له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌دا بنكه‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌ نییه‌

دهۆك/ تشرینی یه‌كه‌می 2020/ شوێنه‌واری روداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌مپی بێرسیڤی قه‌زای زاخۆ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز - دهۆك

خه‌لۆ قاسم توڕه‌ و نیگه‌رانه‌، سه‌رباری خراپی گوزه‌رانی نێو خێوه‌ت، خه‌می گه‌رمای هاوین و روداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌یه‌، چونكه‌ هیچ بنكه‌یه‌كی ئاگركوژێنه‌وه‌ له‌ كه‌مپه‌كه‌یاندا نییه‌.

ئه‌و جارێك تاڵاوی ئه‌و روداوه‌ی چه‌شتووه‌، له‌ شوباتی 2021دا ئاگر له‌ خێوه‌ته‌كه‌ی به‌ربوو، سێ منداڵی به‌رێژه‌ی تا نزیكه‌ی سه‌دا 30 سوتان، بێجگه‌ له‌وه‌ی ته‌واوی پێداویستییه‌كانی ناوماڵه‌كه‌ی بوون به‌ خۆڵه‌مێش.

"له‌هه‌موی ناخۆشتر سێ منداڵم سوتان، تائێستاش هه‌فتانه‌ دوجار بۆ چاره‌سه‌ر ده‌یانبه‌م بۆ نه‌خۆشخانه‌ و هه‌رجاره‌ بایی 50 هه‌زار دینار ده‌رمان و چاره‌سه‌ریان بۆ وه‌رده‌گرم" خه‌لۆ قاسم، نیشته‌جێی كه‌مپی بێرسیڤ له‌ زاخۆ وای وت.

ئه‌و حه‌وت ساڵه‌ زێدی خۆی له‌ شنگال به‌جێهێشتووه‌ و ئاواره‌یه‌، سێ منداڵی هه‌یه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی شنگال و له‌كاتی پشوه‌كانیشدا كرێكاری ده‌كات.

هه‌موو شتێكمان سوتا؛ ته‌له‌فزیۆن و غه‌ساله‌ و سه‌لاجه‌ و كه‌لوپه‌لی تر

"ته‌نیا ره‌گه‌زنامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانی خۆم بۆ ده‌رچوو، ئه‌وانه‌ی خێزان و منداڵه‌كانیشم سوتان، هه‌موو شتێكمان سوتا، ته‌له‌فزیۆن و غه‌ساله‌ و سه‌لاجه‌، كه‌لوپه‌لی تر و بڕێك پاره‌شكه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ داماننابوو".

هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوی سوتانی خێوه‌ته‌كه‌ی خه‌لۆ ئاشكرانه‌كراوه‌.

خه‌لۆ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ هه‌ر روداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا، ته‌نیا خه‌ڵكی كه‌مپ فریای خۆیان ده‌كه‌ون، به‌ ده‌به‌ و سه‌تڵ ئاو ده‌هێنن و ئاگره‌كه‌ كۆنتڕۆڵده‌كه‌ن، چونكه‌ هیچ بنكه‌یه‌كی ئاگركوژێنه‌وه‌ له‌ كه‌مپدا نییه‌".

camp..agr
دهۆك/ 10ی ئایاری 2021/ سوتانی دوكانێك له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی شاریا فۆتۆ: بۆ كه‌ركوك ناو نێردراوه‌

له‌ كه‌مپی بێرسیڤی زاخۆوه‌ بۆ نزیكترین بنكه‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌، به‌وته‌ی ئاواره‌كان نزیكه‌ی 25 خوله‌كی پێویسته‌ تا بگات، بۆیه‌ زۆربه‌ی كات تا گه‌یشتنی ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه‌ چه‌ندین خێوه‌ت به‌ ته‌واوی ده‌سوتێن.

به‌پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان ته‌نیا له‌و كه‌مپه‌دا و له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ نزیكه‌ی 20 روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی گه‌وره‌ و بچوك تۆماركراون.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ 26 كه‌مپی ئاواره‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و 16 كه‌مپیان ده‌كه‌ونه‌ سنوری پارێزگای دهۆك، به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم.

بێوار عەبدولعەزیز، لێپرسراوی به‌شی راگه‌یاندن لە بەرێوەبه‌رایەتی گشتی بەرگری شارستانی پارێزگای دهۆك بە (كەركوك ناو)ی وت "ئیداره‌ی كه‌مپ و ئاواره‌كان زۆرجار داوای كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌یان كردووه‌ به‌ڵام ناتوانین بۆ هه‌موو كه‌مپێك بنكه‌ یان ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه‌ دابنێین، ته‌نانه‌ت له‌زۆر ناوچه‌ی دهۆك بۆشاییمان هه‌یه‌ و نه‌مانتوانیوه‌ بنكه‌ بكه‌ینه‌وه‌".

ئه‌و ده‌ڵێت به‌ هه‌موو دهۆك، به‌ حه‌وت قه‌زاكه‌وه‌ 41 بنكه‌ هه‌یه‌ و هه‌ر بنكه‌یه‌كیش دوو تا سێ ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویستیان به‌ كارمه‌ند و ئۆتۆمبێلی دیكه‌ هه‌یه‌ و ته‌نیا توانیویانه‌ له‌ هه‌ندێك كه‌مپ تیمی كاتی دابنێن.

له‌ هه‌ر كه‌مپێكدا بنكه‌یه‌كی ئاگركوژێنه‌وه‌ دابنرێت زیانه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ سه‌دا 50 كه‌مده‌كرێنه‌وه‌

له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 666 هه‌زار ئاواره‌ هه‌ن، زۆرینه‌یان له‌ عه‌ره‌بی سونه‌ و خه‌ڵكی پارێزگای نه‌ینه‌وان، به‌دوایدا پێكهاته‌كانی ئێزیدی، كریستیان و خه‌ڵكی پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراق دێت، به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ نیسانی 2021.

