لەوكاتەوەی شارەوانی كەركوك دەستی لە خزمەتكردنی باخچە و سەوزایی شار هەڵگرتووە، ئەبوبەکر حسێن (74ساڵ)، بڕیاریداوە باخچەی گەڕەكەكەیان لە وشکبون بپارێزێت، هەر بە سەوزی بیهێڵێتەوە و وەك ماڵی خۆی بە پاكی رایبگرێت.
ئەبوبەكر حسێن فەرمانبەری خانەنیشن، لە گەڕەكی ئیمام قاسم، خۆی تەرخانكردووە بۆ خزمەتكردنی باخچەی گەڕەكەیان؛ باخچەكە یەك دۆنم زەوییە و 15 جۆر نەمامی تیادا چێنراوە.
"چەند ساڵێكە شارەوانی كرێكارەكانی دەركردووە و بەو هۆیەوە خزمەتى باخچەکانیش نەما؛ باخچەکەی بەردەم ماڵی ئێمەش گژوگیا گرتی و خەریكبوو وشك دەبوو، بۆیە بیرم لەوە كردەوە خۆم خزمەتی بكەم"، ئەبوبەكر وایوت.
ئەو گرفتە دوای ئەوە دروستبوو ئیدارەی كەركوك نەیتوانی بەردەوامی بە گرێبەستی ئەو هاوڵاتییانە بدات كە خزمەتی باخچەكانی كەركوكیان دەكرد، ئەوەش بەهۆی نەبونی بودجەی تەرخانكراو لەلایەن وەزارەتی شارەوانی عیراقەوە.
شارەوانی كەركوك چەندجارێك جەختیكردۆتەوە لەوەی توانای ئاودان و خزمەتكردنی هەموو باخچەكانی ناو شاری نەماوە، ئەوەش هۆكارێكی كەمبونەوەی رێژەی سەوزایی شارەكەیە لە 4%.ەوە بۆ 2% لە نێوان ساڵی 2017 تا ئەمساڵ.
چوارساڵ لەمەوبەر، ئەبوبەكر دەستی بە پاككردنەوەی باخچەكە كرد لە گژوگیای زیادە و خۆڵ و خاشاك؛ دواتر بڕیاریدا لەو بیرەی كە لەناو باخچەكەدا لێدراوە ئاوی بدات.
"ماتۆڕی ئاودانەکەى خراپ بوو، بۆیە تانکییەكم داناو ئاوی باخچەکەم تێدا گلدایەوە، ئەمساڵ چوار ساڵە خزمەتی دەكەم".
184 باخچە لەناو شاری كەركوكدا هەن، تەنیا چەند دانەیەكی كەمیان روبەرەكەیان لە چەند دۆنمێك زیاترە؛ ئەوانی تر بچوكن، لەگەڵ 81 ناوچەی سەوزایی نێوان شەقامەكان – لە یەك كیلۆمەترەوە تا پێنج كیلۆمەتر درەختیان تیادا چێندراوە-.
ڤیدیۆ: ئەبوبەکر حسێن (74ساڵ) لەناو باخچەكەیدا لە كەركوك
ئەو روبەرە لە سەوزایی تەنیا 46 كارمەندی هەیە، بەپێی وتەی فەرەیدون عادل، سەرۆكی شارەوانی كەركوك، ئەوەش وایكردووە زۆرینەی درەختەكانی شار بەرەو وشكبون بچن؛ بەڵام لەچەند گەڕەكێکی كەركوك، خەڵكەكە خۆیان خزمەتی باخچەكانیان دەكەن.
"هەستدەكەم زۆر ئاسودەم، درەختەكانی باخچەكەم لە شكان و وشكبون پاراستووە، دڵخۆشم كاتێك دەبینم خێزانەكەم و منداڵانی گەڕەك پشوی تیادا دەدەن"، ئەبوبەكر زیاتر وتی "هیوادارم گەنجان زیاتر ژینگە بپارێزن و خزمەتى باخچەکان بکەن".
هەستدەكەم زۆر ئاسودەم، درەختەكانی باخچەكەم لە شكان و وشكبون پاراستووە
سێ ساڵی یەكەم بۆ ئەبوبەكر بەباشی بەڕێوەچوو، بەڵام ئەمساڵ توانای جارانی نەماوە و نەخۆشی دڵی هەیە، بۆیە خەڵكی تری گەڕەكەكە هاوكاریی دەكەن.
کاوە غەفور، یەكێكە لەو كەسانەی هاوكاری ئەبوبەكر دەكات، لە هەمان گەڕەكە و فەرمانبەرە، وتی "لەسەر گیرفانی خۆمان گڵی بە پیت، سۆندە و غەتاس و ماتۆڕ دەكرێن، نامانەوێت باخچەكە بە بەرچاومانەوە وشكبێت".
شارەوانی كەركوك چەندجارێك جەختیكردۆتەوە كە لانیكەم پێویستیان بە هەزار كارمەند هەیە بۆ خزمەتكردنی باخچە و درەختەكانی شار، ئەگەرنا ناتوانن پارێزگاری لەو درەختانە بكەن كە لەچەند ساڵی رابردودا روێنراون.
بۆ نمونە رێكخراوی كۆكار بۆ پەرەپێدانی بەردەوام و كاری خۆبەخشی، لە دوو هەڵمەتی جیاوازدا لە سێ ساڵی رابردوو، لانیكەم 20 هەزار نەمانیان بەسەر خەڵكی كەركوكدا دابەشكردووە و لە شەقام و شۆستەكاندا چاندویانە. بەڵام لەكۆی لەسەدا 60ی ئەو درەختانەی رواونەتەوە پێویستیان بە ئاوە و شارەوانی ناتوانێت ئاویان بدات، بەپێی وتەی محەمەد عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی كۆكار.
لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانن لانیكەم لەڕێی ئامێر و پێداویستی خزمەتكردنی باخچەكانەوە هاوكاریی خەڵکی خۆبەخشی وەک ئەبوبەکر بکەن، نەوزاد عەبدوڵا، لێپرسراوى بەشى باخچەکانى شارەوانى کەرکوک وتی "بەداخەوە ناتوانین بەهیچ شێوەیەك هاوكاریی ئەو كەسانە بكەین، بودجەی پێویست و كارمەندی پێویستمان نییە".
سەرەڕای ئەوەش، دەستخۆشی لەو كەسانە کرد لە گەڕەكەكاندا خزمەتكردنی باخچەكانیان بێبەرامبەر گرتۆتە ئەستۆ، ئەو وتی "پێنج باخچەمان لەلایەن خەڵكی گەڕەكەكانەوە خزمەتدەكرێن، ئەوە زۆر جێی دەستخۆشییە".