ئەوەی بەو دەكرێت، بە هەموو كەس ناكرێت
جومەیلی بیرە نەوت دەكوژێنێتەوە

عەبدولقادر ئەحمەد سوڵتان جومەیلی (66ساڵ) لە ماڵەكەی خۆی لە كەركوك. فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی – كەركوك

فەرمانبەرێكی خانەنشین دەبێتە فریادڕەسی كۆمپانیای نەوتی باكور و چەند ملیار دینارێک بۆ كۆمپانیاكە دەگەڕێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی توانا و شارەزاییەكانی لە كوژاندنەوەی ئاگری بیرە نەوتییەكاندا بێبەرامبەر.

ئەو پیاوە، عەبدولقادر ئەحمەد سوڵتان جومەیلی (66ساڵ)ە و بڕوانامەی خوێندنی نییە، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1978دا وەك شۆفێر لەو كۆمپانیایە دەستی بەكاركردن كردووە تا ئەو کاتەی بۆتە لێپرسراوی بەشی ئامێرە قورسەكان و ساڵی 2018 خانەنشین كراوە، بەڵام هەركاتێك بیرە نەوتێك دەتەقێنرێتەوە، جومەیلی لەپێشی پێشەوەی تیمی ئاگرکوژاندنەوەکەیە.

سەرەتای ئاشنابونی جومەیلی بە كوژاندنەوەی ئاگری بیرە نەوتییەكان بۆ ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە، كاتێك ئەزمونی خۆی لە كوژاندنەوەی بیرێكی نەوتی گەیارە تاقیكردەوە كە لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە كرایە ئامانج، ئەو لەو كارەیدا سەركەوتوو بوو، ئایاری ئەمساڵیش دواین بیرە نەوتی لە كێڵگەی نەوتی خەبازە كوژاندەوە.

"هەركات بیرە نەوتێك دەتەقێنرایەوە، كۆمپانیای نەوتی باكور پەنای بۆ شارەزایانی بیانی دەبرد... ئەو شارەزایانە بۆ كوژاندنەوەی ئاگری هەر بیرە نەوتێك چەندین ملیار دیناریان داوا دەكرد"، جومەیلی وتی "شارەزا بیانییەكان ئامێرەكانی كۆمپانیایان بەكاردەهێنا، منیش لەگەڵیاندا دەڕۆیشتم و وردە وردە شارەزاییەكی باشم پەیدا دەكرد"، لێرەوە ئەو ئەزمونی پەیداكرد.

شارەزا بیانییەكان ئامێرەكانی كۆمپانیایان بەكاردەهێنا، منیش لەگەڵیاندا دەڕۆیشتم و وردە وردە شارەزاییەكی باشم پەیدا دەكرد

لە كوژاندنەوەی بیرە نەوتەكەی گەیارە كە یەكەم ئەزمونی ئەو بوو، جومەیلی دەڵێت "هەر خۆم دەستپێشخەری كوژاندنەوەیەم كرد و كۆمپانیاش قبوڵیان كرد، دڵخۆشبوم بەوەی سەركەوتوو بوم، هەستمكرد ئیتر دەتوانم خزمەتێكی گەورە بكەم".

لە دوای سەرهەڵدانی داعش لە ناوەڕاستی 2014ەوە، ئیتر عەبدولقادر جومەیلی بە تەواوی كارەكانی دەستپێكرد، لەو ماوەیەدا زۆركات كێڵگە و بیرە نەوتییەكان دەكرانە ئامانج.

jwmaile
چەند وێنەیەكی عەبدولقادر جومەیلی لەكاتی كوژاندنەوەی بیرە نەوتییەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور. فۆتۆ: ئەرشیفی جومەیلی

"لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەو لەكاتی شەڕی پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییە عیراقییەكان یەكێك لە بیرە نەوتییەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور تەقێنرایەوە، كۆمپانیایەك لە هەولێر بۆ كوژاندنەوەی داوای سێ ملیار دیناری كرد، بەڵام لەگەڵ كۆمپانیا رێكنەكەوت، من بڕیارمدا لەگەڵ هاوكارەكانم لەناو كۆمپانیا بیكوژێنینەوە و سەركەوتوش بوین"، عەبدولقادر جومەیلی وایوت.

