187 خێزانی ئاوارە خێمە و تەواوی پێداویستییەكانیان سوتاون و بێ جێگە ماونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئاگرەكەی كەمپی شاریا لە دهۆك كە نزیكەی 400 خێمە بە تەواوی پێداویستییەكانییەوە سوتاون و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەكان لانیكەم 750 ملیۆن دینار زیانیان بەركەوتووە.
ئاگرەكە كە خەڵكی كەمپەكە هۆكارەكەی بۆ شۆرتی كارەبا دەگەڕێننەوە، بەڵام بەرگری شارستانی گومانی لێی هەیە و لێكۆڵینەوە دەكات، دواینیوەڕۆی هەینی 4ی حوزەیران لەو كەمپە كەوتەوە كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی لە پێكهاتەی ئایینی ئێزیدین.
سەعید ئەلیاس، ماوەى حەوت ساڵە لەو كەمپە دەژیت، وتی "سەرەتا ئاگرەكە زۆر نەبوو، تەلەفونمان بۆ ئاگركوژێنەوەی كەمپ كرد، بەڵام وتیان لەكاركەتووە، خەڵكەكە نەیانتوانی كۆنترۆڵی بكەن، بۆیە تەلەفونمان بۆ ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوەی دهۆك كرد، تا ئەوان گەیشتن هەموو شت لە كۆنترۆڵ دەرچوبوو".
سەرەتا ئاگرەكە زۆر نەبوو، تەلەفونمان بۆ ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوەی كەمپ كرد، بەڵام وتیان لەكاركەتووە
بەپێی خەڵكی كەمپەكە كە ئەمڕۆ شەممە 5ی ئایار پەیامنێری (كەركوك ناو) سەردانی كردن، ئاگرەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە لەناو یەكێك لە خێمەكان، بەڵام لێپرسراوانی بەرگری شارستانی دهۆك دەڵێن لە لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامن و گوماندەكەن لەوەی شۆرتی كارەبا بێت.
كەمپی شاریا بەدوری 20كم لە ناوەندی دهۆكەوە دورە، دوو هەزار و 500 خێزان لێی دەژین، لەو ژمارەیە 187 خێزانیان خێمەكانیان بە تەواوی پێداویستییەكانەوە سوتاون و ئێستا بێ جێگەن. بەشێك لەو خێزانانە دوو یان سێ خێمەیان هەبووە.
بەپێی خەمڵانە سەرەتاییەكانی ئیدارە و خەڵكی كەمپەكە، ئاگرەكە زیانی لانیكەم 750 ملیۆن دیناری لە ئاوارەكان داوە.
لە ئێستادا ئەوانەی خێمەكانیان سوتاون بەسەر خێمە و كەمپەكانی تردا یان خوێندنگەكانی كۆمەڵگەی شاریادا دابەشبون.
سەعید ئەلیاس، وتی "لەناو خێمەكەمدا دانیشتبوین، لەپڕ دەنگى ئاوارەکان بەرزبۆوە و داوایاندەكرد هەموان خێمەكانمان چۆڵبكەین، دەستی منداڵەكانم گرت و رامكرد". زیاتر وتی "ئەمە یەکەمجارە ئاگرێکى وا گەورە و بەهێز لەناو کەمپدا ببینم، سێ خێمەم سوتان، هیچ كەلوپەلێكم نەمان...".
سەعید كە دوو رۆژ بەر لە ئاگرەكە ئۆتۆمبێلەكەی بە 11 ملیۆن دیناری عیراقی فرۆشتووە، وتی "شەش لەو 11 ملیۆنەم دابۆوە قەرز، پێنج ملیۆنەكەی تر سوتان... حەوت ساڵە بە هەژارى هەندێک پارەم کۆکردەوە لە ماوەى چەند خولەکێکدا هەموى سوتا".
