كارەبای نیشتیمانی لە كەركوك لە 400 مێگاواتەوە بۆ 760 مێگاوات زیاد دەكات بەو هۆیەوە رۆژانە 17 تا 18 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان دەدرێت، لەكاتێكدا پێشتر نەدەگەیشتە 8 كاتژمێر.
ئەو زیادكردنە دوای خستنەوەكاری وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای تازە دێت كە زیاتر لە ساڵێك بوو لەكاركەوتبوو، هەروەها دوای فشار و ناڕەزایی هاوڵاتیانی شارەكە دژی كەمی كارەبا و بەرزكردنەوەی نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان.
مەروان عانی، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەكان لە دیوانی پارێزگای کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای تازە، ساڵێك بوو لەكاركەوتبوو و بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرناوە نۆژەنكردنەوەی راوەستابوو، بەڵام لە چەند مانگی رابردوا دەستكرا بە نۆژەنكردنەوەیی و خۆشبەختانە سەرەتای ئەم مانگە بە تۆڕی كارەبای نیشتیمانیی بەسترایەوە".
وێستگەكە بەپێی وتەی مەروان عانی، توانای بەرهەمهێنانی 250 مێگاوات کارەبای هەیە و "ئەوەش بۆتەهۆی زیادكردنی بڕی پێدانی كارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان".
سامان فەوزی، خاوەنی ماركێتە لە كەركوك، وتی "ماوەی دوو هەفتەیە كارەبای نیشتیمانی زۆر باش بووە، پێشتر هەموو ئەو شتانەی لە سەلاجە و مجەمیدە داماندەنان دەتوایە و خراپ دەبوو، بەڵام ئێستا ئەو كێشەیەمان نییە، هیوادارین باشتر بێت".
پێشتر هەموو ئەو شتانەی لە سەلاجە و مجەمیدە داماندەنان دەتوایە و خراپ دەبوو، بەڵام ئێستا ئەو كێشەیەمان نییە
(كەركوك ناو)، قسەی لەگەڵ چەند هاوڵاتییەكی شاری كەركوكدا كردووە و جەختیانكردەوە لەوەی رۆژانە نزیكەی 17 بۆ 18 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیان هەیە.
بەڵام غەسان رەزوانی، لێپرسراوی راگەیاندنی فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "گەڕەك هەیە تا نزكەی 20 كاتژمێر كارەبای پێدەدەین، بەڵام گەڕەك هەیە محاویلەكانی توانای وزەی زۆری نییە، بۆیە تەنیا 17 كاتژمێر كارەبایان پێدەدەین".
بەپێی وتەی غەسان رەزوانی، بڕی كارەبای كەركوك لە 400 مێگاواتەوە بۆ 760 مێگاوات زیادی كردووە.
زیادكردنی ئەو بڕە دوای ئەوەش هات كە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، پێكهاتەكانی كەركوك، مۆڵەتی هەفتەكیان بە حكومەتی عیراقدا تا كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی زیادبكات. بە پێچەوانەی هەڕەشەی خۆپیشاندانیان كرد.