ژماره‌یه‌ك له هاوڵاتیان و پیاوانی ئایینی ئێزیدی، رێگه به دروستكردنی حوسێنییهك له گونده‌كه‌یان ناده‌ن و بناغه‌كه‌ی ده‌ڕوخێنن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌قفی شیعه‌دا روبه‌ڕوی هیچ بارگرژییه‌ك ببنه‌وه.
پێنجشه‌ممه 10ی حوزه‌یرانی 2021، دانیشتوانی گوندی سكێنییه له سنوری قه‌زای شنگال، هه‌یكه‌ل و بناغه‌ی خانویه‌كیان له‌سه‌ر كانیاوێكی گونده‌كه روخاند، كه به‌وته‌ی ئه‌وان بڕیاربووه له‌لایه‌ن شیعه‌ی كه‌ربه‌لا به هاوكاری شیعه‌كانی قه‌زاكه بكرێته حوسێنییه.
فاخر خه‌ڵه‌ف، پیاوی ئایینی ئێزیدی و به‌شدار له تێكدانی ژوره‌كه‌دا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێش روخاندنی خانوه‌كه له‌گه‌ڵ وه‌قفی شیعه‌دا قسه‌مان كرد و وتمان قبوڵناكه‌ین مه‌زارگه و حوسێنییهك له‌و گونده دروستبكرێت، دوای گفتوگۆ، به خۆشحاڵییه‌وه قایل بون".
دوای تێكدانی ژوره‌كه، كه‌ره‌سته‌كانی بیناسازی و بلۆكه‌كان، راده‌ستی وه‌قفی شیعه‌ی شنگال كراون.
نه‌مانوتووه گوندی سكێنییه هی شیعه‌كانه، ته‌نیا وتومانه كانیاوهكهی گوند لای شیعه پیرۆزه
"ئێمه و شیعه براین، ئێمه مه‌زارگه و شوێنی ئایینی له‌سه‌ر زه‌وی شیعه‌كان دروستناكه‌ین و قبوڵناكه‌ین ئه‌وانیش له شوێنه‌كانی ئێمه حوسێنییه دروستبكه‌ن" خه‌ڵه‌ف وای وت.
ئه‌و خانوه له‌سه‌ر كانیاوی گوندی سكێنییه، 7ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی شیعه‌ی كه‌ربه‌لاوه ده‌ست به‌بنیاتنانی كراوه.
سوبحی ئه‌لیاس، نوێنه‌ری وه‌قفی شیعه له شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نه‌مانوتووه گوندی سكێنییه هی شیعه‌كانه، ته‌نیا وتومانه كانیاوهكهی گوند لای شیعه پیرۆزه، هه‌ندێك له شیعه‌كانی ناوچه‌ی تواریجی كه‌ربه‌لا له نزیك كانیاوه‌كه ژورێكیان دروستكردووه له‌گه‌ڵ توالێت، ته‌نیا بۆ پشودانی ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانی شوێنه‌كه ده‌كه‌ن نه‌ك دروستكردنی حوسێنییه".
به‌ڵام ئێزیدییه‌كانی ئه‌و گونده ده‌ڵێن ژوره‌كه بناغه‌ی دروستكردنی حوسێنیییه.
گوندی سكێنییه چوار كیلۆمه‌تر له ناوه‌ندی شنگاله‌وه دوره و كانیاوێكی تێدایه كه به‌لای خه‌ڵكه‌وه پیرۆزه و ئاوی كانیاوه‌كه بۆ چه‌ندین نه‌خۆشی به‌كارده‌هێنرێت.
"ریوایه‌تی پیرۆزی ئه‌و كانیاوه ئێزیدییه‌كانیش ده‌یزان و شایه‌تی بۆ راستی ده‌ده‌ن" به‌وته‌ی نوێنه‌ری وه‌قفی شیعه.
به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی شیعه دوای شه‌هیدكردنی ئیمام حوسێن كوڕی عه‌لی، سوپای ئیسلام ده‌چنه شنگال تا بچنه شام، له ده‌وروبه‌ری گوندی سكێنییه فاتیمهیكچی ئیمام حوسێن ون ده‌بێت و له‌سه‌ر كانیاوی گونده‌كه ده‌دۆزرێته‌وه.
"له هیچ كات و سه‌رده‌مێكدا موسڵمانی شیعه و سونه له‌و گونده‌دا نه‌بون، هه‌ر زێدی ئێزیدییان بووه، بۆیه قبوڵناكه‌ین كه‌س گونده‌كه داگیربكات" هادی سڤۆك واده‌ڵێت.
هادی یه‌كێكه له كه‌سایه‌تییه‌كانی عه‌شیره‌تی قیران له گوندی سكێنییه و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ده‌یانویست دوای ته‌واوكردنی ئه‌و ژوره له‌سه‌ر كانیاوه‌كه، چه‌ندین ژوری دیكه دروستبكه‌ن و بیكه‌ن به حوسێنییه، بۆیه له‌گه‌ڵ شیعه‌ی شنگال قسه‌مان كرد و خانوه‌كه‌مان تێكدا".
هه‌روه‌ها وتی به بارهه‌ڵگرێك بلۆك و كه‌ره‌سته‌كانی خانوه‌كه‌یان ره‌وانه‌ی مه‌زارگه‌ی سه‌یده زه‌ینه‌ب له شنگال كردووه چونكه وتویانه كه‌ره‌سته‌كان له كه‌ربه‌لاوه هێنراون و به‌لایانه‌وه پیرۆزن.
گوندی سكێنییه پێشتر دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 300 خێزان بون و ئێستا نزیكه‌ی 20 خێزان بۆ گونده‌كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، كه زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی له عه‌شیره‌ته‌كانی قیرانی و مهنكای ئێزیدیین.
ئه‌و گونده هه‌ر زێدی ئێزیدییه‌كان بووه و قبوڵناكه‌ین كه‌س داگیری بكات
خال عه‌لی، فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاوی كانی سكێنییه لای شیعه و خه‌ڵكی عیراق به گشتی پیرۆزه، ساڵانێكه له شاره‌كانی تره‌وه خه‌ڵك بۆ بردنی ئاوه‌كه ده‌چنه ئه‌و ناوچه‌یه، بۆیه له‌گه‌ڵ خاوه‌نی زه‌وی نزیكی كانیاوه‌كه قسه‌كراوه تا ژورێك بۆ حه‌وانه‌وه دروستبكرێت و ئه‌ویش سه‌ره‌تا قایل بووه".
به‌وته‌ی ناوبراو دوای دروستبونی ناڕه‌زایی و گومانی هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای گونده‌كه، خاوه‌نی زه‌وییه‌كه په‌شیمان بۆته‌وه، شیعه‌ش قایل بووه به تێكدانی ژوره‌كه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی بیناسازی بۆ مه‌زارگه‌ی سه‌یده زه‌ینه‌ب.
له شنگال جگه له زۆرینه‌ی ئێزیدی، موسڵمانی شیعه و سونه، كریستانیش هه‌ن.
له‌كاتی هێرشه‌كانی داعشدا هه‌شت مه‌زارگه‌ی شیعه ته‌قێنرانه‌وه و تائێستا دوانیان نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه، له‌وانه سه‌یده زه‌ینه‌ب.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.