ئیدارەی كەركوك تەواوی فەرمانگەكانی پارێزگاكە ئاگاداردەكاتەوە رێوشوینی خێرا بگرنەبەر و پشكنینی سەلامەتی بینا و فەرمانگەكانیان بكەن، ئەوەش دوای روداوی ئاگركەوتنەوەیەك دێت لە نەخۆشخانەیەكی پارێزگای زیقار كە بەپێی وەزارەتی تەندروستی عیراق 60 كەس بە سوتان گیانیلەدەستدا.
ئەو ئاگاداركردنەوەی ئیدارەی كەركوك لە نوسراوێكدا هاتووە كە لە كۆتایی هەفتەی رابردوو ئاراستەی تەواوی یەكە ئیدارییەكان كراوە و تیایدا هاتووە "پشکنینی سەلامەتی ئەنجامبدەن بۆ بارەگا و بیناکانتان لەپێناو پاراستنیان لە ئەگەری ئاگركەوتنەوە".
بەپێی ئیدارەی كەركوك، پێویستە فەرمانگەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرگری شارستانی ئەو كارە بكەن و هەفتانەش بە راپۆرت ئیدارەی پارێزگای لێ ئاگادار بكەنەوە.
قەیس عەبدولڕەزاق، وتەبێژی بەرگری شارستانی کەرکوک بە(کەرکوک ناو)ی وت "پلانی ساڵانەی خۆمان بۆ پشكنینی سەلامەتی بینا و فەرمانگەكان هەیە... هەموو شەش مانگ جارێك پشکنینی دامودەزگا حکومییەکان دەكەین و لە حاڵەتی ئەوەی كێشەی سەلامەتی لە بیناكانیان هەبێت ئاگاداریان دەكەینەوە و پێیان چاكدەكەین".
لە حاڵەتی ئەوەی كێشەی سەلامەتی لە بیناكانیان هەبێت ئاگاداریان دەكەینەوە و پێیان چاكدەكەین
وتیشی "پشکنین بۆ هەموو نەخۆشخانەکان کراوە، نەخۆشخانەی شیفای تایبەت بە کۆرۆنا یەكێكە لەو نەخۆشخانانەی كە كێشەی هەیە و کۆمەڵێک تێبینی لەسەرە، ئێمە هۆشدارییەکی 18 خاڵیمان پێداون و ئیدارەی كەركوكیشمان لەوە ئاگاداركردۆتەوە".
ئەو هەنگاوانەی ئیدارەی كەركوك، دوای ئەوە هات كە شەوی دووشەممە 12ی تەمموز، نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە شاری ناسریە لە پارێزگای زیقار ئاگری گرت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عیراق، لەو روداوەدا 60 كەس سوتاون، 21 كەسیان نەناسراونەتەوە یان وەكو بێسەروشوێن ناویان هێنراوە، بەهۆی زۆری ئاگرەكە و كاریگەرییەكانی.
ئەوە ئامارە لەكاتێكدایە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عیراق پێیوایە ژمارەی ئەوانەی لەو روداوەدا گیانیانلەدەستداوە زیاتر لە 90 كەس بون.
لە ماوەی شەش مانگی رابردوی ئەمساڵدا لە پارێزگای کەرکوک 520 حاڵەتی كەوتنەوەی ئاگر تۆماركراون، بەڵام بەشێكی زۆریان تایبەتن بە سوتانی دانەوێڵەی جوتیاران بەر لە دروێنەكردنیان.
"خۆپارێزیی سەلامەتی لە دام ودەزگاکانی حکومەت لەئاستێکی مامناوەندایە، بەڵام بەشێکی بیناکان سیستمی کارەباییان كۆنە و مەترسی ئاگركەوتنەوە هەیە"، قەیس عەبدولڕەزاق وایوت.
بەرگری شارستانی كەركوك لە ماوەكانی رابردودا چەند رێنماییەكی بە فەرمانگەكان داوە، لەوانە دەبێت ئامێرەکانی ئاگر کوژێنەوە لە هەموو دامەزراوەکان بونی هەبێت، هەر بەپێی وتەی قەیس.