هاوڵاتییەكی ئاوارە بە كۆرۆنا گیانیانلەدەستدەدات، چەندین كەسی دیكەی توشبوی ئەو ڤایرۆسەش تۆماردەكرێت و بەردەوام ژمارەكە لە هەڵكشاندایە، بەبێ ئەوەی هیچ بنكەیەكی وەرگرتنی ڤاكسین و نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەو پەتایە لە نێو كەمپەكانیاندا هەبێت.
21ی تەمموزی ئەمساڵ ئاوارەی ئێزیدی خەڵكی شنگال، میرزا حەسەن (45 ساڵ)، توشبوی كۆرۆنا لە كەمپی كەبەرتووی پارێزگای دهۆك گیانیلەدەستدا.
فارس موراد، حەوت ساڵە لە كەمپی كەبەرتووە و دراسێی میرزایە، دەڵێت هەر ئەو هاوكاری كردووە بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەر، بۆیە ئێستا ئەویش هەست بە نیشانەكانی كۆرۆنا دەكات، بەڵام پشكنینی نەكردووە.
"میرزا كێشەی گورچیلە و رەبۆی هەیە، دوای توشبونیشی بە كۆرۆنا، شەوی 21ی تەمموز گیانیلەدەستدا" بەوتەی فارس بۆ (كەركوك ناو).
فارس دەڵێت لە كەمپەكەی ئەوان خەڵكێكی زۆر توشی كۆرۆنا بون و وابڵاوبۆتەوە چەند كەسێكی دیكەش بە ڤایرۆسەكە گیانیانلەدەستداوە.
نزیكەی 50 كەس لە كەمپی كەبەرتوو توشی كۆرۆنا بون
لە نێو كەمپی ئاوارەكاندا تەنیا بنكەی كاتی یان بچوكی چارەسەری سەرەتایی نەخۆشییەكان هەن و هیچ شوێنێكی تایبەت بە چارەسەری كۆرۆنا نییە بۆیە هەر توشبویەك بۆ پشكنین و چارەسەر بچێتە دەرەوەی كەمپ.
سەباح میرزا، كارمەندی ئیدارەی كەمپی كەبەرتوو بە (كەركوك ناو)ی وت "بەو هاوڵاتییەوە كە كۆچی دواییكردووە تائێستا نزیكەی 50 كەس لە كەمپەكەمان توشی كۆرۆنا بون و ... ئەگەر خەڵك خۆیان نەپارێزن و هاوكارنەبن رەنگە ژمارەیەكی زۆر زیاتر توشی ڤایرۆسەكە ببن".
(كەركوك ناو) نەیتوانی لە ژمارەی مردوانی كۆرۆنا لە نێو ئاوارەكان دڵنیابێتەوە بەوپێیەی لە ئامارەكاندا لەهاوڵاتیانی دیكەی شارەكان جیانەكراونەتەوە.
بەڵام بەپێی زانیاری نافەرمی لە دوو هەفتەی رابردوودا چوار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان بە كۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە.
حەمزە رەزیكی، لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی گشتی پارێزگای دهۆك بە (كەركوك ناو)ی وت "رۆژانە لە دهۆك ژمارەیەكی زۆر خەڵك توشی كۆرۆنا دەبن و گیانلەدەستدەدەن، تەنیا لە چوار رۆژی جەژندا 20 گیانیانلەدەستداوە، ئێمەش كەیسەكان جیاناكەینەوە، ئیتر ئاوارە یان پەنابەر یاخود خەڵكی شارەكەبێت جیاوازی نییە و پێكەوە تۆماردەكرێن".
لە 24 كاتژمێری رابردودا زیاتر لە هەزار توشبوی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون لەگەڵ 15 حاڵەتی مردن، كە 9 مردن و زیاتر لە 700 توشبوو لە دهۆك بون.
ئەوەش لە كاتێكدایە هیچ بنكەیەكی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا نییە كە بە هەنگاوێكی گرنگ لە ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەكەدا دادەنرێت و بەردەوام تەندروستی هانی هاوڵاتیان دەدات وەریبگرن.
"بەشی وەرگرتنی ڤاكسین بۆ ئاوارەكان لە پارێزگای نەینەوایە و دەبێت ئەوان بۆیان ئامادەبكەن، بەڵام ئێمە بنكەیەكمان لە كەمپی دۆمیز كردۆتەوە كە تایبەتە بە پەنابەرانی خۆرئاوای كوردستان (سوریا)، ئاوارە و پەنابەرانی دیكەش دەتوانن لەوێ ڤاكسین وەربگرن" بەوتەی رەزیكی.
لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك دەڵێت هەر هاوڵاتییەكی ئاوارە لە سیستمی ئەلیكترۆنی ناوی خۆی تۆماربكات بۆ ڤاكسین و ناوەكەی بگەڕێتەوە ئەوا دەتوانێت لە بنكەكانی دەرەوەی كەمپ ڤاكسین وەربگرێت، تائێستا سەروو 100 ئاوارە بەوشێوەیە ڤاكسینیان وەرگرتووە.
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 665 هەزار ئاوارە هەن كە بەشێكیان بەسەر 26 كەمپدا دابەشبون و زۆرینەش خەڵكی نەینەوان، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم.
"تائێستاش هەموو پێداویستییەكانی خۆپارێزی لە دەمامك و پاككەرەوە لەسەر حسابی خۆمان دەكڕین، نە حكومەت و نە رێكخراوەكان هاوكاریمان ناكەن" خدر ئلیاس، ئاوارەی نیشتەجێی كەمپی كەبەرتوو وای وت.
خدر داواكارە بە هانایانەوە بچن بەرلەوەی كارەسات روبدات لە كەمپەكاندا، ئەوەش بە ئەنجامدانی پشكنین و چارەسەر، لە نێویاندا پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ دانیشتوانی كەمپەكان، ئەوەشی بە (كەركوك ناو) وت "هیچ ناوەندێكی وەرگرتنی ڤاكسین لە كەمپدا نییە بۆیە كەمترین ئاوارە ڤاكسینیان وەرگرتووە".
ئەو دەڵێت لەگەڵ سەپاندنی رێكارەكانی خۆپارێزیدان نەك قەدەغەی هاتوچۆ كە هێندەی دیكە بارودۆخی ژیانیان لەروی بژێوییەوە سەختتر دەكات.
كەمترین ئاوارە ڤاكسینیان وەرگرتووە
ساڵی رابردوو بەهۆی كۆرۆناوە بۆ چەندین مانگ دەرگای كەمپەكان بەڕوی هاتوچۆدا داخران و ناڕەزایی زۆری ئاوارەكانی لێكەوتەوە.
لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك، كە زۆرترین كەمپ لە سنوری پارێزگاكەیاندا هەیە، وتی "ئێستا هیچ پلانێكمان نییە بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە كەمپ یان دەرەوەی كەمپ، بەڵام ئەگەر حكومەت بگاتە ئەو بڕیارەی قەدەغە رابگەیەنێت ئەوكات ئاوارەكانیش دەگرێتەوە".
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی رابردودا هۆشداری دا لە هەڵكشانی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا بەهۆی تۆماركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جۆری گۆڕاوی دەلتا، كە خێراتر لە نەوەكانی پێشتری هەمان ڤایرۆس بڵاودەبێتەوە.
ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە تەواوی عیراقدا گەیشتۆتە ملیۆنێك و 543 هەزار و 501 كەس، لەو ژمارەیەش 18 هەزار و 232 كەس گیانیانلەدەستداوە.
هەروەها لە عیراق تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك و 265 هەزار كەس جۆرە جیاوازەكانی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە.