نه‌بیل حه‌مدی بوشناق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی كه‌ركوك ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ توشبویه‌كی كه‌ڕوی ره‌ش له پارێزگاكه تۆماركرابێت، ئه‌وه‌ی هه‌بووه ته‌نیا گومان بووه و یه‌كلایینه‌كراوه‌ته‌وه.
ئه‌و وتانه‌ی بوشناق، دوای بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی توشبونی چه‌ند هاوڵاتییه‌كی شاری كه‌ركوك دێت به نه‌خۆشی كه‌ڕوی ره‌ش له ژماره‌یه‌ك میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.
نه‌بیل حه‌مدی بوشناق، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به ره‌سمی هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی كه‌ڕوی ره‌ش له كه‌ركوك تۆمارنه‌كراوه، هێنده‌ی زانیاریمان هه‌یه سی بۆ چوار هاوڵاتی سه‌ردانی كلینیكه ئه‌هلییه‌كانیان كردووه، به تایبه‌ت پزیشكی ده‌م و لوت و گوێ، چونكه په‌ڵه‌ی ره‌ش به جه‌سته یان ده‌موچاویانه‌وه هه‌بووه و گومانیان هه‌بووه كه‌ڕوی ره‌ش بێت".
دیاریكردنی ئه‌و نه‌خۆشییه كاتی ده‌وێت وه‌ك بوشناق ده‌ڵێت، پێویستی به نه‌شته‌رگه‌ری بچوك هه‌یه تا به‌شێك له شوێنی نه‌خۆشه‌كه بۆ پشكنین ببڕدرێت و ره‌وانه‌ی به‌غداد بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واو دڵنیابن توشبوی كهڕوشه یاخود نا.
به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی ده‌ڵێت ئه‌و چه‌ند هاوڵاتییه‌ی سه‌ردانی كلینیكی ئه‌هلییان كردووه، رۆیشتونهتهوه ماڵی خۆیان و هیچ پشكنینێكیان بۆ نه‌كراوه، چونكه باری ته‌ندروستییان جێگیر بووه، بێ ئه‌وه‌ی یه‌كلابێته‌وه توشبوی كه‌ڕوی ره‌شن.
هه‌روه‌ها دڵنیایی به هاوڵاتیاندا و وتی "خۆتان مه‌شڵه‌ژێنن، كه‌ڕوی ره‌ش زیاتر توشی ئه‌وانه ده‌بێت به‌رگری له‌شیان زۆر لاوازه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریتان به‌هێز بكه‌ن باشتره ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌ربگرن".
هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان كه‌ڕوی ره‌ش و كۆرۆنادا نییه
نه‌بیل بوشناق رونیكرده‌وه هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان كه‌ڕوی ره‌ش و كۆرۆنادا نییه، ته‌نیا ئه‌وه‌یه زیاتر ئه‌گه‌ری توشبونی كه‌سانی به ته‌مه‌ن هه‌یه، كه نه‌خۆشی درێژخایه‌نی وه‌ك شه‌كره‌ی كۆنتڕۆڵنهكراویان هه‌یه و به‌رگری جه‌سته‌یان نه‌ماوه.
كه‌ڕوی ره‌ش (Mucormycosis)، نه‌خۆشییه‌كی كهڕویی كهمبڵاو به‌ڵام مه‌ترسیداره، له ساڵی 1885ی زانییه‌وه دۆزراوه‌ته‌وه و به زۆری كارده‌كاته سه‌ر جیوبی لوت، سی، پێست و مێشك، نه‌خۆشییه‌كی گوازراوه نییه له نێوان هاوڵاتیاندا و سپۆره‌كانی ئه‌و كه‌ڕووه له گه‌ڵای ڕوه‌ك یان خۆڵ و په‌ینه‌وه بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێنه‌وه.
كه‌ڕوی ره‌ش له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا له هیندستان و زیاتر له نێو توشبوان و چاكبوانی كۆرۆنادا به زۆری بڵاوبۆوه.
له عیراق كه‌ڕوی ره‌ش تۆماركراوه، چه‌ند كه‌سێك له پارێزگای زیقار و هاوڵاتییه‌كیش له سلێمانی به‌و نه‌خۆشییه گیانیله‌ده‌ستداوه.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، له به‌یاننامه‌یه‌كدا دڵنیایی داوه كه‌ڕوی ره‌ش نه‌خۆشییه‌كی زۆر ده‌گمه‌نه و توشی ئه‌و كه‌سانه ده‌بێت به‌رگری جه‌سته‌یان نامێنێت، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به كۆرۆناوه نییه و هیچ كه‌سێكیش له هیندستانه‌وه ئه‌و نه‌خۆشییه نه‌هێناوه.
نیشانه‌كانی كه‌ڕوی ره‌ش جیاوازن؛ ئه‌گه‌ر توشبو له‌رێی هه‌وا و هه‌ناسه‌وه سپۆڕی كهڕوهكهی هه‌ڵمژیبێت ئه‌وا توشی تا، كۆكه، ئازاری سنگ، ههناسهكورتی، هه‌ڵئاوسانی لایه‌كی ده‌موچاو، سه‌رئێشه، لوتگیران، ئازاری سك، ره‌شانه‌وه و هه‌بونی خوێن له پیساییدا ده‌بێت و هه‌ندێكجاریش په‌ڵه‌ی ره‌ش له‌سه‌ر لوت یان ناوده‌می ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌گه‌ر له‌ڕێی پێسته‌وه توشی كه‌ڕوی ره‌ش بوبێت ئه‌وا ده‌بێته هۆی ده‌ركه‌وتنی بڵقی سه‌ر پێست، سوربوونه‌وه‌ی پێست یان هه‌ڵئاوسان كه له‌وانه‌یه ره‌نگی به‌ره‌و ڕه‌ش بڕوات و ئازاری له‌گه‌ڵدا بێت.
ئه‌و نه‌خۆشییه‌كه ئه‌گه‌ر زوو كۆنتڕۆڵ و چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ئه‌وا مه‌ترسی هه‌یه بگاته سپڵ، دواتر دڵ و پاشان مێشك تا مردن و چاره‌سه‌ره‌كانیش به دژه كه‌ڕوو ده‌كرێن و له‌باری توندبونی نه‌خۆشییه‌كه‌دا پێویسته شانه‌ی توشبوو لاببرێت و ببڕدرێت تا رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری به جه‌سته‌دا بكرێت.