حكومەتی فیدراڵی عیراق، لە جێبەجێكردنی یەكەم هەنگاوی یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، خانمێك وەك بەڕێوەبەری چاودێری كاروباری رزگاربوان لە وەزارەتی كار‌و كاروباری كۆمەڵایەتی دادەنێت.
بەپێی یاساكە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گرنگی بە راییكردنی كاروباری ژنانی ئێزیدی و كەمینەكانی تری رزگاربوی دەستی داعش دەدات.
سەراب ئەلیاس، دوای دانانی وەك بەڕێوەبەری چاودێری كاروباری رزگاربوان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا بەفەرمی لەو پۆستەدا دەستبەكاربوم لەسەر میلاكی وەزارەتی كار‌و كاروباری كۆمەڵایەتی، دوای ئەوەی فەرمانی دامەزراندنم دوو هەفتە لەمەوبەر لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەركرا و لە چەند رۆژی رابردوودا مامەڵەكانم تەواو بون".
"بەپێی یاساكە پێویستە كارە یاساییەكانی جێبەجێكردنی یاساكە لە سێ مانگدا دەستپێبكات، دانانی من یەكەم هەنگاوە" سەراب وادەڵێت.
یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، 1ی ئاداری 2021 له په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ندكرا و تایبه‌ته به قه‌ره‌بوی دارایی و مه‌عنه‌وی ئه‌و خانمانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه رفێنران و روبه‌ڕوی توندوتیژی جیاواز بونه‌وه.
وەك لە یاساكەدا هاتووە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی تایبه‌ت به كاروباری رزگاربوان پێكده‌هێنرێت كه به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی له پێكهاته‌ی ئێزیدی ده‌بێت، ئه‌ركه‌كانیشی قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوان و دابینكردنی ژیانی شایسته بۆیان.
بەڕێوەبەری چاودێری كاروباری ژنانی رزگاربوو وتی "بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هێشتا بارەگای دیاریكراوی نییە، چاوەڕێدەكەین نوسینگەی سەرەكی لە موسڵ یان شنگال بێت، داوای ژمارەیەك فەرمانبەر و پێداویستی دیكەشمان كردووە".
سەراب بە هیوایە لەرێگەی كارەكانیانەوە بتوانن شایستەی دارایی بۆ ژنانی رزگاربوو بەدەستبهێنن و تەواوی یاساكە جێبەجێبكەن.
له یاساكه‌دا پێدانی موچەی مانگانە، پارچه‌یه‌ك زه‌وی نیشته‌جێبون یان شوقه به‌ژنانی رزگاربو جێگیركراوه له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ناوه‌ندی ده‌رونی بۆ چاره‌سه‌ری رزگاربون و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خانمانه‌ی به‌هۆی رفاندنیانه‌وه له خوێندن دابڕاون.
هه‌روه‌ها هاتووه له دامه‌زراندندا ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ رزگاربوان ده‌بێت، بێ مه‌رجی ته‌مه‌ن و تێكڕای نمره‌ش مافی گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێندنیان هه‌یه.
چه‌كدارانی داعش؛ له ئابی 2014دا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگالدا، شه‌ش هه‌زار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، تائێستا زیاتر له سێ هه‌زار و 500 ئافره‌ت و منداڵ و پیاو رزگاركراون، چاره‌نوسی زیاتر له دوو هه‌زار و 700 كه‌سیشیان نادیاره، به‌پێی ئامارەكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی روداوه‌كانی ده‌رهه‌ق به ئێزیدی وه‌ك تاوان ناساندووه، جه‌ختیكردۆته‌وه له تۆماركردنی سكاڵا دژی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه و 3ی ئابی هه‌موو ساڵێكیشی به رۆژی نیشتمانی بۆ ناساندنی ئه‌و روداوه‌كه دیاریكردووه.