تەنیا لە ماوەی 24 رۆژدا سێ خوشک بە کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە، دووانیان لە کەمپی ئاوارەییدا دەژین و یەکێکیان لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبون لە شنگال.
لە 18ی تەمموزدا زێرێ كەمۆ حسێن (63ساڵ)، دانیشتوی كەمپی كەبەرتوو لە دهۆك گیانیلەدەستدا، لە 5ی ئابیش خاتون كەمۆ حسێن (52ساڵ) دانیشتوی كەمپی بێرسیڤ، دوای ئەوەش لە 10ی ئاب خوشكێكی تریان بەناوی وەزحە كەمۆ حسێن (56ساڵ) لە كۆمەڵگەی بۆركە لە شنگال بە كۆرۆنا گیانیلەدەستدا.
حسێن مچێ حسێن، ئامۆزای ئەو سێ خوشكە بە (كەركوك ناو)ی وت "هەرسێ خوشكەكە لەماوەی 24 رۆژدا بە كۆرۆنا گیانیانلەدەستدا، هەریەكەو لە سێ شوێنی جیاوازیشدا بون".
وتیشی "تەنانەت كاتێك زێرێ مردووە، لەبەر كۆرۆنا نە پرسەمان بۆ داناوە، نە دوو خوشكەكانیمان ئاگاداركردونەتەوە بۆ ئەوەی سەردانی نەكەن و توشنەبن، بۆیە لە خەڵكی ترەوە توشبون نەك لە پرسە".
كاتێك زێرێ مردووە، لەبەر كۆرۆنا نە پرسەمان بۆ داناوە، نە دوو خوشكەكانیمان ئاگاداركردونەتەوە بۆ ئەوەی سەردانی نەكەن و توشنەبن
زێرێ منداڵی نییە، بەڵام خاتون شەش منداڵی هەیە و وەزحەش حەوت منداڵ، هەرسێكیان لە پێكهاتەیی ئایینی ئێزیدین.
"من داوا لە خەڵك بەتایبەت ئاوارەكان دەكەم ڤاكسین وەربگرن، چونكە لە كەمپ خەڵك زۆر تێكەڵاوی یەكتر دەبن، وەرگرتنی ڤاكسین و دوركەوتنەوە لە یەكتر باشترین چارەسەرە".
لە نێو كەمپی ئاوارەكاندا تەنیا بنكەی كاتی یان بچوكی چارەسەری سەرەتایی نەخۆشییەكان هەن و هیچ شوێنێكی تایبەت بە چارەسەری كۆرۆنا نییە، بۆیە توشبوانی كۆرۆنا بۆ پشكنین و چارەسەر دەبێت بچنە دەرەوەی كەمپ، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی پێشوی (كەركوك ناو).
لە مانگی تەمموزدا، حەمزە رەزیكی، لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی گشتی پارێزگای دهۆك بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە لەوەی هیچ بنكەیەكی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ئاوارەكان نییە. ئەوەش لەكاتێكدایە وەرگرتنی ڤاكسین بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنرێت لە ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەكەدا و بەردەوام تەندروستی هانی هاوڵاتیان دەدات وەریبگرن.
"بەشی وەرگرتنی ڤاكسین بۆ ئاوارەكان لە پارێزگای نەینەوایە و دەبێت ئەوان بۆیان ئامادەبكەن، بەڵام ئێمە بنكەیەكمان لە كەمپی دۆمیز كردۆتەوە كە تایبەتە بە پەنابەرانی خۆرئاوای كوردستان (سوریا)، ئاوارە و پەنابەرانی دیكەش دەتوانن لەوێ ڤاكسین وەربگرن" بەوتەی رەزیكی.
لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك دەڵێت هەر هاوڵاتییەكی ئاوارە لە سیستمی ئەلیكترۆنی ناوی خۆی تۆماربكات بۆ ڤاكسین و ناوەكەی بگەڕێتەوە ئەوا دەتوانێت لە بنكەكانی دەرەوەی كەمپ ڤاكسین وەربگرێت، تائێستا سەروو 100 ئاوارە بەوشێوەیە ڤاكسینیان وەرگرتووە.