتنی زەوی پێشكەش بكەن، ئەوەش بەپێی بڕیاری ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.

هەروەها لە حاڵەتێكیدا ئەگەر حكومەت بڕیاری دامەزراندنیدا، لە پێشینە بۆ مامۆستایانی گرێبەست دەبێت، لەپاڵئەوەشدا هەمان مافی مامۆستایانی دامەزراویان دەبێت لە بەشداریكردن لە خولەكان و ئەو لیژنانەی پەروەردە دەیكاتەوە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT