فەلاح یایچلی: دەبوو نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە 16 هەزار دینار بوایە

كه‌ركوك/ شوباتی 2021/ گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی گروپی شه‌قام دژی خراپی ره‌وشی كاره‌با له‌به‌رده‌م ئیداره‌ی پارێزگا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان

فەلاح یایچلی، قایمقامی کەرکوک، رایدەگەیەنێت كە دەبوو نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان 16 هەزار دینار بوایە، بەڵام دەڵێت رچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتیانیان كردووە و كەمیانكردۆتەوە. لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی لە هەوڵدان بۆ مانگەكانی داهاتوو نرخەكە كەمبكەنەوە، ئەگەر لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێكبكەون.

ئەو وتەیەی یایچلی لە لێدوانێكیدا هات بۆ (كەركوك ناو)، دوابەدوای ناڕەزایی هاوڵاتیانی شارەكە لە دژی بەرزكردنەوەی نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان كە لە هەندێك گەڕەك بۆ هەر ئەمپێرێك 14 هەزار و 500 دینار دانراوە.

قایمقامی كەركوك وتی "هیچ نیازێکمان بۆ گۆڕینی نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدەکان بۆ مانگی ئایار نییە، ئەو نرخەی دیاریکراوە هێشتا شایستە نییە بە خاوەن مۆلیدەکان، لەڕاستیدا دەبوو 16 هەزار دینار بوایە بۆ هەر ئەمپێرێك، بەڵام ئێمە رچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتیانمان کردووە و داوامان لە خاوەن مۆلیدەکان کردووە لە بەشێک لە مافەكانیان خۆشبن بۆیە كراوەتە 14 هەزار و 500 دینار".

ئێمە رچاوی دۆخی دارایی هاوڵاتیانمان کردووە و داوامان لە خاوەن مۆلیدەکان کردووە لە بەشێک لە مافەكانیان خۆشبن بۆیە كراوەتە 14 هەزار و 500 دینار

ئەو هۆكاری بەرزی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەكانی بۆ كەمی كارەبای نیشتیمانی گەڕاندەوە كە لە مانگی ئایاردا تەنیا حەوت كاتژمێر دەدرا بە هاوڵاتیان لەهەر 24 كاتژمێرێكدا. "ئێمە بەدەست کێشەی کەمی کارەبای نیشتیمانییەوە دەناڵێنین، مەعقول نییە زۆرینەی هەرە زۆری كاتەكان بە كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان پڕبكەینەوە".

وتیشی "كێشەیەكی تری بەرزی نرخەكان ئەوەیە وەزارەتی نەوت هاوكارمان نییە لە دابینكردنی سوتەمەنی پێویست بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان... ئەو سوتەمەنییەی ئێستا بۆ مانگێك دەدرێت بە مۆلیدەکان تەنیا بەشی یەک هەفتە کارکردنیان دەکات". وتیشی "لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین، ئەگەر ئەم مانگە بگەینە ئەنجام ئەوە بەدڵنیاییەوە مانگی داهاتوو نرخی ئەمپێری كارەبا دادەبەزێنین، رەنگە بیكەینە هەشت بۆ نۆ هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێك".

ڤیدیۆ: ناڕەزایی هاوڵاتییەك دژی بەرزكردنەوەی نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە كەركوك. 3ی حوزەیران

ئەو لێدوانەی قایمقامی کەرکوک لەکاتێکدایە هاوڵاتیان و چالاکوانانی كەركوك، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی تر لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو 7ی حوزەیران دژی كەمی كارەبا و زۆری نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان. ئەوەش دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردودا دوو خۆپیشاندان بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT