نزیكەی 130 ملیۆن دینار بۆ زیانلێکەوتووانى کەمپى شاریا کۆکراوەتەوە، جگە لە كەلوپەل و پێداویستی تر لە نێویاندا هاوكارییەكانی نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عیراق كە بۆ هەر خێزانێك تەباخ، موبەڕیدە و تانكی ئاو و پێداویستی تری رەوانەكردووە.
بەپێی دواین ئامار، لە ئاگركەوتنەوەكەی كەمپی شاریا تایبەت بە ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆك لە 4ی حوزەیران، 280 خێمە سوتان، 136 خێزان هەموو كەلوپەلەكانیان بەهۆی ئاگرەكەوە لەناوچوو و 90 خێزانی تریش بەشێك لە خێمە یان كەلوپەلەكانیان سوتان.
دوای روداوەكە چەند هەڵمەتێكی جۆراوجۆر بۆ كۆكردنەوەی هاریكاریی لە پارە و پێداویستی تر دەستیپێكرد و كۆی گشتی ئەو پارەیەی بۆ زیانلێكەوتووان كۆكراوەتەوە نزیكەی 130 ملیۆن دینارە، ئەمە بەو بڕە پارەیەشەوە كە لەلایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقەوە بەسەر زیانلێكەوتوواندا دابەشكرا.
سێشەممە 13ی حوزەیران، هەر یەكێك لەو 136 خێزانە بڕی 500 هەزار دیناری پێدرا. بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتودا ئەو سندوقە بكرێتەوە كە تایبەتكرابوو بە كۆكردنەوەی هاوكاری پارە بۆ ئاوارەكان و بەپێی پێشبینی ئیدارەی كەمپەكە لانیكەم 50 ملیۆن دیناری تیایە.
ژمارەیەك گەنجی خۆبەخشی قەزای شنگالیش هەمان رۆژی روداوەكە سندوقێكیان لە ناوەڕاستی شنگال دانا بۆ كۆكردنەوەی هاوكاریی و بڕی پێنج ملیۆن و 445 هەزار دیناریان كۆكردەوە.
هەکار محەمەد، بەڕێوەبەرى کەمپى شاریا بە (کەرکوک ناو)ی وت "سندۆقێكمان داناوە بۆ پارە، كۆگایەكیش بۆ كەلوپەل، هەركەسێك هاوكاریی دەهێنێت فۆرمێكی پێ پڕدەكەینەوە و بڕی پارە یان جۆری هاوكارییەكە دەنوسێت... لیژنەیەكمان بۆ داناوە كە رێكخراوی خێرخوازی بارزانی سەرپەرشتی دەكات".
هەكار وتی "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، سندوقەكە 50 ملیۆن دیناری تیایە، ئێمە نەك تەنیا بۆ ئەو 136 خێزانە، بەڵكو هەموو ئەوانە قەرەبوودەكەینەوە كە لەو ئاگرەدا زەرەرمەندبون، بەڵام لە قەرەبووكردنەوەكەدا رچاوی ئەوە دەكەین كێ زیانی زۆرتری بەركەوتووە".
نەك تەنیا بۆ ئەو 136 خێزانە، بەڵكو هەموو ئەوانە قەرەبوودەكەینەوە كە لەو ئاگرەدا زەرەرمەندبون
بەگشتی هاوكارییەكان جگە لە پارە، پێكهاتووە لە ئامێرە كارەباییەكان لەوانە بەفرگر، موبەڕیدە و جلشۆر، هەروەها پێخەف و پێداویستی تری ناوماڵ.
"لەئێستادا سەرقاڵی دروستكردنی خانوین لەجێی خێمەكان، هەركات ئەوە تەواو بوو دەستدەكەین بە دابەشكردنی هاوكارییەكان"، هەكار جەختیكردەوە "ئەوەی تائێستا دابەشكراوە تەنیا هاوكارییەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانە كە بۆ هەر خێزانێك 500 هەزار دیناریان پێدراوە".
لەبارەی هاوكاریی وەزارەت بۆ ئەو 90 خێزانەی تر كە بەشێك لە خێمە و كەلوپەلەكانیان سوتاوە، هەكار وتی "دەزگای خێرخوازی بارزانی تەنیا 136 خێزانی تۆماركردووە و ناردویەتی بۆ وەزارەت كە تەواوی ماڵەكانیان سوتاوە، بەڵام ئەو 90 خێزانە لە هاوكاریی خێرخوازان هاوكارییان پێدەدرێت، ئەوەش بەپێی بڕی زیانەكانیان".
نوێنەری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عیراق، بۆ هەر یەكێك لەو 136 خێزانە، تەباخ، موبەڕیدە و تەنكی ئاوی دابینكردووە، لەگەڵ چەند پێداویستییەكی تر، ئەوەش هەر بەپێی وتەی هەكار.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان –سهرپهرشتی دۆسیهی ئاواره و پهنابهرانی ههرێمی كوردستان دهكهن-، دوای روداوەكە رەزامەندی نیشاندا لەجێی خێمە سوتاوەكان بە بلۆك شوێنی مانەوە بۆ ئاوارەكان دروستبكرێت، ئەوەش یەكێك بوو لە داواكارییەكانی ئاوارەكانی كەمپی شاریا.
موارد حەجى حتۆ، یەكێك بوو لەو ئاوارانەی خێمەكەی بە تەواوی سوتاوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا دوو شتمان لە حکومەت و رێکخراوەکان دەوێت، یەکەم هاوکاریمان بکەن تاوەکو بگەڕێینەوە زێدى خۆمان، چونكە گۆڕینى خێمەكان بۆ بلۆک چارەسەرێکى کاتىیە".
تەنیا دوو شتمان لە حکومەت و رێکخراوەکان دەوێت، یەکەم هاوکاریمان بکەن تاوەکو بگەڕێینەوە زێدى خۆمان
ئەو داواكارییە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەیی دوو هاوڵاتی خێرخواز لە شنگال به بهخشینی 600 پارچه زهوی نیشتهجێبون بهو خێزانه ئاوارانهی دهیانهوێت بگهڕێنهوه، تا خانوی لهسهر بنیاتبنێن.
موراد لەبارەی داواكاری دووەمییەوە، وتی "ئەو کۆمەک و هاوکارییانەى پێشکەش بە ئێمە کراون بە یەکسانیی و دادپەروەرانە بەسەر ئەو خێزانانە دابەشبکرێن کە زیانیان پێگەیشتووە".
ئەسکەندەر محەمەد ئەمین، بەرێوەبەرى فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەرانى عیراق لە پارێزگاى دهۆک لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە بەڵێنی بە ئاوارەكاندا بەردەوامبن لە دابەشكردنی هاوكاری بەسەریاندا.