تەنیا لە شەش مانگی ئەمساڵدا 170 كەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە پارێزگای كەركوك دەستگیركراون و دەستبەسەر بڕێك ماددەی هۆشبەردا گیراوە.
ئاشكراكردنی ئەو ئامارە هاوكات بوو لەگەڵ رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی خراپ بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان كە نەتەوە یەكگرتوەكان 26ی حوزەیرانی هەموو ساڵێكی بۆ دیاریكردووە.
لە كەركوك 27ی حوزەیران مەراسیمێك بەو بۆنەیەوە رێكخراو و تیایدا لێپرسراوانی ئەمنی و تەندروستی هۆشدارییان لە "تەشەنەسەندن و مەترسی" ماددە هۆشبەرەكان دا.
عەمید هوما رەئوف، لێپرسراوی بەشی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك لە مەراسیمەكەدا وتی "كەركوك یەكێكە لەو شارانەی بەداخەوە ماددەی هۆشبەر تیایدا بڵاوە و ئێمە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو مەترسییە دەدەین".
پێشتریش فەرماندەیی پۆلیس زیاد لە جارێك هەڵمەتی هۆشیاری لە شەقامەكانی كەركوكدا هەبووە بۆ بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و مەترسی تەشەنەسەندنی زیاتری لە ناو گەڕەكە میللییەكاندا نیشانداوە.
سەرچاوەیەكی ئاگاداری ئەمنی بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی ئامارە رەسمییەكان لە سەرەتای 2021ـەوە تائێستا 170 كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە كەركوك دەستگیركراون".
ئەو ئامارە زیاترە لە شەش مانگی ساڵی رابردوودا كە كەمتر بووە لە 150 دەستگیركراون بە هەمان تۆمەت.
سەرچاوەكە وتی لە تەواوی ساڵی 2020دا لە كەركوك 270 كەس وەك بەكارهێنەر و بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون.
هەر لەمساڵدا و وەك سەرچاوەكە دەڵێت دەستگیراوە بەسەر 25 كیلۆ لە ماددە هۆشبەرەكانی كریستاڵ و حەشیش لەگەڵ چەندین ملیۆن حەبی ترامادۆڵ.
حەبی ترامادۆڵ، جۆرێكه له ئازارشكێن و له چوارچێوه‌ی حه‌به هۆشبه‌ره‌كاندا، پۆلێنكراوە.
بەپێی ئامارەكانی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا باندێكی حەوت كەسی بەتۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەكانەوە دەستگیركراون كە یەكێكیان ژن بووە و بڕێك ماددەی كریستاڵیان پێگراوە.
عەمید هوما رەئوف دەڵێت لەكاتی دەستگیركردنی باندەكانی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە چەندینجار روبەڕوبونەوەی چەكداری لە نێوان تۆمەتبارەكان و هێزە ئەمنییەكاندا رویداوە.
هەروەها رونیكردەوە كەركوكیش وەك هەر شارێكی تری عیراق ماددەی هۆشبەری تیادا بڵاوە نەك زیاتربێت و لەكۆنتڕۆڵ دەرچوبێت.
به‌پێی یاسای نه‌هێشتنی مادده هۆشبه‌ره‌كان كه په‌رله‌مانی عیراق له ساڵی 2017دا ده‌ریكردووه، هه‌ر كه‌سێك مادده‌ی هۆشبه‌ر هاورده بكات، یان به ئامانجی بازرگانیكردن بیچێنێت، ئەوا له سێداره‌ده‌درێت، یان به‌زیندانی هه‌تاهه‌تایی سزاده‌درێت.
هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێك مادده‌ی هۆشبه‌ری پێبێت، یان بیكڕێت، به‌كاریبهێنێت و بیگوازێته‌وه، به زیندانی هه‌تاهه‌تایی سزاده‌درێت، له‌گه‌ڵ غه‌رامه‌یه‌ك كه له 10 ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت و له 30 ملیۆن زیاتر نه‌بێت، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌پێی یاساكه.