حكومەتی فیدراڵی عیراق، بڕیاریداوە بە دامەزراندنی دوو زانكۆی نوێی حكومی لە پارێزگای كەركوك، كە یەكێكیان دەكەوێتە سنوری قەزای حەویجە.
شەممە 3ی تەمموزی 2021 نەبیل كازم عەبدلساحب، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عیراق سەردانی كەركوكی كرد و لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئەو بڕیارەی ئاشكراكرد.
وەزیری خوێندنی باڵا داوایكرد تاوتوێی پرۆژەی دروستكردنی دوو زانكۆی نوێ دەستپێبكەن، كە یەكێكیان بۆ قەزای حەویجە و ئەویتر تەكنیكی تایبەتمەند دەبێت لە شاری كەركوك.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەت لەو كۆبونەوەیەدا نەبیل كازم داوایكردووە لەرێی لیژنەیەكی تایبەتەوە وردەكارییەكانی ئەو دوو پرۆژە بۆ وەزارەت ئامادەبكرێن.
قەزای حەویجە (55كم خۆرئاوای كەركوك) چەند ساڵێك لەژێر دەستی داعشدا بووە و زۆربەی كەرتەكانی گشتی ناوچەكە زیانی بەركەوتووە.
ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی نەبیل كازم، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عیراق لە كەركوك/ 3ی تەمموزی 2021/ كەركوك ناو
ناجی حەواس، سەرۆكی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی قەزای حەویجە بە (كەركوك ناو)ی وت ژمارەی دانیشتوانی قەزاكە زۆر بووە و بە 600 تا 700 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، بۆیە زانكۆ و پەیمانگەكانی كەركوك جێگەی لەخۆگرتنی هەموو خوێندكارانی ناوچەكەیان نییە.
"لە پارێزگاكانی تر، قەزا هەیە لە حەویجە بچوكترە و ژمارەی دانیشتوانی كەمترە بەڵام زانكۆی تێدایە، بۆیە حەویجەش پێویستی بە چەند كۆلێژێك هەیە لە گرنگترینیان كشتوكاڵ و تەكنەلۆژیا، چونكە ناوچەكە روبەرێكی بەرفراوانی كشتوكاڵی هەیە" بەوتەی حەواس.
حەویجە ئێستا تەنیا پەیمانگەی تەكنیكی سەر بە زانكۆی تەكنیكی باكور و كۆلێژی پەروەردەی سەر بە زانكۆی كەركوكی تێدایە.
بەوتەی حەواس حەویجە ئامادەیە بۆ كردنەوەی زانكۆ، كەسانی بەتوانا و هەڵگری بڕوانامەی باڵای زانستی پێویستی تێدایە، بەشە ناوخۆیی كوڕان و كچان ئامادەن بۆ پێشوازی لە خوێندكاران، لەڕوی ئەمنییەوە بارودۆخی ئێستا "زۆر باشە"، وەك ئەو دەڵێت.
وەزیری خوێندنی باڵا لە كەركوك كۆلێژی تەكنیكی پزیشكی كردەوە و نزیكەی پێنج ملیار دیناریشی بۆ پەرەپێدانی بۆ هەردوو زانكۆی كەركوك و زانكۆی تەكنیكی باكور تەرخانكرد.
زانکۆی کهرکوک له ساڵی 2003دا دامهزراوه، سهرهتا له چوار کۆلێژ پێکهاتبوو، ئێستا زیاتر له 16 کولێژ و بهشی جیاواز لهخۆدهگرێت.