شه‌ڕی سیاسی و كێشه‌ی ئیداری؛ نه‌هامه‌تیی و بارگرانی دانیشتوانی جه‌له‌ولا هێنده‌ی دیكه زیادده‌كات، له‌كاتێكدا شاره‌كه به‌ده‌ست وێرانكارییه‌كانی جه‌نگ و نه‌بونی خزمهتگوزارییهكانیشهوه ده‌ناڵێنێت.
جه‌له‌ولا شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكرایه‌وه، به‌ڵام هێشتا سیمای شه‌ڕ به شهقامهكانیهوه دیارن، هه‌زاران خانوو خاپوركراون و هاوڵاتیان قه‌ره‌بوی زیانه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه، ئه‌وه‌ش وایكردووه زۆرترین خه‌ڵك ناڕازی بن.
ئه‌و شاره كه سه‌ر به قه‌زای خانه‌قینه له‌پارێزگای دیاله و ناوچه‌ی جێناكۆكه به‌پێی ده‌ستوری عیراق، عه‌ره‌ب به جه‌له‌ولا، كورد به گوڵاڵه و توركمان به قه‌ره‌غان ناوی ده‌هێنێت.
كێشه‌ی ئیداری
نزیكه‌ی ساڵێكه به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا ده‌وام ناكات، دوای ئه‌وه‌ی روبه‌ڕوی دادگا كرایه‌وه و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له خۆپیشانده‌رانی ناڕازییه‌وه رێگریكرا بگه‌ڕێته‌وه.
ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له ئایاری 2020دا ده‌رگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌یان داخست و داوایانكرد به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه دوربخرێته‌وه.
یه‌عقوب لهێبی له پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، كه له ساڵی 2015 وه‌ك كاندیدی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆته به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیە، چه‌ند جارێك به تۆمه‌تی روخاندنی خانوه‌كانی گەڕەكی تەجنید روبه‌ڕوی دادگا كراوه‌ته‌وه و ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه، له‌جێی ئه‌و ئه‌حمه‌د زه‌رگوشی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سه‌عدیه به‌وه‌كاله‌ت پۆسته‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات.
"به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه به‌وه‌كاله‌ت ناتوانێت كاروباری هاوڵاتیان راییبكات چونكه له هه‌فته‌یه‌كدا ته‌نیا یه‌ك بۆ دوو رۆژ ده‌وام ده‌كات" هیلل سه‌تار، چالاكوانی مه‌ده‌نی له جه‌له‌ولا وای وت.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدا ژماره‌یه‌كی زۆر هاوڵاتی رۆژانه بۆ راییكردنی مامه‌ڵه‌یان پێویستیان به واژۆی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه و ره‌زامه‌ندی ئه‌و هه‌یه.
سه‌تار بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی له پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و رزگاركردنی جه‌له‌ولا "له زوڵم و په‌راوێزخستن"، هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ستپێكردووه تا ناحیه‌كه بكرێته قه‌زا.
ئه‌و گۆڕانكارییه پێویسته له‌رێی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه به ده‌رچوانی یاسا بكرێت.
"ده‌مانه‌وێت بكرێته قه‌زا تا بودجه‌ی زیاتریشی بۆ ته‌رخانبكرێت، چونكه به‌هۆی شه‌ڕی داعش و روداوه‌كانی دواتره‌وه زیانی زۆر به‌ر جه‌له‌ولا كه‌وت" به‌وته‌ی هیلل سه‌تار.
زیانه‌كانی شه‌ڕ و نه‌بونی قه‌ره‌بوو
هیچ هاوڵاتییه‌كی نیشته‌جێی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا قه‌ره‌بوی ئه‌و زیانانه‌ی به‌رنه‌كه‌وتووه به‌هۆی شه‌ڕی داعش و روداوه‌كانی ناوچه‌كه‌وه به‌ریانكه‌وتووه.
"گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه له ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی جه‌له‌ولا به‌ته‌واوی خاپور كرا وخانوی به پێوه نه‌ما" نهشرهت شه‌لال، دانیشتوی گه‌ڕه‌كی ته‌جنید بۆ (كه‌ركوك ناو) واده‌ڵێت.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له شه‌ڕی داعش و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كاندا، نزیكه‌ی چوار هه‌زار خانوو و موڵكی هاوڵاتیان خاپوربون.
جه‌له‌ولا له ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوە.
نه‌سره‌ت وتی "نزیكه‌ی سێ ساڵه مامەڵەمان پێشكەش كردووە بۆ وەرگرتنی قەرەبوو، به‌ڵام هیچمان وەرنەگرتووه، هه‌ر رۆتیناتی بێزاركه‌ر و بێ ئه‌نجامه".
ئه‌و كه‌سانه‌ی قه‌ره‌بویان زیاتر له 30 ملیۆن دیناره پێویسته كاره‌كانیان له به‌غدا ته‌واو بكرێت به‌ڵام ئه‌وانه‌ی قه‌ره‌بوی زیانه‌كانیان به كه‌متر له 30 ملیۆن دینار ده‌خه‌مڵێنرێت هه‌ر له‌رێی لیژنه‌ی لاوه‌كی پارێزگاكانه‌وه مامه‌ڵه‌كانیان راییدهكرێت.
لوئەی پاڵانی، ئەندامی لیژنەی قەرەبوكردنەوە لە ناحیەی جەلەولا بە (كەركوك ناو)ی وت "نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كه‌س مامەڵەی پێشكەشكردووە كە زیانیان به‌ركه‌وتووه بەهۆی شەڕی دژ بەداعش و ئۆپه‌راسیۆنە سەربازییەكانهوه".
ساڵێكه نوسینگه‌ی لاوه‌كی بۆ راییكردنی مامه‌ڵه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه له جه‌له‌ولا كراوه‌ته‌وه، ته‌نیا دوو رۆژ له هه‌فته‌یه‌كدا ده‌وامده‌كه‌ن و یه‌ك رۆژی بۆ جه‌له‌ولایه، رۆژه‌كه‌ی دیكه ده‌چنه ناحیه‌كانی تری سه‌ر به خانه‌قین.
"هه‌ر رۆژێكی ده‌وام ده‌توانین 25 مامه‌ڵه له جه‌له‌ولا راییبكهین و ئێستا نزیكه‌ی سێ هه‌زار مامه‌ڵه‌ی تر هه‌یه تا ببینرێن و دواتر ره‌وانه‌ی لیژنه‌ی باڵاتر له باقوبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله بكرێن".
پاڵانی دانبه‌وه‌داده‌نێت كاری لیژنه‌كه‌یان "زۆر سسته"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر پرۆسه‌كه دواده‌خات، خه‌رجكردنی پاره‌ی قه‌ره‌بوو له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵی به‌غداده و واده‌كه‌ی دیاریكراو نییه.
سكاڵا و دادگا
جگه له به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه، چه‌ند لێپرسراوێكی دیكه‌ی ئه‌منی و ته‌نانه‌ت حزبیش روبه‌ڕوی دادگا كراونه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ی له جه‌له‌ولا هه‌یه.
یه‌عقوب لهێبی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا، كه ده‌ڵێت ئێستا مۆڵه‌تی وه‌رگرتووه و نازانێت له پۆسته‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه یاخود نا، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و سكاڵایه‌ی دژی من تۆماركراوه سكاڵایه‌كی سیاسییه، ته‌نیا مه‌به‌ست لێی دژایهتیكردنمه، دوای ته‌واوبونی مۆڵه‌ته‌كه‌م ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ جه‌له‌ولا به‌ڵام نازانم ده‌مێنمه‌وه یان داوای خانه‌نشینی ده‌كه‌م".
ئه‌و پێشتریش زیاد له جارێك تۆمه‌تی روخاندنی خانوه‌كانی گه‌ڕه‌كی ته‌جنیدی ره‌تكردۆته‌وه و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی سكاڵایان تۆماركردووه خۆیان خانوی منیان روخاندووه".
شه‌ڕی سكاڵا و دادگا دوای گۆڕانكاریییهكانی لێكه‌وته‌ی ریفراندۆمه‌كه‌ی ئه‌یلولی 2017ی هه‌رێمی كوردستان رویدا، كاتێك هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له جه‌له‌ولا پاشه‌كشێیان كرد و هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی بۆ ناوچه‌كه گه‌ڕانه‌وه.
خه‌لیل خوداداد، لێپرسراوی كۆمیته‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له جه‌له‌ولا به هه‌مانشێوه سكاڵای له‌سه‌ره و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌یه، سه‌رباری ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ده‌رباره‌ی روخاندنی خانوی خه‌ڵك روبه‌ڕوی كراوه‌ته‌وه، گروپێكی چه‌كدارییش له ناحیه‌كه به هێرشكردنه‌سه‌ری و هه‌ڕه‌شه تۆمه‌تبارده‌كات.
"سكاڵاكه و ده‌ركردنی بڕیاری ده‌ستگیركردنمان كارێكی سیاسییه و ده‌یانه‌وێت ئێمه له جه‌له‌ولا دوربخه‌نه‌وه" خوداداد بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
بارودۆخی ئه‌منی
له چه‌ند ساڵی رابردودا، جه‌له‌ولا به بارودۆخێكی ئه‌منی دژوار‌دا تێپه‌ڕیووه و كه‌م هه‌فته هه‌بووه ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب، ده‌ستڕێژی گولـله، رفاندن و هێرشی چه‌كداریی دژ به هاوڵاتیان و هێزه ئه‌منییه‌كان تۆمارنه‌كرێن.
سه‌رباری به‌رده‌وامی روداوه ئه‌منییه‌كان به‌ڵام لێپرسراوانی سه‌ربازی و پۆلیس ئاماده‌نین هیچ لێدوانێك ده‌رباره‌ی روداوه‌كان و چۆنیه‌تی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان بۆ میدیاكان بده‌ن.
ئه‌حمه‌د سۆمار، چالاكوان و دانیشتوی جه‌له‌ولا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌م چه‌ند مانگه‌ی رابردوشدا، بارودۆخی ئه‌منی زۆر ئاڵوز بوو، هێرش و پەلامارە تیرۆریستییەكان دەیان قوربانی لێكهوتهوه".
هێزه ئه‌منییه‌كانی عیراق چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییان له ناحیه‌كه‌دا ئه‌نجامداوه و هه‌رجارێكیش دڵنیاییان به هاوڵاتیان داوه له "نه‌هێشتنی مه‌ترسیی داعش".
سۆمار ده‌ڵێت "دوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، به تایبه‌ت له ناوچه‌ی شێخ باوه كه شوێنێكی پڕ مه‌ترسی هێرشی داعش بوو، بارودۆخەكە ئارام بۆته‌وه" ئومێدیش خواست هه‌روا بمێنێته‌وه، چونكه "دەمانەوێت بە ئارامی بژین و بتوانین شارەكەمان بنیات بنێینه‌وه".
دۆسیه‌ی ئه‌منی، تا كۆتایی ساڵی رابردووش به یه‌كێك له به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوی ئاواره‌ی جه‌له‌ولا داده‌نرا، تا حكومه‌ت به یه‌كجاری كه‌مپه‌كانی داخست و خه‌ڵك به ناچاری گه‌ڕانه‌وه.
ناوەندی ناحیه‌ی جەلەولا لەلایەن پۆلیسی ناوخۆییەوە دەپارێزرێت، سوپا و حەشدی شەعبیش لە دەرەوەی شارەكە بونیان هەیە.