"له‌ هه‌ر كه‌مپێكدا بنكه‌یه‌كی ئاگركوژێنه‌وه‌ دابنرێت زیانه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ سه‌دا 50 كه‌مده‌كرێنه‌وه‌" به‌وته‌ی خێرۆ سه‌عدۆ، ئاواره‌ی ئێزیدی له‌ كه‌مپی ئیسیانی شێخان بۆ (كه‌ركوك ناو).

خێرۆ له‌ ساڵی رابردودا دوجار خێوه‌ته‌كه‌ی سوتاوه‌ و زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێت "داوای كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌ بۆته‌ خه‌ون بۆ ئێمه‌، دڵنیاشم تا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ شنگال ئه‌و داواكارییه‌مان هه‌ر جێبه‌جێناكرێت".

"به‌ ئاوی ده‌به‌ و هاوكاری خه‌ڵكی كه‌مپ روداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ كۆنتڕۆڵده‌كرێن، هه‌ردوو جاره‌ به‌وشێوه‌یه‌ ئاگری خێوه‌ته‌كه‌ی من كوژێنرایه‌وه‌، واملێهاتووه‌ كه‌ هاوین دێت له‌ ترسی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ناحه‌سێینه‌وه‌، ده‌ترسم زیان به‌ منداڵه‌كانم بگات" خێرۆ سه‌عدۆ وای وت.

ڤیدیۆ: 2020/ روداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ كه‌مپێكی ئاواره‌كانی دهۆك كه‌ خه‌ڵك خۆیان هه‌وڵی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ ده‌ده‌ن

له‌ چه‌ندین روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی كه‌مپدا زیانی گیانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ 17ی شوباتی 2021 له‌ كه‌مپێكی زاخۆ رویدا و به‌هۆی سوتانی خێوه‌تێكه‌وه‌، پیاوێك و سێ منداڵ گیانیانله‌ده‌ستدا.

لێپرسراوه‌كه‌ی بەرگری شارستانی دهۆك وتی "نایشارمەوە بەشێكی زۆر لە روداوەكانی ئاگركەوتنەوە لەلایەن خەڵكی كەمپەوە كۆنتڕوڵدەكرێن، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ نەبونی بنكەكانی ئێمە و كەمی تواناكانمان لەڕوی كارمەند و ئۆتۆمبێله‌وه‌".

بێوار عەبدولعەزیز ده‌ڵێت هێنده‌ی له‌ توانایاندایه‌ چونه‌ كه‌مپ و خولی هۆشیاری و چۆنیه‌تی كۆنتڕۆڵی ئاگركه‌وتنه‌وه‌یان بۆ ئاواره‌كان كردۆته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی روداوه‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ دیارنین به‌ڵام به‌وته‌ی بێوار ئه‌وه‌ی له‌ كه‌مپه‌كاندا روده‌دات "به‌هۆی شێوازی دانانی خێوه‌ت و نزیكییان له‌ یه‌كترییه‌وه‌یه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر وایه‌ری كاره‌با و له‌ نزیكی یه‌كتری بڵاوبونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌یش هۆكارن بۆ دروستبونی شۆرتی كاره‌با و كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر".

له‌ دوای هه‌ر روداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ لێپرسراوانی كه‌مپ به‌ پێدانی خێوه‌تی نوێ و هه‌ندێكجار كه‌لوپه‌لی ناوماڵ كه‌سی زیانلێكه‌وتوو قه‌ره‌بوو ده‌كه‌نه‌وه‌.

بەشێكی زۆر لە روداوەكانی ئاگركەوتنەوە لەلایەن خەڵكی كەمپەوە كۆنتڕوڵدەكرێن

كاروان زه‌كی، لێپرسراوی راگه‌یاندن له‌ ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهەنگی قەیرانەكان كە سەرپەرشتی هەموو كەمپەكانی ئاوارەیی ده‌كه‌ن به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دیزاینی دانانی خێوەت لەناو كەمپدا كە زۆر نزیكن لەیەكتری، وادەكات له‌ روداوێكی ئاگركەوتنەوەدا ئاگرەكە زیاتر تەشەنە بكات".

ئه‌و ده‌ڵێت هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ بەرگری شارستانی دهۆك هەیە و له‌ هه‌ر روداوێكدا ده‌گه‌نه‌ ناو كه‌مپ، "به‌ڵام به‌رگری شارستانی ناتوانێت لەهەر كەمپێكدا بنكەیەك یان ئۆتۆمبێلێكی ئاگركوژێنه‌وه‌ دابنێت، ئەم داواكارییە بۆ ئەوان قورسە".

به‌وته‌ی زه‌كی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كانی ئاگركەوتنەوە لەناو كەمپدا "زۆر ئاساییە و لە هەموو شوێنێك هەیە" سه‌رباری ئه‌وه‌ش هەوڵی جددی ده‌ده‌ن تا بەرگری شارستانی لە هەندێك كەمپدا ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه‌ دابنێن.

ته‌نیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نه‌ینه‌وا كه‌مپی ئاواره‌یی ماون و ئه‌وانیتر حكومه‌تی عیراقی له‌ ساڵی رابردوودا هه‌موویانی داخست و ئاواره‌كانی گه‌ڕانده‌وه.

له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش (2014-2017) نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بون و هێشتا نزیكه‌ی ملیۆنێك كه‌س بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT