عەمار حەكیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی، لە یەكەم سەردانیدا بۆ شاری كەركوك جەختیكردەوە لەوەی "لەو باوەڕدانەبوم كەركوك بەو پاک و خاوێنییە ببینم". لەگەڵئەوەشدا شارەكەی بە چەپکە گوڵی عیراق وەسفكرد و وتی "بەشێك لە گوتاری نەتەوەیی بۆ بابەتێكی سیاسییە".
ئەو وتانەی عەمار حەكیم، لە میانەی كۆڕ و كۆبونەوەكانی هات لەگەڵ پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، بەڕێوەبەری فەرمانگەكان و ژمارەیەك كەسایەتیی شارەكە و سەرۆك هۆزەكان بە هەموو نەتەوەكان، كە هەینی 4ی حوزەیران لە بینای پارێزگا بەڕێوەچوو.
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەى نیشتیمانى، كە ئەوە یەكەم سەردانی بوو بۆ ئەو پارێزگایە، وتی "ئەمە بۆ یەکەمجارە هەلی هاتنم بۆ کەرکوک رەخساوە، شارێکی گرنگ و فرە نەتەوە، ئایین و مەزهەبە، بەڕاستی کەرکوک عیراقی بچوکە و چەپکە گوڵی عیراقە بەهەموو رەنگە جیاوازیەکانییەوە"، زیاتر وتی "ئەگەر دۆخی کەرکوک جێگیربێت ئەوە دۆخی عیراقیش جێگیردەبێت و ئەگەر دۆخی پێکەوەژیانی لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک فەراهەم بێت ئەوە عیراقێکی یەکگرتوو بەدەستدەهێنین... کێشەی فرە نەتەوە و ئایین و مەزهەب لە کەرکوک بونى نییە".
لە بەشێكی تری وتەكانیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی كەركوك، حەكیم وتی "راستە من عەرەبم و شیعەم، شانازی بە عەرەبی بونی خۆمەوە دەکەم، بەڵام بەهەمان شێوە دەبێت رێز لە تورکمان، کورد، کاکەیی و ئێزیدی بگرم، بۆیە پێویستە ئێوە شاری خۆتان خۆشبوێت و نەهێڵن تیرۆریستان زەفرتان پێ ببەن... کەرکوک ئەمڕۆ پێویستی بە گەشەکردن هەیە، هەروەها لەو باوڕەدانەبوم شاری کەرکوک بەو پاک و خاوێنییە ببینم".
کەرکوک ئەمڕۆ پێویستی بە گەشەکردن هەیە... لەو باوڕەدانەبوم شاری کەرکوک بەو پاک و خاوێنییە ببینم
ئەو وتەیەی عەمار حەكیم، لەبارەی پاك و خاوێنی كەركوكەوە لەكاتێكدایە لە دوو ساڵی رابردودا شارەكە بە خراپترین دۆخیدا تێپەڕدەبێت بەهۆی كەڵەكەبونی پاشماوەی زبڵ و خاشاك لە شەقام و كۆڵانەكانی ناو شار، بەجۆرێك بەپێی ئامارێك شارەوانی رۆژانە لە كۆی هەزار و 200 تەن زبڵ، تەنیا توانای پاككردنەوەی 200 بۆ 400 تەن-یان هەیە.
فەرەیدون عادل، سەرۆكی شارەوانی كەركوك پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ ئەوەی بتوانن شار لە زبڵ و خاشاك پاكبكەینەوە، مانگانە پێویستمان بە ملیارێك و 200 ملیۆن دینار هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا 200 ملیۆن دینارمان لەبەردەستدایە، ئەوەش لەكۆی شەش كەرتی ناو شار تەنیا دەتوانن یەك كەرتیان پاكبكەینەوە".
عەمار حەكیم كە حزبەكەی خاوەنی یەكێك لە گەورەترین فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراقە، لە درێژەی كۆڕ و كۆبونەوەكانیدا لە كەركوك، وتی "بەشێک لە کێشەکانی پەیوەست بە راوەستانی پڕۆژە خزمەنگوزارییەکان لە عیراق پەیوەستە بە خراپی دۆخی سیاسی وڵات و زۆربەی کێشە سیاسییەکان کاریگەری خراپ دەخاتەسەر هەموو سێکتەرەکانی وڵات و کارەکانی لاواز دەکات".
زۆربەی کێشە سیاسییەکان کاریگەری خراپ دەخاتەسەر هەموو سێکتەرەکانی وڵات و کارەکانی لاواز دەکات
زیاتر وتی "لە سەردەمی حزبی بەعس و سەردەمی دیکتاتۆریەت ئەم شارە بە دۆخێکی سەختی سیاسیی، ئەمنیی و کۆمەڵایەتیدا تێپەڕیی و لە سەردەمی دیموکراتیشدا بینیمان کە گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بونیاتنانی دەوڵەتیش بە بونیاتنانی کۆمەڵگاوە دروستدەبێت و ناکرێت دەوڵەتی عیراق بەهێزبێت لەکاتێکدا هاوڵاتی یراقی لاوازبێت... بۆ ئەوەی عیراقێکی بەهێزمان هەبێت پێویستمان بە هاونیشتیمانی بەهێز هەیە و هێزی گەل و وڵات لە یەکگرتن و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و خۆشەویستی دەوڵەتەوەیە، بۆیە رێکخستنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان و پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان متمانە و گرەنتی وڵاتێکی خۆشگوزەران دەدات".
سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتیمانی، پێیوایە "هاوڵاتیانی كەركوك لە نێوان خۆیاندا بێ کێشەن و سیاسییەکان جیاوازیی و کێشەی مەزهەبی بۆ مەرامی سیاسیی و کۆکردنەوەی دەنگی هاوڵاتیان بەکاردەهێنن و پاش ئەوەی سیاسییەکان دەگەنە مەرامی خۆیان ئەوە لەگەڵ نەیارەکانیان کۆدەبنەوە و کێکەکە دابەشدەکەن و هاوڵاتیانیش باجەکەی دەدەن و بەشێک لە گوتاری نەتەوەییش بۆ بابەتێکی سیاسییە".
ئەو سەردانەی حەكیم بۆ كەركوك، هاوكاتیشە لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عیراق كە بڕیارە لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.