بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک، داوای پاراستنی تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا دەكات لە ناوچەكانی جێناكۆك تا كاریگەری زیاتر لەسەر بڕی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان دروستنەبێت، كە بەپێی ئامارێكیان لە پێنج هەفتەی رابردودا 177 تاوەر تەقێنراونەتەوە.
ئەو تاوەرانە لە نێوان مانگی تەمموز و ئاب-دا لە سنوری پارێزگاكانی کەرکوک، سەڵاحەدین، نەینەوا و دیالە تەقێنراونەتەوە، كە دواینیان تەقاندنەوەی حەوت تاوەر بوو لە ناحیەی ریاز لە پارێزگای كەركوك لە شەوی 9ی ئاب.
سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کەرکوک، وتی "جگە لە تەقاندنەوەی 177 تاوەر، لە 50 تاوەری تر بۆمبی چێنراو دانرابون و بەر لەوەی بتەقێنرێنەوە، هێزە ئەمنییەكان پوچەڵیان كردونەتەوە".
"بەگشتی بە ئامانجگرتنی تاوەرەكان دەبێتەهۆی كەمبونەوەی بڕی پێدانی كارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان، بەڵام لە ئێستادا پارێزگای سەڵاحەدین زەرەرمەندترینە"، سەرچاوەكە وای وت.
بەگشتی بە ئامانجگرتنی تاوەرەكان دەبێتەهۆی كەمبونەوەی بڕی پێدانی كارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان، بەڵام لە ئێستادا پارێزگای سەڵاحەدین زەرەرمەندترینە
هەروەها داوای لە هێزە ئەمنییەكان كرد پلانێكی وردتر دابنێن بۆ پاراستنی تاوەرەكان، كە بەپێی ئیدارەی پارێزگاكان، چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) ئەو كردەوانە ئەنجامدەدەن.
محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی ریاز لە قەزای حەویجە، كە سەرەتای ئەم هەفتەیە حەوت تاوەری كارەبا لە ناحییەكەی كرایە ئامانج، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو حەوت تاوەرە كارەبای بۆ قەزای بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین دەگواستەوە... داوادەكەین هێزە ئەمنییەكان لە هەموو تاوەرەكان خاڵی ئەمنی دابنێن، هەروەك چۆن لە هەموو گوندەكان بونیان هەیە، بەپێچەوانەوە ئەو هێرشانە بۆ سەر كارەبا بەردەوامدەبێت و هاوڵاتیان تیایدا زەرەرمەندی یەكەمن".
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، كە لە هێزە ئەمنییەكانی ئەو چوار پارێزگایەی لە تەقاندنەوەی تاوەرەكان زەرەرمەندبون دەستیكەوتووە، ئەوان لەگەڵ حكومەتی عیراق لە گفتوگۆدان بۆ دانانی پلانێكی توكمەتر بۆ پاراستنی تاوەرەكان، بەڵام هێشتا رون نییە لەوەی هێزی زیاتر بۆ پاراستنی تاوەرەكان دەنێردرێن یان پلانێكی تر پەسەند دەكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە عیراق، لە كۆبونەوەیەكدا لە 4ی ئاب، بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، جەختیكردەوە لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ پاراستنی تاوەرەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا.