ژمارەیەك چەكدار هەڵدەكوتنە سەر دوكاندارێك لە سەعدیە، دوای كوشتنی خاوەنی دوكانەكە و برینداركردنی گەنجێك، دوو هاوڵاتی دیكەش دەڕفێنن.
روداوەكە كاتژمێر 11ی شەوی رابردوو، هەینی 23ی تەمموزی 2021 بووە لە گەڕەكی تەپەی ناوەندی ناحیەی سەعدیە سەر قەزای خانەقین.
"براكەم لە ماڵەوە بووە و لەڕێی كامێراكانی چاودێرییەوە سێ چەكداری بینیووە هەوڵی رفاندنی كوڕەكەی دەدەن، بۆیە دەستبەحێ هاتۆتە دەرەوە و ویستویەتی رێگری لە رفاندنی كوڕەكەی بكات، بۆیە چەكدارەكان دەستڕێژی گولـلەیان لێكردووە و گیانیلەدەستداوە" بەوتەی كەریم شەوی، برای كوژراوەكە بۆ (كەركوك ناو).
ئەو هاوڵاتییەی كوژراوە ناوی بورهان شەوی خالیدییە، دوكانەكەی هەر لەنێو حەوشەی ماڵەكەیدایە لە گەڕەكی تەپە و لەكاتی روداوەكەدا حسێن-ی كوڕی لە دوكانەكەدا بووە كە تەمەنی 16 ساڵە.
كەریم كە نزیكی ماڵی براكەیەتی لە هەمان گەڕەك، دەڵێت "كوڕەكەی منیش لەوكاتەدا ویستویەتی بەهانای ماڵی مامیەوە بچێت بەڵام ئەویش بە تەقەی چەكدارەكان برینداربووە و فیشەك بەر دەستی كەوتووە".
ماڵی بورهان كامێرای چاودێرییان لە بەردەم ماڵ و دوكانەكەیاندا هەیە كە شمەك و پێداویستی رۆژانەی تیادا دەفرۆشن.
"چەكدارەكان دوای كوشتنی براكەم، حسێن-ی كوڕیان رفاندووە لەگەڵ هاوڵاتییەكی دیكەدا كە لەوكاتەدا خەریكی شت كڕین بووە" برای كوژراوەكە وای وت.
تائێستا (دوانیوەڕۆی شەممە 24ی تەمموز) هیچ زانیارییەك لەسەر چارەنوسی دوو رفێنراوەكە نییە.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی بۆ (كەركوك ناو) ڕاستی روداوەكەیان پشتڕاستكردەوە كە "سێ چەكدار هەڵیانكوتاوەتەسەر ئەو دوكانەی گەڕەكی تەپە، دوو كەسیان روخساریان دیارە بەڵام كەسی سێیەم روخساری داپۆشیووە".
بەوتەی سەرچاوەكانی پۆلیس و حەشدی شەعبی، سێ چەكدارەكە وەك لە روخسار و جلوبەرگیاندا دیارە "چەكداری رێكخراوی داعشن، جلوبەرگی سەربازییان لەبەردایە و بە پیادە هاتون بۆ ئەنجامدانی تاوانەكە، گوماندەكرێت دواتر لە باخەكانی نزیك ئەو گەڕەكە خۆیان حەشاردابێت بەرلەوەی بۆ شوێنێكی دور هەڵبێن".
كەسوكاری قوربانی و رفێنراوەكان سكاڵایان بردۆتە لای هێزە ئەمنییەكان.
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) هێزە ئەمنییەكان دوابەدوای روداوەكە گەمارۆی دەوروبەری ناحیەی سەعدیەیان داوە و هەڵمەتی گەڕان و پشكنینیان دەستپێكردووە.
ناحیەی سەعدیە، سەر بە قەزای خانەقینە و بەدوری 60 كیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی ناوەندی پارێزگای دیالە، بەشێكە لە ناوچەی جێناكۆكی نێوان حكومەتی عیراقو هەرێمی كوردستان بەپێی ماددەی 140ی دەستور، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان لە مەزهەبی سوننە و شیعە پێكهاتوون، له ناوهڕاستی 2014 كهوته دهستی داعش و له مانگی 11ی ههمان ساڵ لهلایهن حهشدی شهعبی، سوپاو پۆلیسەوە كۆنتڕۆڵكرایەوە.
دۆسیەی ئەمنی سەعدیە لەژێر دەستی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالەدایە بە بەشداری پۆلیسی ناوخۆیی، سوپا، پۆلیسی فیدڕاڵی و حەشدی شەعبی.