ژن و مێردێك لە كەركوك حوكمی لەسێدارەدانیان بۆ دەردەكرێت، بە تاوانی كوشتنی بەهجەت ئەنوەر، ئەو پۆلیسەی لە جەژنی رەمەزانی ساڵی رابردودا تەرمەكەی بە سەربڕاوی دۆزرایەوە.
دادگای تاوانەكانی كەركوك، 14ی حوزەیرانی 2021 سزای لە سێدارەدانی بەسەر هەریەك لە فەلاح ئەنسار دەللو لەتیف و مەیسون حەسەن قەلع عەزیب حرێشاوی-دا سەپاند، دوای ساغبونەوەكانی ئەو تۆمەتەی روبەڕویان كرابۆوە.
سەرچاوەیەك لە دادگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دانیشتنەكەی دادگا هەردوو تاوانبار ئامادەبون و سەرۆكی دادگا بەپێی ماددەی 406ی یاسای سزادانی عیراقی سزای لەسێدارەدانی بەسەریاندا سەپاند".
ئەو ماددەیە یاساییە تایبەتە بە كوشتنی ئەنقەست و سزاكەی لە سێدارەدانە.
بەهجەت ئەنوەر، مفەوەزی پۆلیسی فریاكه‌وتن پێشنیوەڕۆی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، 24ی ئایاری 2020 تەرمه‌كه‌ی به‌سه‌ربڕاوی له نێو بۆدی ئۆتۆمبێلێكی پیكئاب دۆزرایه‌وه له شه‌قامێكی سه‌ره‌كی شاری كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش دوای 24 كاتژمێر لەدیارنەمانی هات.
48 كاتژمێر دوای روداوەكە، هێزە ئەمنییەكان توانییان مەیسون حەسەن دەستگیربكەن بەڵام هاوسەرەكەی، فەلاح ئەنسار هەڵات بۆ بەغدا و لە 24ی تەمموزی هەمان ساڵدا لەوێ دەستگیركرا.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای چەند دانیشتنێكی دادگا، دواجار تۆمەتەكان بەسەر هەردوو تاوانباردا ساغبونەوە و دادگا وەك بكوژانی بەهجەت ئەنوەر حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دەركردن".
بەپێی نوسراوی حوكمەكەی دادگای كەركوك، كە وێنەیەكی لای (كەركوك ناو)ە، سزای لەسێدارەدانی هەردوو تاوانبار رەوانەی دادگای تەمیزی فیدراڵی دەكرێت.
هەروەها هاتووە لە هەمان دۆسیەدا دەست بەسەر دەمانچەیەك و تاپڕێكدا دەگیرێت، لەگەڵ لەناوبردنی دوو چەقۆ كە لە ماڵی تاوانبارەكان دۆزراونەتەوە.
سەرچاوەكەی دادگای كەركوك وتی "هەردوو تاوانبارەكە بۆیان هەیە لە ماوەی 30 رۆژدا تانە لە بڕیاری دادگا بدەن".
پێشتر هەردوو تاوانبار هۆكاری كوشتنی ئەو پۆلیسەیان گەڕاندەوە بۆ ئەو ملیۆن و 500 هەزار دینارەی لەكاتی روداوەكەدا بە بەهجەت ئەنوەر بووە.
بەپێی ئەو دانپێدانانەی پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عیراق و فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك بڵاویانكردەوە، ئەو ژن و مێردە پێكەوە تاوانەكەیان ئەنجامداوە، كاتێك پۆلیسەكە سەردانی ماڵەكەیانی كردووە (هۆكاری سەردانی پۆلیسەكە بۆ ئەو ماڵە ئاشكرانەكراوە).
"ئافرەتەكە به حه‌بل قاچی پۆلیسه‌كه‌ی به‌ستۆته‌وه و مێرده‌كه‌یشی سه‌ری بڕیوه، ته‌نیا له پێناو دزینی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دیناری عیراقی كه پێی بووه".
لە بەشێكی دانپێدانانەكەیاندا هاتووە دوای سه‌ربڕینی؛ ته‌رمی بەهجەت ئەنوەر-یان كردۆته كیسه و خستویانه‌ته بۆدی ئۆتۆمبێلێكی پیكئابه‌وه، ژماره‌یه‌ك كیسه‌ی خۆڵ و خاشاك و جلوبه‌رگیان له‌سه‌ر داناوه، تا ته‌رمه‌كه ده‌رنه‌كه‌وێت، دواتر ئۆتۆمبێله‌كه‌یان له شه‌قامی سه‌ره‌كی نزیك پردی چواری ناوشاری كەركوك به‌جێهێشتووه.
له هه‌مان رۆژی تاوانه‌كه‌دا، ئه‌و ژن و مێرده به ئۆتۆمبێلێكی جۆری دوته‌نی ماڵه‌كه‌یان له گه‌ڕه‌كی نه‌سره‌وه بۆ ناوچه‌ی شه‌ریكه تارق گواستۆتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە ئایاری 2020دا بڵاویكردەوە ئەو دوو هاوسەرە پێشینه‌ی تاوانكارییان هه‌یه، چه‌ندین تۆمه‌تیان له‌سه‌ره له دادگاكانی به‌غدا و سه‌ڵاحه‌دین.
به‌هجه‌ت ئه‌نوه‌ر، ئه‌و پۆلیسه‌ی بۆته قوربانی، خێزانداره، باوكی پێنج منداڵه و له كه‌ركوك نیشته‌جێ بوو.