هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك، له مانگی رابردوودا زیاتر له سێ ملیۆن به‌رمیل بووه و داهاته‌كه‌ی به‌پێی نرخی فرۆشتنی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا، نزیكەی 213 ملیۆن دۆلاره.
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق، هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له ته‌واوی كێڵگه‌كانی وڵات‌دا بۆ مانگی تەمموزی 2021 گه‌یشتۆته 90 ملیۆن و 467 هه‌زار و 794 به‌رمیل نه‌وت، به داهاتی شەش ملیار و 513 ملیۆن و 792 هەزار دۆلار.
وه‌زاره‌ت له راگه‌یه‌ندراوێكدا رونیكردۆته‌وه مانگی تەمموزی ئه‌مساڵ له كێڵگه نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه سێ ملیۆن و 12 هه‌زار و 435 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جیهان كراوه له توركیا.
نه‌وتی خاوی كه‌ركوك له‌و مانگه‌دا هه‌ر به‌رمیلێكی به 70.599 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه و داهاته‌كه‌ی ده‌كاته 212 ملیۆن و 674 هەزار و 410 دۆلار.
لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور و خەبازە كه لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور-ی سه‌ر به حكومەتی عیراقیدان.