كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە؛ زەنگی مەترسی لە كەركوك و نەینەوا لێدەدرێت

كەركوك/ 22ی تەمموزی 2021/ یەكێك لە بنكە تەندروستییەكانی شاری كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی كەركوك

ورود ساڵح

لەگەڵ زیادبونی رێژەی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی هۆشداری لە روداوی كارەسات دەدات، بەهۆی شەپۆلی سێیەم لە كۆرۆنا و نەوەی گۆڕاوی ڤایرۆسەكەوە.

هەریەك لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركوك، چیتر لە توانایاندا نەماوە توشبوی نوێ لە نەخۆشخانەكانیاندا وەربگرن و ئەوەیان بە رەسمی بڵاوكردۆتەوە، پارێزگای دیالەش بە "پلانێكی چالاك" هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی شەپۆلی نوێی كۆرۆنا دەدات.

 

وەزارەتی تەندروستی: كارەسات نزیكە

"ئێمە لەبەردەم كارەساتێكی نزیك و چاوەڕوانكراوداین، بە تایبەت لەگەڵ زیادبونی رێژەی توشبون لەنێو منداڵاندا"  دكتۆرە روبا فەلاح، ئەندامی تیمی راگەیاندنی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عیراق وای وت.

ناوبراو بۆ (كەركوك ناو) ئاشكرایكرد نیوەی ئەو كەسانەی بەهۆی كۆرۆناوە لە نەخۆشخانەكاندا خەوێنراون "حاڵەتەكانیان مەترسیدارە".

وەزارەتی تەندروستی هێشتا ئامێری تایبەت بە ئاشكراكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جۆری دەلتا-ی گۆڕاوی نییە، بەڵام بە ئومێدن لە نزیكترین كاتدا بەدەستیان بگات، بەوتەی روبا فەلاح.

ئێمە لەبەردەم كارەساتێكی نزیك و چاوەڕوانكراوداین

رۆژانە لە تەواوی پارێزگاكانی عیراقدا زیاتر لە هەشت هەزار توشبوی كۆرۆنا و زیاتر لە 50 حاڵەتی مردن بەهۆی ڤایرۆسەكەوە تۆماردەكرێن.

ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە عیراق گەیشتۆتە ملیۆنێك و 535 هەزار و 848 كەس، لەو ژمارەیەش 18 هەزار و 167 كەس گیانیانلەدەستداوە.

هەروەها لە عیراق تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك و 250 هەزار كەس جۆرە جیاوازەكانی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە.

 

نەینەوا... بارودۆخ باش نییە

"بارودۆخی ئێستا باش نییە و لە بەردەم قەیرانداین، بەتایبەت كە هاوڵاتیان بەردەوامن لە گرنگی نەدان بە ڤاكسینی كۆرۆنا، پابەندنین بە رێكارەكانی خۆپارێزی و قەرەباڵغی دروستدەكەن و دەمامك بەكارناهێنن" دكتۆر فەلاح تائی، بەڕێوەبەری تەندروستی نەینەوا وادەڵێت.

تائی جەختیكردەوە لە رۆژانی رابردودا "بەرزبونەوەی بەرچاو لە ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە نەوەی سێیەم هەبووە كە كوشندەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ".

رۆژانە زیاتر لە 300 توشبووی كۆرۆنا لە پارێزگای نەینەوا تۆماردەكرێت.

baghdad-6
بەغداد/ 21ی تەمموزی 2021/ بنكەیەكی تایبەت بە چارەسەری كۆرۆنا فۆتۆ: وەزارەتی تەندروستی

"نەخۆشخانەی شیفای تایبەت بە چارەسەری توشبوانی كۆرۆنا ناتوانێت پێشوازی لە توشبوانی دیكە بكات چونكە پڕبووە لە توشبوو" بەوتەی دكتۆر عودەی عەبادی، وتەبێژی شانەی قەیرانەكان لە نەینەوا بۆ (كەركوك ناو).

عەبادی دەڵێت نەخۆشخانەی كەرەنتینەش ژمارەیەكی زۆر لە توشبوانی كۆرۆنای گرتۆتەخۆ لە رۆژانی جەژنی قوربان، كە زۆرینە "منداڵ و ژنان" بون.

كۆی توشبوانی كۆرۆنا لە نەینەوا گەیشتۆتە 42 هەزار و 851 كەس لەو ژمارەیەش 621 كەس گیانیانلەدەستداوە.

 

كەركوك دواهۆشداری بڵاودەكاتەوە

هۆشدارییەكان كەركوكیشی گرتۆتەوە، بە تایبەت دوابەدوای هەڵكشانی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا بۆ 364 كەس، تەنیا لە ماوەی 24 كاتژمێردا.

دكتۆر نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە هۆشداری بە هاوڵاتیان دا و مەترسی داڕوخانی سیستمی تەندروستی لە پارێزگاكە بەوهۆیەوە نیشاندا.

"نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا بە تەواوی پڕبون لە نەخۆش، لە رۆژانی نزیكی داهاتوودا پێشوازی لە هیچ توشبویەكی كۆرۆنا ناكەین بەهۆی نەبونی شوێنی پێویستەوە" بوشناق وای وت.

هەروەها رونیكردەوە نەخۆشخانەكانی دیكەش كە ئێستا چارەسەری كۆرۆنا ناكەن، رەنگە تایبەت بكرێن بە كۆرۆنا ئەگەر بارودۆخەكە وەك ئێستا درێژەبكێشێت، "تاكە چەكی دەستمان ڤاكسینە، ئەمەش دوایین هۆشدارییە بڵاویدەكەینەوە و ئێمە لەبەردەم روداوی كارساتداین".

بەوتەی بەڕێوەبەری تەندروستی لە 17 بنكەی پارێزگای كەركوك ڤاكسینی جۆری فایزەر هەیە و جۆرەكانی دیكەی ڤاكسینیش لە سینۆفارم و ئەسترازێنیكا لە 51 بنكەی تەندروستیدا بەردەستن و هاوڵاتیان دەتوانن وەریبگرن.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك دكتۆر نەبیل دەڵێت، سەردانی هاوڵاتیان بۆ بنكەكان و وەرگرتنی ڤاكسین سستە.

لە پارێزگای كەركوك زیاتر لە 43 هەزار كەس لە پێنج مانگی رابردوو ڤاكسینیان وەرگرتووە لە كۆی زیاتر لە ملیۆن و نیوێك دانیشتوی پارێزگاكە.

بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك دەڵێت جارێكیتر نەخۆشخانەی ناوچەی پیشەسازی دەكەنەوە كە 50 قەرەوێڵەییە و پێشتر بەهۆی كەمبونەوەی ژمارەی توشبوانی كۆرۆناوە داخرابوو.

هەروەها بڕیاردراوە بە دوبارە كردنەوەی بەشی پەتا درمییەكان لە نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی گشتی لەگەڵ تەرخانكردنی 25 قەرەوێڵە لە نەخۆشخانەی ئازادی و 40 قەرەوێڵەش لە نەخۆشخانەی گشتی بۆ كۆرۆنا.

لە شوباتی ساڵی رابردووەوە تائێستا 53 هەزار و 924 كەس لە كەركوك توشی كۆرۆنا بون و لەو ژمارەیە هەزار و 55 كەس گیانیانلەدەستداوە.

 

دیالە "پلانێكی چالاك" دادەنێت

تەندروستی پارێزگای دیالە دانانی پلانێكی چالاكی راگەیاند بۆ روبەڕوبونەوەی شەپۆلی سێیەمی كۆرۆنا و نەوەی گۆڕاوی ڤایرۆسەكە.

"شانەی قەیرانەكان كار بۆ دانانی پلانێكی چالاك دەكات بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسی كۆرۆنا و زیادكردنی قەرەوێڵە دوای پڕبونەوەی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە توشبوان" فارس عەزاوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی دیالە وادەڵێت.

ئەوەشی بە (كەركوك ناو) وت زیادبونی رێژەی توشبوانی كۆرۆنا "چاوەڕوانكراو" بووە بەهۆی پابەندنەبونی هاوڵاتیان بە رێكارەكانی خۆپارێزییەوە.

لە دیالە رۆژانە زیاتر لە 300 توشبوی كۆرۆنا تۆماركردەكرێن.

dealaa
دیالە/ 21ی تەمموزی 2021/ بنكەیەكی كوتانی ڤاكسینی كۆرۆنا فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی دیالە

عەبدوڵا شەمەری، ئەندامی شانەی قەیرانەكان لە دیالە دەڵێت تۆماركردنی ئەو ژمارەیە رەنگدانەوەی نەبونی پابەندی هاوڵاتیانە بە رێكارەكانی خۆپارێزی.

"سەلماوە جددی نین لە جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتوچۆ، پێویستمان لە سەپاندنی غەرامەی دارایی هەیە، بە ئامانجی گرەنتی پابەندبونی هاوڵاتیان بە قەدەغەی نیمچەیی یان قەدەغەی هاتوچۆ یاخود تەنانەت بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی" بەوتەی شەمەری بۆ (كەركوك ناو).

لە دیالە تائێستا 59 هەزار و 964 كەس توشی كۆرۆنا بون و لەو ژمارەیەش 342 توشبوو گیانیانلەدەستداوە.

ئەندامەكەی تیمی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عیراق جارێكیتر داواكارییەكانی خۆپارێزی بۆ هاوڵاتیان دوبارە كردەوە لە نێویاندا بەستنی دەمامك، دوركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی، وەرگرتنی ڤاكسین و مانەوە لە ماڵەوە.

"ئامار و هێڵی پەتاكە بەردەوام لە هەڵكشاندایە، بەهۆی زیادبونی ژمارەی توشبوان و مردوان لە شەپۆلی توند و سەختی سێیەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا" دكتۆرە روبا فەلاح وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT