بەرهەمی هەنجیری داقوق بۆ نیوە كەمدەكات، ئەوەش جوتیارانی ناوچەكە نیگەران دەكات و داوای پاڵپشتی حكومەت دەكەن، تا زیانی گەورەتریان بەرنەكەوێت.
مانگی تەمموز؛ وەرزی چنینەوەی هەنجیرە لە قەزای داقوق و بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو) بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ نیوە كەمبۆتەوە، بەهۆی كەمی بارانبارینەوە.
"ساڵانی پێشوو لە دوو بۆ سێ رۆژدا زیاتر لە 30 سندوق هەنجیرمان دەچنییەوە، بەڵام ئێستا نیوەی ئەو بڕە كۆدەكەینەوە، چونكە وشكەساڵی و كەمی باران بۆتە بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی لە رەز و باخەكانماندا" زاهیر ئەحمەد (67 ساڵ) وای وت.
ئەو جوتیارەكە كە لەنێو خەڵكدا بە كوێخا زاهیر بەناوبانگە، باخێكی گەورەی هەنجیری لە گوندی سنور لە باشوری ناوەندی قەزای داقوق هەیە و لەگەڵ هەردوو هاوسەر و منداڵەكانیدا، دوو رۆژ جارێك بەرهەمی دارەكان دەچننەوە و دەیخەنە بازاڕەوە.
"چەند جۆرێك دەرمانم لە بازاڕی رەش كڕی بۆ باخەكەم بەڵام سودی نەبوو، وەك ئەو دەرمانانە نییە كە حكومەت بە جوتیاری دەدات" كوێخا زاهیر داوای لە حكومەت و فەرمانگەی كشتوكاڵ هەیە هاوكاری جوتیاران بكەن.
روبەری باخەكەی كوێخا زاهیر شەش دۆنمە، زیاتر لە 250 داری هەنجیری تیادایە كە ئەمساڵ زیاتر لە 50 داریان وشكبون، جگە لە نزیكەی 200 داری هەنار.
"بەرهەمی ئەمساڵ وەك ساڵانی رابردوو نییە، بەڵام ئەوەش واینەكردووە لە كارەكانمان ساردبینەوە، چونكە بژێویمان لەسەر ئەوەیە" نەجیبە محەمەد، هاوسەری زاهیر ئەحمەد بۆ (كەركوك ناو) وادەڵێت.
ئەو وتی ئێواران دەست بە چنینی هەنجیر دەكەن، دوای جیاكردنەوەی باش و خراپ لە یەكتری، دەینێرنە بازاڕ و هەر زووش بەرهەمەكانیان دەفرۆشرێت.
"رەواجێكی باشی هەیە، چونكە تەواو خۆماڵییە و نرخیشی گونجاوە" بەوتەی نەجیبە.
بەرهەمی هەنجیری داقوق بە شیرینی و بەتامی بە ناوبانگە و خواستی زۆری لەسەرە.
زەكی حسێن، میوەفرۆش لە بازاڕی داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "هەنجیری كوێخا زاهیر ناوبانگێكی باشی لە بازاڕدا هەیە، بەزوویی هەنجیرەكەی نامێنێت، چونكە تامێكی خۆشی هەیە بەراورد بە هەنجیری هاوردە .. ئەڵێی هەنگوینە هەنگوین نەك هەنجیر".
كوێخا زاهیر هەوڵی فراوانتركردنی روبەری باخەكەی دەكات تا بەرهەمی زیاتر بخاتە بازاڕەوە بەڵام لەوەدا پێویستی بە پشتگیری حكومەت هەیە.
دانا عادل، لێپرسراوی بەرهەمی روكی لە فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق بە (كەركوك ناو)ی وت "بە دابینكردنی مەوادی كیمیایی و سوتەمەنی هاوكاری خاوەنی باخەكانمان دەكرد، ئەوەش بە دوو ساڵ جارێك، بەڵام ئێستا ئەو هاوكارییە نەماوە بەهۆی نەبونی بودجەی پێویستەوە".
بەوتەی ئەو لێپرسراوەی كشتوكاڵ، زەوی داقوق زۆر گونجاوە بۆ بەرهەمەكانی قەیسی، هەنجیر، هەنار و ترێ، بەڵام جوتیاران زیاتر بایەخ بە چاندنی دانەوێڵە دەدەن.
لە قەزای داقوق (44كم باشوری كەركوك) زیاتر لە 120 دۆنم باخی هەنجیر، ترێ، قەیسی و هەنار هەیە، لەكۆی 53 باخ تەنیا 42 باخیان بە رەسمی لە فەرمانگەی كشتوكاڵ تۆماركراون، زیاتر لە 125 دۆنمیش ساڵانە دەكرێن بە گەنم و جۆ.