نەتەوەكانی داقوق ئاشتییان دەوێت

كەركوك/ 2017/ مەزاری زە‌ینلعابدین لە ناوەندی قەزای داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

هەر كێشەیەك لە داقوق روبدات، پێش ئەوەی ببێتە مەترسی بۆ پێكەوەژیانی نەتەوەكان و فیتنەی لێبكەوێتەوە، ئەنجومەنی پیران هەوڵدەدات بە ئاشتەوایی كۆتایی پێبهێنێت.

ئەو ئەنجومەنە كەمتر لە ساڵێكە دامەزراوە، تایبەتە بە هەموو نەتەوەكانی قەزای داقوق (44كم باشوری كەركوك)، لە كەسایەتی دیار و هۆزەكانی عەرەب، كورد و توركمان، ئەوەش دوابەدوای ئەو مەترسییانە هات بەهۆی روداوە ئەمنییەكان و كێشەكانی تر لەنێویاندا دۆسیەی ناكۆكی زەوییە كشتوكاڵییەكان روبەڕوی پێكەوەژیانی ناوچەكە بۆوە.

"یەكێك لە كارەكانمان بەدواداچونە بۆ كێشە و گرفتی هاوڵاتیان، تا بە ئاشتەوایی چارەسەر بكرێن، ئێمە بە یەك دەنگ و یەك تیم كاردەكەن، چونكە شارەكەش هەروادەخوازێت و مێژویەكی دوردرێژمان لەپێكەوەژیان هەیە" عەباس حەمدی بەگتاش، كەسایەتی توركمان و سەرۆكی ئەنجومەنی پیران لە داقوق وای وت.

بگتاش بە (كەركوك ناو)ی وت ئەنجومەنەكە لەوكاتەوەی دامەزراوە هەوڵی گەیاندنی ئەو پەیامە دەدات كە نەتەوەكانی داقوق ئاشتەواییان دەوێت و دەیانەوێت مێژویی پێكەوەژیان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش بپارێزن.

anjwmani daquq
كەركوك/ حوزەیرانی 2021/ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پیران و راوێژی داقوق بە میوانداری فەرماندەی سوپای عیراق لە قەزاكە فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەنجومەنی پیران و راوێژی داقوق، لە ساڵی 2020دا یەكەم كۆبونەوەی ئەنجامداوە، لە 12 ئەندامی سەرەكی پێكدێت و 12 لیژنەیشی پێكهێناوە بۆ هەموو بوارەكانی پەیوەست بە ژیانی خەڵك، سێ مانگ جارێك سەرۆكی ئەنجومەن دەگۆڕێت.

"مەبەستی سەرەكی ئێمە هێشتنەوە و بەهێزكردنی ئاشتی و پێكەوەژیانە لە داقوق، بۆیە هەر كێشە و ئاڵۆزییەكیش هەبێت لەڕێی ئەم ئەنجومەنەوە هەوڵدەدرێت بە ئاشتی چارەسەر بكرێت" بەوتەی زاهیر بەكر، ئەندامی كورد لە ئەنجومەنی پیران و راوێژ بۆ (كەركوك ناو).

ئەنجومەنی پیران و راوێژ دوو هەفتەجارێك كۆدەبێتەوە و دوایین كۆبونەوەیان 15ی حوزەیرانی 2021 بوو، بە میوانداری عەقید حەمزە فواد، فەرماندەی لیوای 45ی سوپای عیراق كە دۆسیەی ئەمنی داقوقیان بەدەستەوەیە.

رافد جەلال، كەسایەتی توركمان و ئەندامی ئەنجومەنی پیران و راوێژ بە (كەركوك ناو)ی وت "لەو كۆبونەوەیەدا كۆمەڵێك پێشنیازمان خستەڕوو بۆ پاراستنی زیاتری ناوچەكە، لەوانە دانانەوەی بازگەی باشوری قەزای داقوق، چونكە نەبونی ئەو بازگەیە دەبێتە هۆی بۆشایی ئەمنی".

هەروەها وتی فەرماندەی سوپا بەڵێنیداوە كار بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان بكات و هێزی زیاتر بۆ پاراستنی داقوق بڵاوبكەنەوە.

دەمانەوێت پەیامی برایەتی و پێكەوەژیان زاڵتر بێت لە وتاری زبر

مەترسی تۆڵەسەندنەوە؛ لە نێوان نەتەوە و پێكهاتە ئایینییەكان و مەزهەبە جیاوازەكاندا، بە تایبەتی لەدوای هێرشەكانی ناوەڕاستی 2014ی داعش و دەستبەسەرداگرتنی روبەرێكی فراوان لە پارێزگای كەركوك، لە داقوق هەبووە و هەوڵی نەهێشتنی دەدرێت.

حەسەن هیلال، كەسایەتی هۆزی ئەلبومفەرەج-ی عەرەبی لە داقوق و ئەندامی ئەنجومەنی پیران بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمانەوێت پەیامی برایەتی و پێكەوەژیان زاڵتر بێت لە وتاری زبر".

ئەو دەڵێت هەوڵەكانیان بەو ئاڕاستەدایە چۆن هاوڵاتیانی نەتەوە و مەزهەب و ئایینەكان، رێز لە تایبەتمەندییەكانی یەكتری بگرن و رێگریی بكەن لە بارگرژی و ئاڵۆزی.

لەنێو ئەنجومەنی پیران و راوێژی داقوق، كەسایەتی كاكەیی و موسڵمانی لە هەردوو مەزهەبی شیعی و سونی تێدایە.

"هەر بڕیارێك لە ئەنجومەنەكەماندا دەربكرێت هەموو نەتەوەكان پەسەندی دەكەن و كاری پێدەكەن" بەوتەی حەسەن هیلال.

daquq-12
كەركوك/ 2020/ گه‌نجانی عه‌ره‌ب، كورد و توركمان؛ دیواره‌كانی داقوق به‌ وێنه‌ی "پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی" ده‌نه‌خشێنن فۆتۆ: كەركوك ناو

ژمارەیەك پارتی سیاسی لە كورد و عەرەب و توركمان پشتگیری كارەكانی ئەو ئەنجومەن دەكەن و لە زۆربەی كۆبونەوەكانیشیاندا بەشداری دەكەن.

جگە لە دۆسیەی ئەمنی، ناكۆكی لەسەر خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكانی چەندین گوندی داقوق، چەندین ساڵە بۆتە كێشەیەكی زەق و هەندێكجاریش لە نێوان جوتیارانی نەتەوەكاندا، بە تایبەت كورد و عەرەب، بەرەو بارگرژی سەریهەڵداوە.

ئەنجومەنی پیران و راوێژ دەربارەی زەوییە كشتوكاڵییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار گفتوگۆیان كردووە تا كێشەیە لەڕێی رێكارە یاساییەكانەوە چارەسەر بكرێن.

"رابردويەكی جوانی برایەتییمان هەیە و ئێستا ئەركی هەموان ئەو برایەتییە بپارێزین" حەسەن هیلال وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT