چوار دەستگیركراوی دیكەی بادینان پاش 11 مانگ لە دەستگیركرنیان، ئەمڕۆ دوشەممە 12ی تەمموز یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنیان بەڕێوە چوو. پارێزەرێكی دۆسیەكە دەڵێت "دادگاییكردنە تا ئێستا لە بەرژەوەندیی ڕاگیراوەكانە".
پاش بەڕێوەچوونی دادگاییكردنەكە، بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوان، وتی "هیچ بەڵگەیەكی باوەڕپێهێنەر نەبوو كە ئەو كەسانە بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 سزا بدرێن".
بەهۆی پێڕانەگەیشتنی دادگایش بۆ تەواوكردنی دۆسیەكە، دانیشتنەكە بۆ كاتێكی دیكە دواخرا.
بەشدار حەسەن وتی "ڕێگەیان پێداین بە كەیفی خۆمان تێبینی و پرسیارەكانمان بڵێین. تەنیا یەك تێبینیمان هەبوو، داوامان كرد كە نوێنەری ئاسایش بە هیچ شێوەیەك بۆی نییە لە ژووری دادگا ئامادە بێت، بەڵام بە كۆی دەنگی سەرۆكی دادگا و دادوەرە ئەندامەكان داواكارییەكەمان ڕەت كرایەوە".
لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا پێنج دەستگیركراوی دیكەی بادینان كە سبەینێ دادگاییی دەكرێن، كراونەتە شاهێد بەسەر ئەم چوار دەستگیركراوەی كە ئەمڕۆ دادگایی كران.
"شاهێدەكان وتیان ئێمە نە ئاگادارین و نە زانیاریمان هەیە كە هیچ گرووپێكی چەكداری یان سیاسی دروست كرابێت"، پارێزەرەكە وای وت.
وەكو بەشدار حەسەن باسی كرد، هەندێك لە تۆمەتەكان ئەوەیە كە "ئەو كەسانە لەگەڵ كۆمەڵێك چالاكی كۆمەڵی مەدەنی لە بەغدا پەیوەندییان دروست كردووە، یان ویستوویانە پاڵپشتی لە مستەفا كازمی بكەن، یان هەندێكیان پێشتر ئەندامی حیزبی هاوپەیمانی بوون بە سەرۆكایەتیی د. بەرهەم ساڵح، كە ئەوانە هیچیان نابنە تاوان".