سەرۆکى رێکخراوى ئەژی بۆ رێگرتن لە خۆکوشتن:
پاڵەوانێتی لەوەدایە یارمەتیی یەکتربدەین رێگری لە خۆکوشتن بکەین

وێنەی سەباح عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى رێکخراوى ئەژى بۆ رێگرتن لە خۆکوشتن. لەگەڵ لۆگۆی رێكخراوەكە.

ئارەزوو نوری

سەباح عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى رێکخراوى ئەژى بۆ رێگرتن لە خۆکوشتن جەختدەكاتەوە لەوەی بە پاڵەوانکردنى ئەوانەی بە خۆکوشتن مردوون، بەتایبەت لەلایەن راگەیاندنەكانەوە، کاریگەریى راستەوخۆى خراپی لەسەر لاساییکردنەوە و زۆربوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن هەیە. ئەو بڕوای وایە میدیا لەوەدا رۆڵێكی گەورە دەبینێت و دەڵێت ئەگەر لە پشت بڵاوكردنەوەی كەیسەكانی خۆکوشتن پەیامێكی هۆشیاری نەبێت باشترە بڵاونەكرێنەوە چونكە "باسكردنی وردەكاریی خۆكوشتن خەڵكێک بۆلاساییکردنەوەی ئەو كارە هاندەدات کە خۆیان ئامادەییان تێدایە پێشتر بیریان لێکردووەتەوە یان ھەوڵیان بۆ داوە".

رێكخراوی ئەژی لە نیسانی 2019دا وەك رێکخراوێکى ناحکومی لە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە. پێشتر بە ناوی تەبا فاوندەیشن ھەندێک چالاکییان ھەبووە و بیرۆكەی دروستكردنی رێكخراوەكە بۆ تشرینی دووەمی 2017دەگەڕێتەوە، كاتێك سەباح عەبدولڕەحمان "تەبا"ی کوڕە بچووکی بە خۆکوشتن لەدەستدا.

لەم چاوپێکەوتنەدا، بەڕێوەبەری ئەژی روناکی دەخاتەسەر بیرۆکەى دامەزراندنى رێکخراوى ئەژی؛ خۆکوشتن چییە و هۆکارەکانى خۆکوشتن چین؟ چۆن راگەیاندنەکان بوونەتە مایەی زیاتربوونی حاڵەتەکانى خۆکوشتن؟

بیرۆکەى دامەزراندنى رێکخراوى ئەژی و ئامانجەکانی

رێکخراوى ئەژی لە نیسانى 2019دا وەک رێکخراوێکى ناحکومی لە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. ئامانجى ئەژی رێگرتنە لە خۆکوشتن لەگەڵ پشتیوانیکردنى ئەوانەی رزگاربوی خۆکوشتنن، واتا ئەوانەى لە بارێکى دەرونى خراپدان و بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە یان هەوڵی خۆکوشتنیانداوە  و ئەوانەش کەسێکیان بە خۆکوشتن لەدەستداوە.

سەباح عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى رێکخراوى ئەژى دەڵێت دوای لەدەستدانی کوڕێکیان بە ناوی (تەبا) لە تشرینى دووەمى 2017دا، زۆر تاساوون. رەوشێکى ناخۆشیان هەبووە و هیچ دامودەزگایەک نەبوو پەنای بۆ بەرن، بۆیە بیرۆکەی دروستکردنی رێکخراوەکەیان بەخەیاڵدا هاتووە.

azhi
چالاكییەكی رێكخراوی ئەژی بۆ رێگرتن لە خۆکوشتن. فۆتۆ: راگەیاندنی رێكخراوی ئەژی

رێکخراوی ئەژی ئەندامە لە تۆڕى تەندروستیى عەقڵى، کە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتى دەکات. ئەژی سەرۆکایەتیى لیژنەی (رێگرتن لە خۆکوشتن) دەکات کە بەشێکە لە تۆڕى تەندروستیى عەقڵى. یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو لیژنەیە هاندانی حکومەتە تا بایەخی زیاتر بەو پرسە بدات.

