بڕی 73 ملیۆن دینار بۆ خوێندكارانی 12ی ئامادەیی لە شنگال خەرجدەكرێت

دهۆك/ خوێندنگەیەك لەناو كەمپی كەبەرتوو تایبەت بە ئاوارەكان فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز - دهۆك

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە خەرجكردنی بڕی 73 ملیۆن و 200 هەزار دینار بۆ خەرجی هاتوچۆ و كرێی مانەوەی ئەو خوێندكارانەی شنگال كە تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی لە دهۆك ئەنجامدەدەن.

خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە دوای ئەوە هات وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رەتیكردەوە لەبەر دۆخی ئەمنیی و نەبونی گرەنتی، پرسیارەكانی 12ی ئامادەیی بۆ ئەو قەزایە بنێرێت.

شەهاب ئەحمەد، جێگرى بەڕێوەبەرى پەروەردەى شنگال – سەر بە حكومەتی هەرێم - لە لێدوانێكیدا بۆ (کەرکوک ناو)، جەختیكردەوە "ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داواكارییەكەی قبوڵكردین بە خەرجكردنی بڕی 73 ملیۆن و 200 هەزار دینار بۆ كرێی هاتوچۆ و مانەوەی خوێندكارانی 12 ئامادەیی".

بۆ ئەمساڵی خوێندنیش 657 خوێندكار كە لە خوێندنگەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەخوێنن و لە شنگال و دەورەبەری نیشتەجێن، ناچاركراون بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ بچنە پارێزگای دهۆك، ئەمەش لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كاتێك هێزەكانی سەر بە هەرێم لە شنگال كشانەوە بەو شێوەیەیە.

بڕیارە تاقیكردنەوەكان لە 25ی تەمموز لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.

"چەند رۆژێکى تر خوێندكارانی شنگال دەگەنە شارى دهۆک، چەند ساڵێکە بەهۆى دۆخى ئەمنى شنگال و چەند کێشەیەکى ترەوە خوێندکارانى ئێمە دەچنە دهۆك، ئەوەش لەبەر دۆخی ئەمنیی و نەبونی هیچ گرەنتییەك بۆ ئاشكرانەبونی پرسیارەكان"، شەهاب ئەحمەد وایوت.

ئەو جەختیشیكردەوە لەوەی هێشتا میكانیزمی خەرجكردن یان دابەشكردنی ئەو پارەیە دیار نییە، "پێدەچێت بۆ هەر خوێندکارێک بڕە پارەیەکى بدەینێ".

پێدەچێت بۆ هەر خوێندکارێک بڕە پارەیەکى بدەینێ

ئەگەر بەشێوەی یەكسان پارەكە بەسەر خوێندكاراندا دابەشبكرێت، ئەوا هەریەكە و 111 هەزار و نزیكەی 500 دیناری بەردەكەوێت.

جێگرى بەڕێوەبەرى پەروەردەى شنگال، وتیشی "نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى دهۆک کردووە تا بەشى ناوخۆیى بۆ خوێندکاران دابینبکەن و هاوكاریمان بكەن، بەڵام هێشتا وەڵامییان نەداوینەتەوە".

په‌روه‌رده‌ی شنگال سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، 32 هەزارو 600 خوێندکاری لەو قەزایە هەیە، لەگەڵ 12 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر.

 وەزارەتی پەروەردەی عیراقیش زیاتر لەو ژمارەیەی لە خوێندكار، خوێندنگە و مامۆستا لە قەزای شنگال هەیە، ئەوەش لە هەردوو بەشی كوردی و عەرەبی، بەڵام ئەوان لە ناوچەكانی خۆیان تاقیكردنەوەكانیان دەكەن.

  

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT