لە كەركوك ئامارەكانی "خۆكوشتن"، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزتر دەبینرێت و لە پارێزگای دیالەش كەمینەكردووە. توێژەران و شارەزایانی دەرونی هۆكارگەلێك دیاریدەكەن بۆ پەنابردن بۆ "خۆكوشتن"، لە نێویاندا گرفتی دەرونیی و باری دارایی، لەگەڵ چەند هۆكارێكی تر كە پەیوەندییان بە نەریتەکانی کۆمەڵگەوە هەیە.
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە پارێزگای كەركوك 35 حاڵەتی خۆكوشتن هەبووە، ئەوەش بەپێی ئاماری کۆمیسیونی باڵای مافەکانی مروڤ لە کەرکوک، لەكاتێكدا تەواوی ساڵی رابردوو 64 حاڵەت هەبووە، هەرچی پارێزگای دیالەیە 16 حاڵەت هەبووە و لێپرسراوانی نوسینگەی کۆمیسیونی باڵای مافەکانی مروڤ لەو پارێزگایە دەڵێن "رێژەكە نزیكە لە ساڵی رابردوو و كەمینەكردووە".
یەكێك لە دواین روداوەكانی خۆكوژی تۆماركراو لە كەركوك بۆ 18ی نیسان دەگەڕێتەوە، ئەویش "خۆكوشتن"ی کچێکی 20 ساڵان بوو لە گوندی قولی بەگ سەر بە ناحیەی شوان.
بەپێی سەرچاوەیەك لە كەسوكاری بۆ (كەركوك ناو) "کچەکە لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا بە فیشەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە". هەروەها (كەركوك ناو) بە پشتبەستن بە لێكۆڵینەوەی پۆلیس زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە "ئەو کچە دوو ساڵە توشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و بەهۆیەوە قاچێکیان بڕیوەتەوە، ئەوەش زۆر بێتاقەتی کردووە و هانای بۆ خۆکوشتن بردووە".
سەرچاوەیەك لە بنکەی پۆلیسی ناحیەی شوان، وتی "کەسوکاری دەڵێن بەهۆی توشبونی بەو نەخۆشییە زۆر بێئومێد بووە و پێیانوایە ئەوە هۆکاری خۆکوشتنی بووە".
ئەمە نمونەیەكە لە دەیان نمونەی تری هاوشێوە، كە بەپێی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لەو دوو پارێزگایە حاڵەتەكان بەشێوەی یەكسان بەسەر هەردوو رەگەزدا دابەشبون.
بەوتەی عەبدولکەریم خەلیفە، توێژەری دەرونی، پێیوایە "هۆکارەکان زیادیان کردووە، بەڵام چارەسەرەکان نەزۆکن، بەتایبەتی کە زۆرینەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن وەک روداو تۆمار دەکرێن لە ترسی ئابڕۆچون لەناو کۆمەڵگەدا، جگە لەوەش چەندین حاڵەتی کوشتن و توندوتیژی خێزانی هەیە کە بە خۆکوشتن تۆمار دەکرێن".
بەگشتی سەڵاح مەهدی، بەڕێوەبەری نوسینگەی دیالەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئەوانەی "خۆیان كوشتووە" تەمەنیان لە نێوان 15 – 73 ساڵیدایە.
حاڵەتەكانی خۆكوشتن زۆرینەیان لەڕێی "خۆخنكاندنەوە بووە". لە كۆی 16 حاڵەتی تۆماركراو لە نیوەی ئەمساڵدا لە پارێزگای دیالە بەو رێگەیە كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
لە نیسانی ساڵی 2020دا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە زیادبونی تاوانەکان توندوتیژی خێزانی لە سەرتاسەری عیراق، کە بریتی بون لە توندوتیژی نێوان هاوسەران، سوتاندن و خۆسوتاندن، خۆئازاردان بەهۆی مامەڵەی خراپ لەلایەن هاوسەرانەوە، گێچەڵی سێکسی بەرامبەر نەوجەوانان و چەندین تاوانی تری پەیوەندیدار.
هۆکار و چارەسەر
یونس حەلەب، کە ئەکادیمییەکی شاری کەرکوکە پێیوایە لایەنە پەیوەندیدارەکان "کەمتەرخەمبون" لە ئاست ئەوەی بەسەر گەنجانی عیراقدا دێت و گرنگییان نەداوە بە دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ دیاردەی خۆکوشتن، بەتایبەت کە ئەو حاڵەتانە لە زیادبوندایە.