لە ئەیلولى 2019 ئەژی کۆنفرانسێکی بەست بۆ باسکردنی کێشەکانی پەیوەست بە رێگرتن لە خۆکوشتن و ھاوکاریکردنی رزگاربووان و نەھێشتنی شەرمەزارکردنی کۆمەڵایەتیی رزگاربووان. نزیکەی سەد کەس لە 16 پارێزگای عیراق بە نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی فیدرالی و ھەرێمی کوردستان  و رێکخراوە ناحکومییە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەکادیمیستان و رزگاربووانی خۆکوشتن بەشداری ئەو کۆنفراسە بوون کە بە پالپشتیی تەکنیکی و دارایی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سازکرا و رێکخراوی ئەحمەد بانیخێڵانی و کۆمەڵگەی پەروەردەیی فاخیر مێرگەسۆریش بە سوپاسەوە بەشێکی خەرجییەکانیان لە ئەستۆگرت. یەکێک لە راسپاردە گرنگەکانی ئەو کۆنفرانسە ھاندانی حکومەتی عیراق بوو پێداچوونەوە بۆ رەشنووسی (ستراتیژى نیشتمانیى رێگرتن لە خۆکوشتن 2016-2020٠) بکات و پەسندی بکات. لە ئەیلولی 2020یش ئەژی سەکۆیکارێکی لە رێی ئینترنێتەوە بۆ ھەمان مەبەست سازکرد. ئەوە بووە هاندەر بۆ حکومەتى عیراق و  بە هاوکارى رێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى لە تشرینى دووەمدا لە بەغدا کۆنفرانسێکى رێکخست بۆ پێداچوونەوە بەو ستراتیژەدا. لە حوزەیرانی ئەمساڵ رەشنوسی پەرەپێدراوی ئەو ستراتیژە لە بەغدا راگەیەنرا.

خۆکوشتن چییە؟ هۆیەکانى خۆکوشتن چین؟

خۆکوشتن کردارى لەناوبردنى بەمەبەستی ژیانی خودە. زانستی نوێی (خۆکوشتنناسی Suicidology ) دەستەواژەی (ھۆ-سبب) سەبارەت بە خۆکوشتن بە پەسند نازانی چونکە زۆرجار ھەڵخەڵەتێنەرە. لەجیاتیی ئەوە جەخت لە دەتەواژەی (ھۆکارەکان – عوامل) دەکاتەوە کە زیاتر یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە خۆکوشتن. هۆکارگەلى پەروەردەیی، کۆمەڵایەتى، دەروونى، سیاسى، ئابوورى، دەرووندروستى و بایۆلۆژی و ژینگەیی ھیی تر دەبنە مەترسی بۆ گەیشتنى مرۆڤ بە رەوشێک کە رەنگە سەربکێشێت بۆ خۆکوشتن ئەگەر لەکاتی پێویستدا چارەسەرنەکرێت. بەپێی رێکخراوى تەندروستى جیهانى، لەسەدا 77ی حاڵەتەکانى خۆکوشتن لەو وڵاتانە تۆمارکراوە کە ئاستى بژێویان مامناوەند یان نزمە. رێکخراوەكە لە راپۆرتى ئەمساڵیدا، کە 17ی حوزەیرانى 2021 بڵاویکردەوە، رایگەیاند، لەهەر ساڵێکدا 703 هەزار کەس بە خۆکوشتن دەمرن. لە دەوروبەری ھەموومان ھۆکارگەل ھەن بەرەو خۆکوشتن ئاراستەمان دەکەن و لە بەرامبەریشدا ھۆکاری تر ھەن کە دەمانپارێزن.  هەوڵى پێشووی خۆکوشتن ھۆکارێکی یەکجاری مەترسیدارە بۆ سەر کەسێک کە لەوانەیە جاری تریش ھەوڵی خۆکوشتن بدات ئەگەر بە ئاست و لەکاتی پێویست چارەسەر نەکرێت. مردنی کەسێکی ئازیز بە خۆکوشتن یەکێکی ترە لە ھۆکارەکانی مەترسی بۆ ئەندامانی خێزان و ھاوڕێیانی نزیکی چونکە ھەر مردنێکی بە خۆکوشتن کاریگێری لەسەر نزکەی 130بەجێدێڵێ بە ئاست و رادەی جیاواز و بۆ ماوەی جیاواز. بونی پشتگیریی دەروونی-کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان و رەوشی سیاسی-ئابووری و دوورخستنەوەی چەک و ژەھرەکان و ئامرازەکانی خۆئازاردان ھەندێکن لە ھۆکارەکانی پاراستن و سەلامەتی.  

زۆرجار لە راگەیاندنەکان دەوترێت فڵان کەس نمرەى کەمی هێنا بۆیە خۆى کوشت، فیسار کەس بەھۆی شکستھێنان لە دڵداری یان بازرگانی خۆی کوشت. ئەمە راست نییە و زۆریش خراپە چونکە خەڵکانێکى دیکەش کە نمرەى کەم بهێنن یان لە بواری بازرگانی یا دڵداری شکستبێنن و رەوشى دەروونیشیان خراپ بێ لەوانەیە وا تێبگەن ئەوە چارەسەرە و رەنگە پەنا بۆ ئەو رێگەیە بەرن.

ئەگەرچی زۆربەی خۆکوشتن لەو وڵاتانەیە کە ئاستی ئابوورییان مامناوەند یان نزمە بەلام رەنگە فریودەربێت ئەگەر بڵێین خۆکوشتن بەهۆى نەدارییەوەیە

سەباح عەبدولڕەحمان دەڵێت ئەگەرچی زۆربەی خۆکوشتن لەو وڵاتانەیە کە ئاستی ئابوورییان مامناوەند یان نزمە بەلام رەنگە فریودەربێت ئەگەر بڵێین خۆکوشتن بەهۆى نەدارییەوەیە.  خەڵک هەیە نەدار و ئاوارەیە و نمرەى کەمیش دەهێنێت بەڵام پەنا ناباتە بەر خرکوشتن. هەندێکجار دەوترێت کەسەکە لە هیچى کەم نەبوو، دایک و بابیشی لەگەڵی باش بوون کەچی ئەو خۆى کوشت؛ رەنگە بۆ کوڕەکەى منیش وابڵێن، بەڵام دیارە لە شتێکى کەم بووە. ئەگەر ئێمە وەک پێویست هۆشیاریمان دەربارەی خۆکوشتن و پەیوەندیی نەخۆشییە عەقڵییەکان بە خۆکوشتنەوە هەبوایە بە ئەگەری زۆرەوە دەمانتوانی رێگرى لە خۆکوشتنی تەبا بکەین. زۆربەى هەرە زۆرى ئەوانەی بە خۆکوشتن مردوون دەکرا  رزگاربکرێن ئەگەر خۆیان و دەوروبەریان تا ئاستى پێویست هۆشیاریان لە بارەى خۆکوشتنەوە هەبووایە.

كەركوك ناو: نیشانەکان چین؟ چۆن بزانین کەسێک نیازى خۆکوشتنی هەیە؟

سەباح عەبدولڕەحمان: هیچ خۆکوشتنێک لەناکاو نییە. هەمووی پاشخانێکی هەیە. بەلای کەم لەسەدا 90ی ئەوانەى بە خۆکوشتن مردوون پێشتر بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیامیان داوە کە بە نیازى خۆکوشتنن، ئینجا هەندێکیان پەیامەکەیان رون و راستەوخۆیە وەک ئەوەی لە فەیسبوک نوسیویەتى، لای هاوڕێیەکى وتویەتى و یاخود هەندێک نیشانەى تری ناڕاستەوخۆی دەربڕیوە. بۆ نموونە دەستبەردارى شتە ئازیزەکانى بووە، یان کامێرایەکى ئازیزى هەبووە و داویەتى بە منداڵى دراوسێکەیان، یان وەسیەتى نووسیووە و وتویەتى ئەگەر مردم لە فڵان شوێن بمنێژن. کەسێک کە پێشتر هیچ کێشەى نەبووە و دەبینى کاتێکى زۆرى بە خەو بەسەر دەبات، یان خەوی نەماوە. واتە سیستمى خەو و خواردنى تێکچووە، ئەوانە نیشانەن بۆ خەمۆکى و ئەو نەخۆشیەش ئەگەر چارەسەر نەکرێت، سەر دەکێشێت بۆ خۆکوشتن. ئەوانە نیشانەى زۆرن و ئەگەر خەڵک هۆشیارى هەبێت دەزانێت ئەو کەسە رەنگە بیرى خۆکوشتن لەلای هەبێت و لەو حاڵەتەشدا مەترسە و لێی بپرسە، بیرت لە خۆکوشتن کردووەتەوە؟ لە چۆنێتىی وەڵامدانەوەى شتێکت دەستدەکەوێت کە رەوشەکە چەند مەترسیدارە و پێویستە ئەو کاتە خەڵکى دەوروبەرى ئاگادار بکەیتەوە. هەندێکجار پێویست بە بەکارهێنانى هێزیش دەکات، بۆ نمونە کەسێک لەسەر پردێک یان بینایەکی بەرز بەتەمایە خۆى بخاتە خوارەوە و رەنگە پێویست بکات هێز بەکاربهێنیت بۆ رزگار کردنى وەک هەنگاوی یەکەم و دواتر هەنگاوی درێژخایەن هەیە لەڕوى پشتیوانیى دەروونى و کۆمەڵایەتى و هۆکارى سەلامەتى لە دەوروبەرى زیاد بکرێت.

دهۆك/ كانونی یەكەمی 2020/ خولێكی رۆژنامەوانی رێكخراوی ئەژی. ڤیدیۆ: كەناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی.

هەندێک جۆرى خەڵک هەن، سروشتیان وایە کەمدوون و شت دەرنابڕن. ئەوانە، نیشانەکانیان ناڕاستەوخۆ و پچڕپچڕە. تەبای ئێمە لەو جۆرە بوو، نیشانەکانی تەبا کە بەنیازبووە کۆتایی بە ژیانی خۆی بھێنی  پچڕ پچڕ و ناڕاستەوخۆ بوون و حەیف ئاستى هۆشیارى ئێمە سەبارەت بە خۆکوشتن و مەترسیی خەمۆکی و بایی ئەوە نەبوو لێی تێبگەین و رزگاری بکەین. تەبا لە دوا هەفتەی تەمەنى خەوی خراپ بوو؛ کە لێم پرسى وتى لە قوتابخانە هیلاکم. من باوەڕم بۆ دروست بوو چونکە ئەو وێنەگری خۆبەخشی قوتابخانەکی بوو و ئەو ماوەیەش زۆر خەریکی وێنەگرتن بوو. لای هاوڕێیەکى نزیکى وتبوی سەفەرێکى دور دەکەم، بەڵام ئەو هاوتەمەنى بوو، تێی نەگەیشتبوو مەبەستى تەبا چى بوو کاتێک وتبووى دواتر لە خەڵک دەبیستییەوە بۆ کوێ دەچم. ئەمە پەیامە.

كەركوك ناو: ئێوە بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە واتە لە کاتى دەرکەوتنی نیشانەکان چى دەکەن؟

سەباح عەبدولڕەحمان: ماڵپەڕێکمان هەیە و بەردەوام لە رێى تۆڕى کۆمەڵایەتى و هێڵى تەلەفۆنەوە چاودێری دەکەین. هەندێکجار خۆمان تێبینی دەکەین کەسێک نیازێکى وای هەیە، خۆمان پەیوەندى پێوە دەکەین، یان لایەنى سێیەم پەیوەندیی پێوە کردووین و دەڵێت: پۆستێکى فەیسبووکم بینیوە و فڵان کەس وا دەڵێت. قسە لەسەر ژمارەی ئەو کەسانە ناکەم کە رێکخراوەکەی ئێمە رزگاری کردوون چونکە رزگارکردن پرۆسەیەکى ئاڵۆز و درێژخایەنە و ھەر ئەوە نییە ئەو کەسە چەکەکەی لێ وەربگری یان لەو بینا بەرزە بیھێنیتە خوارەوە. رەنگە رزگارکردنى کەسێک لە بیرۆکەی خۆکوشتن ساڵێک زیاترى بوێت.

كەركوك ناو: بە چ جۆرێک هاوکاریی خێزانى ئەوکەسانە دەکەن کە کەسێکیان بە خۆکوشتن لەدەستداوە؟

ئێمە تۆڕێکمان هەیە بۆ ئەو کەسانەی وەک ئێمە ئازیزێکیان بە خۆکوشتن لەدەستداوە. ئێمە لە رەوشى هاوشێوەداین و یەکتر بەسەر دەکەینەوە و بەردەوام لە هەواڵى یەکتر دەپرسین. ئێمە باشتر لە یەکتر تێدەگەین و دەزانین چۆن دڵى یەکدی بدەینەوە.  کەسێک کە تازە کەسێکى ئازیزی خۆى بە خۆکوشتن لەدەستداوە رەنگە نەزانێت ئەو ئاستەنگانەى دێنە پێش چین وچۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و چۆن رووبەڕووی شەرمەزارکردنى کۆمەڵایەتى ببێتەوە. ئەوە ئاستەنگێکى گەورەیە و سەرەڕاى ئەوەى کەسێکى ئازیزت لەدەستداوە، کۆمەڵگەش بە سووک سەیرت دەکات و رەنگە بڵێت: دیارە باوکێکى خراپە بۆیە کوڕى خۆى لەدەستداوە. ئێمە لەو تۆڕە یارمەتیی یەکتر دەدەین بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا زاڵ بین.

راگەیاندنەکان و رۆڵیان لە زاتربوونی حاڵەتەکانى خۆکوشتندا

سەباح عەبدولڕەحمان دەڵێت بابەتی رۆژنامەوانیی زۆر لەسەر خۆکوشتن بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنوسان شارەزایی پێویستیان لەسەر خۆکوشتن نییە. باشترە ئەو رۆژنامەوانە بابەت لەسەر خۆکوشتن دەنوسێ راهێنراو بێت و بەرپرسانە بابەت بڵاوبکاتەوە و بەر لە بڵاوکردنەوەی بابەتە نیشانی کەسی پسپۆڕی بدات. نابێ وێنەی رووداوی خۆکوشتنەکە و زانیاریی ورد لەسەر شوێن و چۆنیەتیی ئەنجامدانی خۆکوشتنەکە بڵاوبکرێتەوە. وەسیەتنامەی کەسی مردوو بە خۆکوشتن وبەستەری لاپەڕەی ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیییەکان نابێ بڵاوبکرێنەوە.

