پێنج كەس لە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی كوژران و دوو ئەفسەر برینداربون، بەهۆی شەڕ و روبەڕوبونەوە لەگەڵ چەكدارانی داعش لە باشوری قەزای داقوق، ئەوەش بەوتەی چەند سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو).
هێرشەكانی داعش لە كاتژمێر 11ی شەوی رابردوو 24ی حوزەیرانەوە دەستپێكردووە تا نزیكی كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەردەوام بووە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ی وت "لە نێوان هەردوو گوندی شبێحە و غێدە لەسەر چەمی تەل حەمە داعش هێرشیكردۆتە سەر هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی و بۆ ماوەی 20 خولەك روبەڕوبونەوە رویداوە".
شەڕەكەی داعش لەگەڵ هێزەكانی لیوای 20ی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵیدا بون كە ئەمنیەتی ئەو ناوچانەیان لە ئەستۆدایە.
"لەو هێرشەدا پێنج كەس لە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی شەهید بون" بەوتەی سەرچاوە.
لەو روبەڕوبونەوەیەدا، لە دوای كاتژمێر 1ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێكردووە، داعش بە هاوەنیش بۆردومانی ناوچەكەی كردووە.
سەرچاوەیەكی دیكەی سەربازی لە داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "هەمەڕێكی سەربازی لەكاتی بەهاناوەچونی ئەو هێزەی پۆلیسی فیدراڵیدا بۆمی چێنراویان پێدا تەقیوەتەوە، هەمەڕەكە سوتاوە و دوو ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی بەوهۆیەوە برینداربون".
سەرەتای هێرشەكانی داعش، بە چەكی قەناس بووە و لە كاتژمێر 11ی شەوی رابردودا پەلاماری سنگەرێكی پۆلیسی فیدراڵییان داوە، بەڵام ئەو هێرشە بەبێ زیانی گیانی تێكشكێنراوە.
سەرچاوەیەكی ئاگاداری ئەمنی بە (كەركوك ناو)ی وت لە 10 رۆژی رابردودا داعش سێجار هێرشیكردۆتە سەر سێ شوێنی جیاوازی داقوق، بۆیە ئێستا هێزە سەربازییەكان هەڵمەتێكی كێوماڵكردنی سنورەكەیان دەستپێكردووە.
لە قەزای داقوق (44كم باشوری كەركوك)، سوپای عیراق، پۆلیسی فیدراڵی و هێزەكانی حەشدی شەعبی بونیان هەیە.
لە دوو ساڵی رابردودا هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەیان ئۆپەراسیۆنیان بۆ ئەو ناوچانە ئەنجامداوە، بەڵام نەتوانراوە مەترسییەكانی ئەو گروپە چەكدارییە بنبڕبكرێت.
هەر دوێنێ 24ی حوزەیران لە كەركوك، 9 داواكراو دەستگیركراون كە بەپێی راگەیەندراوێكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی كاریان بۆ داعش كردووە، لە نێویاندا ژنێك هەیە و هەمویان "دانیان بەوەدا ناوە چەكیان بۆ داعش هەڵگرتووە و بازگەی وەهمییان داناوە و هاوكاربون لە گەیاندنی هاوكاری وەك خۆراك و سوتەمەنی بە داعش".
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوێكی دیكەدا 24ی حوزەیران بڵاویكردەوە، هەواڵگری سەربازی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە كەركوك توانیویانە دوو "تیرۆریستی مەترسیدار" دەستگیربكەن، بێ ئەوەی راگەیەندراوە تۆمەتەكانیان ئاشكرابكات.
دۆسیەی ئەمنی پارێزگای كەركوك لەژێر دەستی ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیاندایە بە بەشداری سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، لیوای 61ی تایبەت سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، حەشدی شەعبی و پۆلیسی ناوخۆیی.