"حکومەت باکی نییە ئەگەر هەموو خەڵکەکە خۆیان بکوژن، گرنگ نییە بەلایانەوە ئەگەر دایکێک خۆی بسوتێنێت و منداڵەکانی بەهەتیوی بەجێبهێڵێت، یاخود ئەگەر گەنجێک لە ئاودا خۆی بخنکێنێت و کەسوکارەکەی بێ پشت و پەنا بمێننەوە"، یونس حەلەب وای بە(کەرکوک ناو) وت.
بەپێی رێکخراوى تەندروستى جیهانى، لەسەدا 77ی حاڵەتەکانى خۆکوشتن لەو وڵاتانە تۆمارکراوە کە ئاستى بژێویان مامناوەند یان نزمە.
رێکخراوەكە لە راپۆرتى ئەمساڵیدا، کە 17ی حوزەیرانى 2021 بڵاویکردەوە، رایگەیاند، لەهەر ساڵێکدا 703 هەزار کەس بە خۆکوشتن دەمرن.
نوسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکوک و دیالە هۆکارەکان دەگەڕێننەوە بۆ هەژاری، بێکاری، ناپاکی هاوسەرێتی، زۆر بەکارهێنانی تۆڕ کۆمەڵایەتییەکان، نەخوێندەواری، لاوازی بیروباوەڕی ئایینیی و چەند حاڵەتێکی نەخۆشی وەک خەمۆکی و شیزۆفرینیا.
توێژەری دەروونی عەبدولکەریم خەلیفە چەند هۆکارێکی تر دەخاتەڕوو، لەوانە گێچەڵپێکردنی ئەلیکترۆنیی و چاودێرینەکردنی دایبابان بۆ ئەو شتانەى منداڵەکانیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەماشای دەکەن، هەروەها جیاوازی لە پابەندببون بە نەریتەکان و هەستکردن بەماندویی، بە شوودانی پێشوەختە و جیابونەوە و ئەو کۆتوبەندانەی خێزان بەسەر منداڵەکانیان دەیسەپێنن و چەند هۆکارێکی تر.
"خۆکوشتن پرۆسەیەکی هەنوکەیی نییە و پێویستی بە ئامادەکاری دەرونیی و پلاندانان و هەوڵدان هەیە، واتە دەکرێت ئەم رێژەیە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە ئەگەر چاودێری دەرونی بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن"، دکتۆر عەبدولکەریم وایوت.
دەکرێت ئەم رێژەیە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە ئەگەر چاودێری دەرونی بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن
سەباح عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى رێکخراوى ئەژى بۆ رێگرتن لە خۆکوشتن، لە چاوپێكەوتنێكی (كەركوك ناو)دا، جەختیكردەوە "بونی پشتگیریی دەروونی-کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان و رەوشی سیاسی-ئابوری و دورخستنەوەی چەک و ژەھرەکان و ئامرازەکانی خۆئازاردان ھەندێکن لە ھۆکارەکانی پاراستن و سەلامەتی".
هەرچی یونس حەلەب-ە دەڵێت "ناڵێین چارەسەرەکان ئاسانن و لەبەردەستن، بەڵام چارەسەر هەیە و پێویستمان بە هاوکاری نێوان خەڵک و حکومەتە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو هۆکارانەی وایکردوە ئەو کەسانە بیر لە خۆکوشتن بکەنەوە، کۆتاییهێنان بە ژیان پێویستی بە پلاندانان و هەوڵدانه بەر لە ئەنجامدانی، بۆیە ئەگەر سەرکەوتوو بین لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی وایکردوە ئەو کەسە بیر لەخۆکوشتن بکاتەوە دەتوانین رێژەکە کەمبکەینەوە".
هەر بۆ رێگریكردن و دانانی سنورێك بۆ ئەو دیاردەیە، کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ و عەبدولکەریم خەلیفە توێژەری دەروونی، داوای كردنەوەی خولی تایبەت بۆ ئەو کەسانە دەكەن كە روبەڕوی توندوتیژی خێزانی دەبن و سەنتەری تایبەتیش بکرێتەوە لەپێناو ئاوێتەکردنەوەیان لەنێو کۆمەڵگە و دابینکردنی تیمی گەڕۆکی تایبەتمەند بە چارەسەری دەرونی کە لەسەر بنەمای ئامار و توێژینەوەو چاودێری حاڵەتەکانی خەمۆکی کاردەکەن.
جگە لەوەش کردنەوەی نوسینگەی راوێژکاری دەروونی و دامەزراندنی توێژەر لە بنکە تەندروستییەکان و کردنەوەی خول بۆ ئامادەکردنی ئەوانەی تازە دەچنە ژیانی هاوسەرییەوە بۆ روبەڕوبونەوەی تەنگوچەڵەمەکانی ژیان.