جومەیلی لە 5ی ئایاری ئەمساڵ، لەسەر داوای كۆمپانیای نەوتی باكور سەرپەرشتی كوژاندنەوەی دوو بیرە نەوتی كرد، كە لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) لە كێڵگەی نەوتی خەبازە تەقێنرانەوە.

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە لەوەی كۆنترۆڵكردنەوەی ئاگری ئەو بیرە نەوتانە بە هەوڵی کارمەندانی خانەنیشنی كۆمپانیای نەوتی باكور بووە، وەك سەرچاوەكە وتی "ئەوان ئەزمونیان هەیە و هەركاتێك داوای هاوكارییان لێبكەین ئامادەن... بەهیچ شێوەیەك ئەمجارە پەنامان بۆ كۆمپانیای بیانی نەبردووە"، لەوەشدا ناوی عەبدولقادر جومەیلی هێنرا.

جومەیلی تا ساڵی 2018 لە خزمەتدابووە و دوای خانەنیشن بونیشی هەركات كۆمپانیا پێویستی بە توانای ئەو بێت ئامادەیە.

بەگشتی لەوەتەی بیرە نەوتەكەی گەیارەی كوژاندۆتەوە، جومەلی بەشداریكردووە لە كوژاندنەوەی 30 بیرە نەوت، وەك خۆی دەڵێت "18 بیریان لەكاتی شەڕی داعشدا بون لە ناحیەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا و 12 بیرە نەوتی تر لە كەركوك".

"هەركات كۆمپانیایەك دەهات بۆ كوژاندنەوەی بیرە نەوتییەكان، زۆر بە وردی چاودێریم دەكردن، چی دەكەن و چۆن ئاگرەكە دەكوژێننەوە، حەزێكی زۆرم بۆ ئەو كارە هەبوو، ئەوەش وایكرد شارەزاییەكی باش پەیدا بكەم".

حەزێكی زۆرم بۆ كوژاندنەوەی بیرە نەوتییەكان هەبوو، ئەوەش وایكرد شارەزاییەكی باش پەیدا بكەم

كۆمپانیای نەوتی باكور، بەهۆی جومەیلییەوە لە هەنگاوی یەكەمدایە بۆ دروستكردنی تیمی تایبەت بە كوژاندنەوەی ئاگری بیرە نەوتییەكان، رەنگە هەر ئەوەش ببێتەهۆكاری ئەوەی چیتر بە ملیار دینار پارە سەرفنەكەن بۆ كوژاندنەوەی بیرە نەوتییەكان لەلایەم كۆمپانیای بیانییەوە.

"کوژاندنەوەی ئاگری بیرە نەوتییەکان یەکێکە لەکارە قورس و پڕ مەترسییەکان،  تا بیرە نەوتتێك دەكوژێنینەوە، چەندینجار لە مردن نزیکدەبینەوە، بەڵام سوپاس بۆ پەروەردگار رزگارمان بووە"، جومەلی وتی "كوژاندنەوەی بیری گاز قورسترە و یەكجار ئەزمونم كردووە و سەركەوتوو بوم".

عەبدولقادر پێیوایە چەكدارانی داعش شارەزایی و ئەزمونێكی زۆریان هەیە لە تەقاندنەوەی بیرە نەوتییەكان، "هەم لە دانانی بۆمب، هەم لە هەڵبژاردنی شوێن و بە ئامانجگرتنی ئەو شوێنانەی كە زۆرترین زیان بە كێڵگە و بیرە نەوتییەكان دەگەیەنێت... بەشێوازێك كارەكە ئەنجام دەدەن كە كاری ئێمە زۆر قورس دەكات".

ئەو دڵخۆشە بەوەی تیمێكی تایبەتی بۆ كوژاندنەوەی بیرە نەوتییەكانی كەركوك راهێناوە، "زۆركات پێمدەوتن فێری کارەکە ببن تا وڵاتەكەمان پێویستی بە شارەزایانی بیانی نەبێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT