حزب و لایەنە سیاسییە كوردییەكانی كەركوك، گۆڕانكارییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان قبوڵدەكەن، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی تێبینیان هەیە و پشكی كورد لەو كۆمسیۆنە بە "كەم" دەزانن.
ئەو كۆبونەوەیە 16 حزب و لایەنی سیاسی كوردی، له كۆبونهوهیهكدا هات كە ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئایار لە مەڵبەندی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كەركوك بەڕێوەچوو و هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ بایكۆتیان كرد، تیایدا وەڵامی نیگەرانییەكانی بەرەی توركمانی و ئەنجومەنی عەرەبییان دایەوە لەبارەی گۆڕانكارییەكان لە پێكهاتەی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.
محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەكی بەناوی هەر 16 حزب و لایەنەكە خوێندەوە و جەختیكردەوە "وێڕای تێبینیمان لەسەر گۆڕانكارییەكان و دورخستنەوەی بەڕێوەبەری نوسینگەی كەركوك لە پشكی كورد... بەڵام رێزی تەواو لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و هەموو رێكارە یاسایی و ئیدارییەكان دەگرین لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە عیراقدا".
عوسمان جەختیشیكردەوە لەوەی پشكی كورد لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێی ژمارەی كورسییەكانی نییە و "كەمتر لەسەدا 25ی لێپرسراوی بەش و هۆبەكانی ناو نوسینگەی كەركوك كوردن... دەبوو لە سەروی لەسەدا 50ی لێپرسراوی بەشەكان كوردبن".
لە پارێزگای كەركوك، لە كۆی 13ی كورسی پەرلەمانی، كورد شەش كورسی هەیە، عەرەب و توركمانیش یەكی سێ كورسیی و كریستیانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.
ڤیدیۆ: كۆنگرهی رۆژنامهوانی لێپرسراوانی حزبه كوردییهكان له كهركوك
حزب و لایەنە كوردییەكان هەڵوێستی ئەمدواییەی بەرەی توركمانی و ئەنجومەنی عەرەبییان لەبارەی گۆڕانكارییەكانی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە "دەستوەردان" لە كاروباری كۆمسیۆن ناوبرد.
هەریەكە لە بهرهی توركمانیی و ئهنجومهنی عهرهبی 6ی حوزەیران گۆڕانكارییه ئیدارییهكانی ئۆفیسی كهركوكی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانیان رەتكردەوە و به "ناهاوسهنگ و پێشێلكاریی رونی دهستوریی" ناویانبرد.
كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان له عیراق، 2ی حوزهیرانی 2021 زنجیرهیهك گۆڕانكاری له پۆسته ئیدارییهكانی ئۆفیسی كهركوكدا كرد، لەوانە لابردنی سهوسهن تهیب (لە نەتەوەی كورد)و دانانی لوئهی ئهركان كاكهیی له پۆسیتی بهڕێوهبهری ئۆفیس و گۆڕینی لێپرسراوی بهشهكانی راگەیاندن، تۆماری دەنگدەران، راهێنان، خزمەتگوزاری، بەشی حزبەكان و كاروباری كاندیدەكان، دارایی، یاسایی و كارگێڕی.
محەمەد عوسمان وتیشی "لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە 120 پۆستی ئیداریی و ئەمنی لە كەركوك لە دەستی كورد نەماون... بەشیک لەو لێپرسراوانەی كورد خۆیان پۆستەكانیان بەجێهێشتووە و بەشێكی تریان لێیان وەرگیراوەتەوە".
حزب و لایەنە كوردییەكان هەر لەو كۆبونەوەیەی ئەمڕۆ سێشەممەدا، بڕیاریاندا شەممەی داهاتوو هەڵویستی نوێی خۆیان رابگەیەنن لەبارەی دۆخی خزمەتگوزاری شاری كەركوك، كە یەكێك لە بژاردەكانیان ئەنجامدانی خۆپیشاندانە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، كۆبونەوەیەكی هاوبەشی رێكخراوە جەماوەرییەكانی حزبە كوردییەكان لە بارەگای حزبی شیوعی بەڕێوەچوو، كە ئامانج لێی دروستكردنی تۆڕێكی رێكخراوەیی بوو بۆ بەدواداچون لەبارەی كەمی خزمەتگوزاریی لە شارەكە، لە نێویاندا كەمی بڕی كارەبا و چاودێرینەكردنی نرخی شتومەك لە بازاڕدا.
حەسەن حسێن، لێپرسراوی رێکخراوە جەماوەریى و پیشەییەکانى حزبی شیوعى کوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمانەوێت چاودێر بین بەسەر ئیدارەی كەركوك و بەدواداچون بكەین بۆ گرانی لە بازاڕدا".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە بڕیارە خۆپیشاندان بكەن، حەسەن وتی "خۆپیشاندانى گشتى پەیوەستە بە دواین هەڵوێستی حزبە كوردییەكان كە بڕیارە شەممەی داهاتوو بۆ ئەو مەبەستە كۆببنەوە".