ئاواره‌كانی كه‌مپی شاریا، رێگه‌یان پێده‌درێت له‌بری دانانی خێوه‌ت به بلۆك شوێنی مانه‌وه‌یان بنیاتبنێن، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه زیانی زۆریان به‌ركه‌وت.
نیشاندانی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ی ئاواره‌كان، دوابه‌دوای چه‌ند رۆژێك دێت له روداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه له كه‌مپی شاریا، كه به‌هۆیه‌وه نزیكه‌ی 200 خێزان خێوه‌ت و پێداویستییه‌كانی ناوماڵیان سوتا.
كاروان زەكی، لیپرسراوی بەشی راگەیاندن لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان –سه‌رپه‌رشتی دۆسیه‌ی ئاواره و په‌نابه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن- به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و لیژنه‌یه‌ی دوای روداوه‌كه پێكهێنرا، تاوتوێی داواكاری ئاواره‌كانی كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌جێگه‌ی خێوه‌ته سوتاوه‌كان بلۆك دابنێن نه‌ك خێوه‌تی دیكه، به ئامانجی پاراستنیان له روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی تر، بۆیه بڕیاردرا داواكارییه‌كه‌یان په‌سه‌ند بكرێت".
ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك، میری ئێزیدییان، ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان و ده‌زگای خێرخوازی له‌و لیژنه‌یه‌دا بون.
"بڕیاره‌كه له قۆناغی یه‌كه‌مدا ته‌نیا ئه‌و خێزانانه ده‌گرێته‌وه له روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا خێوه‌تیان سوتا و زیانیان به‌ركه‌وت" ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی زه‌كی، كه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له قۆناغی دواتردا هه‌وڵده‌ده‌ن ته‌واوی خێوه‌ته‌كانیان شاریا لابده‌ن و له‌جێی ئه‌وه به بلۆك شوێنی مانه‌وه بنیاتبنێن.
له روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی 4ی حوزه‌یرانی 2021 له كه‌مپی شاریا، زیاتر له 300 خێوه‌ت سوتان، به‌ڵام زیانی گیانی لێنه‌كه‌وته‌وه.
كاروان زه‌كی وتی ئێستا ده‌زگای خێرخوازی بارزانی به كاتی خێوه‌ت بۆ زیانلێكه‌وتوانی ئاگره‌كه داده‌نێت تا ته‌واوبونی پلانی بنیاتنانی شوێنی مانه‌وه‌یان كه هێشتا نازانرێت بۆ هه‌ر خێزانێك چه‌ند ژور دروستده‌كرێت.
كه‌مپی شاریا له قه‌زای سێمێلی پارێزگای دهۆكه و نزیكه‌ی دوو هه‌زار و 500 خێزانی ئاواره‌ی تێدایه و زۆرینه ئێزیدین.
لێپرسراوه‌كه‌ی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان ده‌ڵێت بڕیاری دانانی بلۆك له‌بری خێوه‌ت بۆ كه‌مپه‌كانی تر ده‌رنه‌چووه.
له هه‌رێمی كوردستان 26 كه‌مپی ئاواره‌یی و 10 كه‌مپی په‌نابه‌ری هه‌ن.
پیر عەلۆ كەچەل، بەرێوەبەری كەمپی خانكێ له دهۆك بە (كەركوك ناو ی وت "بڕیاری دانانی بلۆك بۆ كه‌مپه‌كانی تر ده‌رنه‌چووه، به‌ڵام سه‌دا 85ی ئاواره‌كانی كه‌مپی ئێمه شوێنی مانه‌وه‌یان به بلۆك دروستكردووه، چونكه خاوه‌نی زه‌وی كه‌مپه‌كه لاری نه‌بووه به‌مه‌رجێك دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ زێدی خۆیان بلۆكه‌كان لابده‌ن".
زۆربه‌ی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی له پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق داخراون، دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتوانیان بۆ زێدی خۆیان، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره له هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێنه‌كراوه.
"گۆڕینی خێوه‌تی ئاواره‌كان به بلۆك هه‌نگاوێكی باشه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی روداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه و ئه‌و زیانانه‌ی لێیده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌گه‌ریش روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه هه‌بێت ئه‌وا زیانه‌كانی كه‌متر ده‌بن" پیر عه‌لۆ وای وت.
له قه‌زای شنگالیش دوو هاوڵاتی خێرخواز، ئاماده‌ییان نیشانداوه به به‌خشینی 600 پارچه زه‌وی نیشته‌جێبون به‌و خێزانه ئاوارانه‌ی ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه، تا خانوی له‌سه‌ر بنیاتبنێن.
له هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له 600 هه‌زار ئاواره هه‌ن و سه‌دا 30یان له پێكهاته‌ی ئێزیدین كه زۆرینه‌یان خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان به تایبه‌ت قه‌زای شنگال، به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان بۆ ئایاری 2021.