لەناو كەمپەكە ئۆتۆمبێلێكی ئاگركوژێنەوە هەبووە، بەڵام ماوەیەكە مەكینەكەی لەكاركەتووە، خەڵكەكە دەڵێن چەند جارێك بە بەڕێوەبەری كەمپەكەیان وتووە چاكی بكات، بەڵام "كەمتەرخەمی كردووە".
ئیدارەی پارێزگای دهۆك لەیەكەم هەنگاودا، بەڕێوەبەری كەمپەكەیان دورخستەوە و لێكۆڵینەوەكانیان هێشتا كۆتایی نەهاتووە لەبارەی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكەوە.
سالم بەدەل، نزیکەى حەوت ساڵە لە کەمپى شاریا دەژیت، وتی "ئەم كەمپە هەر پشتگوێخراوە و كەمترین خزمەتگوزاریی بۆ دەكرێت... روداوەکە فەرمانێکى تر بوو بەسەر ئێزیدییەکان، حەوت ساڵە داوا لە کارگێڕی کەمپ دەکەین لە جیاتى خێمە رێگەمان بدات خۆمان بە بلۆك شوێنی مانەوە دروستبكەین، بەڵام رێگەنادەن".
روداوەكە جگە لە سوتانی شەش كەس بە سوكی و تەنگەنەفەسبونی 30ی كەسی تر هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
لەناو كەمپەكەدا بازرگانێك 50 هەزار دۆلار و 100 ملیۆن دیناری زیانی لێكەوت و بەشێكی سوتان.
بێوار عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری راگەیاندنى بەرگرى شارستانى دهۆک، وتی "دوای دوو كاتژمێر لە گەیشتنمان ئینجا توانیمان ئاگرەكە كۆنترۆڵبكەین، تەنانەت تیمی فڕۆكەشمان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە بەكارهێنا".
تەنانەت تیمی فڕۆكەشمان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە بەكارهێنا
بەپێی ئاماری ئەوان 400 خێمەی 187 خێزان سوتاون.
"لیژنەیەكی هاوبەشی ئیدارەی كەمپ، ئیدارەی پارێزگای دهۆك و بەرگری شارستانی سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن بۆ ئاشكراكردنی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە و كەمتەرخەمییەكان"، بێوار وایوت.
ئیدارەی پارێزگای دهۆك بڕیاریداوە قەرەبوی زیانلێكەوتووان بكاتەوە، ئەوەش هاوشانی هەڵوێستی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقە، بەڵام هێشتا رێوشوێنەكان دیارینەكراون بۆ قەرەبوكردنەوە و بڕەكەی.
جەوهەر عەلى بەگ ، جێگرى میرى ئێزدییان بە (کەرکوک ناو)ى وت "چاوەڕێی لێپرسراوانی پارێزگای دهۆك دەكەین، بەڵێنیان پێداوین قەرەبوی زیانلێكەوتووان بكەنەوە".
"ئەمە کارەساتێکى مرۆیی زۆر گەورە بوو، داوا لە هەموو رێکخراوەکان و کەسانى خێرخواز دەکەین هاوکارى پێشکەش بەو خێزانانە بكەن"، جەوهەر عەلى بەگ وایوت.
هەكار محەمەد كە وەكو بەڕێوەبەری نوێی كەمپ دیاریكراوە، دەڵێت "بەدڵنیاییەوە قەرەبوو دەكرێنەوە"، بەڵام ئەوە دەكەوێتە دوای لیژنەی لێكۆڵینەوە.
ئەوە یەكەمجار نییە ئاگر لە كەمپی ئاوارەكان دەكەوێتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە كەمپی بێرسیڤ لە زاخۆ نزیكەی 25 ئاگر كەوتۆتەوە.
پێشتر (كەركوك ناو)، لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە كە كێشەی كەمپەكان ئەوەیە بنكەی ئاگركوژێنەوەی لێ نییە، ئەوەش هۆكارێكی زیانی ئاگرەكانە.