شاری كەركوك نزیكبۆتەوە لەوەی بە تەواوی دەرفەتی میوانداریكردنی پاڵەوانێتى گۆڕەپان و مەیدانى یانەکانى عیراق لەدەستبدات كە بڕیارە لە مانگی ئابدا بەڕێوەبچێت، ئەوەش بەهۆی دواخستنی كردنەوەی یاریگای ئۆڵۆمپی كەركوك كە نیگەرانی وەرزشكارانی لێكەوتۆتەوە.
یاریگاكە لە سەردەمی كابینەی پێشودا بڕی 31 ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی تەرخانكرا، بەڵام هێشتا كارەكانی تەواونەبووە تا پێشوازی لەو پاڵەوانێتیەدا بكات، هەرچەندە عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عیراق زیاتر لە جارێك بەڵێنی تەواوكردن و ئامادەكردنی بۆ ئەو پاڵەوانێتییە داوە.
ئەندازیار عەلى حسێن فارس، لێپرسراوی پرۆژەى نۆژەنکردنەوەى یاریگاى ئۆڵۆمپی كەركوك و سەرۆکى ئەندازیارانى بەڕێوەبەرایەتى وەرزش و لاوانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا سێ سولفەی ئەو 31 ملیار دینارە نەگەیشتۆتە دەستی كۆمپانیای جێبەجێكار، بەهۆیەوە تەنیا لەسەدا 83ی كارەكانی تەواوبووە... چەند جارێك داوای سولفەكانمان كردووە، بەڵام لە بەغداوە دەڵێن بودجە نییە، بۆیە كارەكانی نۆژەنكردنەوە راگیراون".
چەند جارێك داوای سولفەكانمان كردووە، بەڵام لە بەغداوە دەڵێن بودجە نییە، بۆیە كارەكانی نۆژەنكردنەوە راگیراون
"بڕیاربوو ئەم مانگە (تەمموز) یاریگاكە تەواوبكرایە و لە مەراسیمێكدا بۆ ئەو پاڵەوانێتییە بكرایەتەوە"، عەلى وایوت.
ئەو سێ سولفەیەی ماوە، بەپێی وتەی عەلی حسێن، بڕیاربوو بۆ کڕینى پێداویستى وەکو سەقفى یاریگاکە، شاشەى نێو یاریگا و هەروەها سیستمى ئاگرکوژێنەوە و چاودێری خەرجبكرایە.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی وەرزش لاوان، بڕیاربوو لە مانگی ئابدا و بە بەشداری 60 یانە، قۆناغى سێیەمى پاڵەوانێتی گۆڕەپان و مەیدانى یانەکانی عیراق لە یاریگایەی كەركوك بەڕێوەبچێت.
سەباح حەسەن، سەرۆکى لقى کەرکوکى یەکێتى گۆڕەپان و مەیدانی عیراق، بە (كەركوك ناو)، "بەهۆی ئەوەی نۆژەنكردنەوەكە كۆتایی پێنەهاتووە، پێدەچێت پاڵەوانێتییەكە بۆ بەغدا بگوازرێتەوە، بخرێتە مانگی ئەیلول، بەمەش كەركوك ئەو خەونەی لەدەستدا كە زۆر گرنگ بوو بۆ وەرزش و لاوان و یانەكانمان".
هێشتا وەزارەتی وەرزش و لاوان شوێن و كاتی بەڕێوەچونی پاڵەوانێتییەكەی نەگۆڕیوە، لەكاتێكدا تەنیا دوو رۆژ ماوە بۆ مانگی ئاب.
نور عەلى، یاریزانى هەڵبژاردەى کەرکوک بۆ گۆڕەپان و مەیدان، وتی "ئەمە بۆ ئێمە جێگەی داخە، چەندین مانگە مەشق و راهێنان لەپێناو ئەوەدا دەكەین لە یاریگای خۆماندا ئاستێكی باش پێشكەش بكەین، بەڵام بێ بەڵێنی بێئومێد و ناڕەحەتی كردین، چونكە لە شارێكی تر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش، قورسە".
بێ بەڵێنی بێئومێد و ناڕەحەتی كردین، چونكە لە شارێكی تر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش، قورسە
یاریگاى ئۆلۆمپی کەرکوک لە ساڵى 1982دا بۆیەكەمجار كرایەوە و ئەوكات پێشوازیكرد لە بەڕێوەچونی یارییەكانی قۆناغی پاڵاوتنى هەڵبژاردەکانى ئاسیا بۆ مۆندیال. یاریگاكە 24 هەزار دەگرێت، بەر لە ساڵی 1991 بە بڕیاری حزبی بەعس كرایە سەربازگە.
لە ساڵی 2003و دوای روخانی رژێم، 500 خێزانی ئاوارە لێی نیشتەجێبون، تا لە ساڵی 2009 بە بڕیاری سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عیراق (جەلال تاڵەبانی)، ئاوارەكان بە قەرەبوكردنەوە یاریگاكەیان بەجێهێشت.