چەكدارانی داعش، دوای رفاندنی دوو جوتیار لە ناوچەیەكی باكوری جەلەولا، بۆسە بۆ گوندنیشینانی دیكە دادەنێن و پێنج هاوڵاتی دەكوژن، بێ ئەوەی هیچ هێزێكی ئەمنی و سەربازی فریایان بكەوێت.
روداوەكەی شەوی رابردوو 4ی تەمموزی 2021 بووە لە گوندەكانی ناوچەی شێخ باوە لە جەلەولای قەزای خانەقین.
"سەرەتا شەش چەكداری داعش كاتژمێر 7ی ئێوارە هاتونەتە گوندی بنەباخی جەلەولا و چوار هاوڵاتییان رفاندووە، كە دوانیان جوتیار و دووانەكەی دیكەش مێرمنداڵ بون، دوای ماوەیەك مێردمنداڵەكانیان ئازادكردووە و جوتیارەكانیان رفاندووە" بەوتەی شایەتحاڵێكی روداوەكە كە لەبەر پاراستنی گیانی خۆی ئامادەنەبوو ناوی بهێنرێت.
ئەو شایەتحاڵە دەڵێت خەڵكی گوندەكانی ئەو ناوچەكە، كە هەمویان كەسوكاری یەكتری و خزمایەتی لە نێوانیاندا هەیە، هەر ئەو شەوە كۆدەبنەوە و بە چەكەوە بەدوای دوو جوتیارە رفێنراوەكەدا دەگەڕێن، دەچنە گوندێكی تر بەناوی عیون خەشلان.
"لە گوندی عیون خەشلان خەڵك وتویانە چەكدارەكانی داعش بە دوو رفێنراوەكەوە بەناو گوندەكەیاندا بەرەو گوندی سێف سەعد تێپەڕیون".
سێ هاوڵاتی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا سوتاون
ئەو گوندانە هەمویان نزیكی یەكترین و لە ناوچەی شێخ باوە-ن كە 33 گوند لە خۆدەگرێت.
شایەتحاڵەكە وتی "خەڵكە چەكدارەكە بە ئۆتۆمبێلەوە لە گوندی سێف سەعد دەكەونە بۆسەی چەكدارەكانی داعشەوە، بە چەكی قورس لێیان دەدەن، هەرچەندە ئەوانیش دەستیانكردۆتەوە و تەقەیان كردووە، بەڵام داعشەكان بە چڕی هێرشیانكردووە و بەهۆیەوە پێنج هاوڵاتی شەهید بون".
ئەو پێنج هاوڵاتییە دانیشتوی گوندەكانی ئەو حونتە و قەڵان و خزمی دوو جوتیارە رفێنراوەكەی بنەباخ بون.
"دوو كەسیان بە تەقەی داعش شەهید بون و سێ كەسی تریان لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا سوتاون، كاتێك داعش بە چەكی قورس لە ئۆتۆمبێلەكەی داوە و سوتاندویەتی" بەوتەی شایەتحاڵەكە.
قوربانیانی ئەو روداوە برا و كەسی یەكترین؛ سەلام داود ساڵحی، حەیدەر داود ساڵحی، محەمەد عەبدلمشایخی، مەحمود عەبدلمشایخی و ولهان عەدنان موحسین مەشایخی.
سەلام داود پێشمەرگەی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتنی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە میحوەری گەرمیان و بۆ وەرگرتنی پشوو لە ماڵەوە بووە بۆیە بە چەكەوە لەگەڵ هاوڵاتیانی دیكەی گوندەكەدا بۆ گەڕان بە دوای رفێنراوەكاندا دەرچووە.
(كەركوك ناو) لەگەڵ چەند شایەتحاڵ و دانیشتویەكی گوندەكانی شێخ باوە قسەی كرد و جەختیانكردەوە كاتێك هێزە ئەمنی و سەربازییەكانیان ئاگاداركردۆتەوە ئامادەنەبون لە گەڕان بەدوای رفێنراوەكاندا هاوكارییان بكەن.
شوێنی بۆسەكەی داعش سێ كیلۆمەتر لە شوێنی رفاندنی دوو جوتیارەكەوە دوور بووە.
دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە لەژێر دەستی فیرقەی پێنجی لیوای 20ی سوپای عیراقیدایە.
(كەركوك ناو) نەیتوانی لێدوانی لێپرسراوانی سوپا دەربارەی روداوەكە وەربگرێت.
بۆشایی زۆری ئەمنی لەو ناوچەیەدا هەیە
بەڵام سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاگادار بە (كەركوك ناو)ی وت "لەكاتی شەهیدبونی ئەو پێنج هاوڵاتییە لە بۆسەی داعشدا، دوو جوتیارەكە رفێنراوەكە توانیویانە هەڵبێن و خۆیان رزگاربكەن".
سەرچاوەكە دەڵێت ئەو دوو جوتیارە لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكانیان و بەدوریەكی كەم لە ماڵی خۆیانەوە رفێنراون و خەڵكی ناوچەكەش كە كەسوكار و نزیكی یەكترین بەهانایانەوە چون و لەگەڵ داعشدا روبەڕوبونەتەوە.
ئەو روداوەكە لەكاتێكدایە، كەمتر لە سێ مانگ بەسەر دوایین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەی شێخ باوە تێدەپەڕێت بۆ پاككردنەوەی گوندەكان لە مەترسی داعش، كە حەوت هەفتەی خایاند.
ئەحمەد سامر زەرگوشی، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا بەوەكالەت بە (كەركوك ناو)ی وت "(ئەمڕۆ دوشەممە) هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەی شێخ باوە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییان دەستپێكردووە بۆ كێوماڵی گوندەكان و نەهێشتنی مەترسی داعش".
ئەو داوایكرد هێزی زیاتری سەربازی رەوانەی سنورەكە بكرێت چونكە "بۆشایی زۆری ئەمنی لەو ناوچەیەدا هەیە".
ناحیەی جەلەولا لەپارێزگای دیالە و گوندەكانی دەوروبەری، له ناوهڕاستی 2014دا كهوته دهستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوەو هەر ئەوانیش دۆسییەی ئەمنی ناحییەكەیان گرتەئەستۆ، تا له 16ی ئۆكتۆبهری 2017دا ئهمنیهتی لهلایهن هێزهكانی سهر به حكومهتی فیدراڵییهوه وهرگیرایهوه.