دەبێ رۆژنامەوان لەخۆی بپرسێ: چ سودێک بە وەرگر دەکات پێی بڵێم فڵان کەس خۆى کوشت، ئەگەر لە پشت ئەو هەواڵەوە زانیاریى بەسوود بۆ وەرگرتنی یارمەتی نەدەم بە کەسانێک کە رەوشى دەرونیان نائارامە و خۆکوشتن بابەتە لایان، یان ئەگەر ھانیان نەدەم پەنا ببەنە بەر رێکخراوی وەک ئەژی یان فەرمانگەى تەندروستى و فڵان پزیشک و فڵان وێبسایت؟

چ سودێک بە وەرگر دەکات پێی بڵێم فڵان کەس خۆى کوشت، ئەگەر لە پشت ئەو هەواڵەوە زانیاریى بەسوود بۆ وەرگرتنی یارمەتی نەدەم بە کەسانێک کە رەوشى دەرونیان نائارامە و خۆکوشتن بابەتە لایان

بۆ ئەو مەبەستە، رێکخراوی ئەژی تا ئێستا بە کوردی و عەرەبی چەندین خولی راھێنانی بێ بەرامبەر بۆ رۆژنامەوانان کردووەتەوە و لە ئاییندەشدا خولی تر دەکاتەوە.

بەرێوەبەری ئەژی لەو باوەڕەدایە، ئەگەر بابەت لەسەر خۆکوشتن بڵاوکرایەوە، پێویستە زانیاریى رێنماییکەری تێدابێت و هۆشیارى لە بارەى بابەتى خۆکوشتن بڵاوبکاتەوە و وابکات شەرمەزارکردنى کۆمەڵایەتى نەمێنێت. شەرمەزارکردنی کۆمەڵایەتی کێشەیەکى گەورەیە لە دوو سەرەوە: لەلایەکەوە کۆمەڵگە بە سووک و لۆمەکردنەوە سەیری خێزانە زیانلێکەوتووەکان دەکات و ئەوەش ئەوندەی تر ئازارەکانیان زیاتر دەکات، لەلایەکی تریشەوە دەبێتە ھۆی شاردنەوەی خۆکوشتن و ناتەواویی ئامارەکان و ھەم رێگرتنیش لەوەی خەڵکی کۆستکەوتوو داوای یارمەتیی پێویست بکەن. بە ووتەی سەباح، بەشێک خەڵک لە زۆر حاڵەتیشدا دەڵێن: دیارە ماڵێکى خراپن بۆیە کەسێکیان خۆى کوشتووە. لە تۆڕەکەى ئێمەش هەندێک خێزان هەن و پەنایان بۆ هێناوین بۆ ئەوەى بتوانین هاوکاریان بکەین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆستەیان بکەن و هەستنەوە سەرپێ، بەڵام لە ترسی لۆمەی کۆمەڵگە نەیانوێراوە بڵێن کچەکەمان یان کوڕەکەمان بە خۆکوشتن مردووە.

سەباح عەبدولڕەحمان بە تایبەتی روو لە راگەیاندنەکان دەکات و دەڵێت ئەوانەی وەک تەبا بە خۆکوشتوون مردوون مەکەن بە پاڵەوان. ئێمە کە رێکخراوەکەمان ناونا (ئەژی) نەک (تەبا) بۆ ئەوە بوو کوڕەکەمان نەیکەینە پاڵەوان کەسانی تر لاسایی بکەنەوە. پاڵەوانیى (تەبا) لەوەدا نەبوو خۆى کوشتووە، بەڵکو لەوەدا بوو کە سەرەڕای ئەو ئازارەی زۆرەی لەناخیدا بوو کەچی خۆی راگرت  ماوەیەکی زیاتر لەتاوماندا بژی و بمێنێتەوە. تەبا تا زیندوو بوو ئەو هەموو زەردەخەنە و خۆشییەى بە ئێمەى بەخشى و کە رۆیشتیش بەو تەمەنە کورتەوە بایی دەیان ساڵ یادگاریی خۆشی بۆ جێھێشتووین.

باوکی تەبا و بەڕێوەبەری ئەژی دەڵێت پاڵەوانێتی لە مردندا نییە. پاڵەوانێتی لەوەدایە یارمەتیی یەکتر بدەین روبەڕوی ئاستەنگەکانى ژیان ببینەوە و رێگری لە خۆکوشتن بکەین. بێگومان راگەیاندن دەتوانێت لەو رووەوە رۆڵێکى باش ببینێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT