یەكەم نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە، ئەمڕۆ یەكشەممە 30ی ئایار لە كەركوك كرایەوە، ئەوەش لەسەر ئەركی خێرخوازان و بە بودجەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دینار، بەپێی وتەی عەلی حەمادی، پاریدەدەری پارێزگار.
نەخۆشخانەكە 100 قەرەوێڵەییە و بە یەكەم نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە دادەنرێت لەو پارێزگایە، كە لە ئێستادا 14 هەزار توشبوو بەو نەخۆشییەی لێ تۆماركراوە.
نەخۆشخانەكە كە لە سێ نهۆم پێكهاتووە، بە ئامادەبونی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و نوێنەری پێنج وڵاتی ئەروپی و ئەمریكی كرایەوە، ئەو پێنج نوێنەرە بە مەبەستی بەدواداچون بۆ رەوشی ئاوارەكان و پرسی نۆژنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش سەردانی كەركوكیان كردبوو.
عەلی حومادی، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکوک بۆ کاروباری هونەری، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئیدارەی پارێزگا بڕیاریداوە دابینکردنی دەرمانی شەش مانگی یەکەمی نەخۆشخانەکە لە ئەستۆبگرێت و کاریش دەکەین بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی دیکەی نەخۆشخانەکە".
ئیدارەی پارێزگا بڕیاریداوە دابینکردنی دەرمانی شەش مانگی یەکەمی نەخۆشخانەکە لە ئەستۆبگرێت
ئەو سوپاسی ئیدارەی كەركوكی بۆ خێرخوازان دەربڕی کە هاوکاربون لە بنیادنانی ئەو نەخۆشخانەیە "بەپێی پێوەرە تەندروستییە نێودەوڵەتییەكان"، بەڵام وتی "هێشتا پێویستی بە کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی زیاتر هەیە".
نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەكاتی كردنەوەیدا وتی "10 ساڵ لەمەوبەر تەنیا ژورێك هەبوو بۆ نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لەناو نەخۆشخانەی ئازادی، دواتر كرا بە سەنتەرێك و ئێستاش سوپاس بۆ خوا دەبینین نەخۆشخانەیەكی گەورە كراوەتەوە".
"داواكارین هەم خێرخوازان و هەم حكومەت، هاوکارمان بن لە دابینکردنی دەرمان و ئامێری تەندروستی پێشکەوتوو، چونکە ئەم نەخۆشخانەیە لە ئایندەدا خزمەتی نەتەوە جیاوازەکانی شارەکە دەکات بەبێ جیاوازی"، نیاز ئەحمەد وایوت.
داواكارین هەم خێرخوازان و هەم حكومەت، هاوکارمان بن لە دابینکردنی دەرمان و ئامێری تەندروستی پێشکەوتوو
گرنگی كردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە بۆ كەركوك، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تا ئەمكاتە زۆرینەی توشبوەكانی شێرپەنجە لەو پارێزگایە بۆ چارەسەر روویان لە پارێزگاكانی هەرێم دەكرد.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك كە دراوە بە (كەركوك ناو)، 14 هەزار توشبوو بەو نەخۆشییە لە پارێزگای كەركوك تۆماركراون.
كردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە هاوكاتە لەگەڵ بونیادنانی نەخۆشخانەیەكی دیكە لە باشوری كەركوك لەسەر بودجەی ئیدارەی پارێزگاكە و لە ساڵی 2019ەوە بناغەكەی بۆ دانراوە.