چەند كاتژمێرێك لە كارەبای نیشتمانی ناوچەكانی سەڵاحەدین، دیالە و كەركوك كەمدەكات، لە هەندێك شوێنیش بە یەكجاری دەبڕێت، بەهۆی تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا لەلایەن چەكدارانی (دەوڵەتی ئیسلامی - داعش)ـەوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی كارەبای عیراق، تەنیا لە ماوەی 48 كاتژمێر 13 تاوەری كارەبا لە سنوری پارێزگاكانی سەڵاحەدین، كەركوك و نەینەوا تەقێنراونەتەوە.
لەو بەیاننامەیەدا كە 5ی ئاب بڵاوكراوەتەوە، وەزارەت دەڵێت هێڵەكانی گواستنەوەی وزەی (كەركوك - گەیارە) بەهۆی بۆمبی چێنراوەوە تەقێنراونەتەوە و پێنج تاوەر زیانیان بەركەتووە و لەكاركەوتون.
هەروەها لە هێڵەكانی دیكەی ئەو ناوچەیە چەندین تاوەری تر زیانیان بەركەوتووە.
جگە لە ژمارەیەك تاوەری كارەبای (باشوری تكریت - سامەرا) و (شەهید عەبدوڵا – خۆرهەڵاتی تكریت – شەهید عەبدوڵا - دۆر).
"تاوەرەكانی دابینكردنی كارەبای نیشتمانی سەڵاحەدین هەفتەی رابردودا تەقێنراونەتەوە و بەهۆیەوە ئێستا هاوڵاتیان كێشەی كارەبا و ئاویان هەیە، هەر ئەوان زەرەرمەندبون، لەكاتێكدا پلەكانی گەرما بەرزن" حسێن عەبدولقادر، بەڕێوبەری دابەشكردنی كارەبای سەڵاحەدین بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
پلەكانی گەرما لە سەڵاحەدین و دیالە و كەركوك لە نێوان 45 بۆ 50 پلەی سیلیزیدان.
بەڕێوەبەری كارەبای سەڵاحەدین دەڵێت لە 24 كاتژمێردا تەنیا چوار كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان دەدەن، ئەوەش وایكردووە گەرما تەنگ بە هاوڵاتیان هەڵبچنێت، "چاككردنەوەی تاوەرە زیانلێكەوتوەكان لەسەر فەرمانگەكانی كەركوك و سەڵاحەدینە كە هێشتا چاكنەكراونەتەوە".
بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، لە یەك هەفتەی رابردودا، زیاتر لە 10 جار هێڵە سەرەكییەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا لە دیالە، سەڵاحەدین، كەركوك، نەینەوا و چەند ناوچەیەكی دیكەی عیراق بە بۆمبی چێنراو تەقێنراونەتەوە و زیانیان بەركەوتووە.
لێپرسراوێكی باڵای ئەمنی لە دیالە، كە بەهۆی نەبونی مۆڵەتی لێدوانەوە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا لە ئەستۆی داعشە، ئامانجیان ئەوەیە كێشە و گرفت لە نێوان هاوڵاتیان و حكومەتدا دروستبكەن".
داعش ئامانجیان ئەوەیە كێشە لە نێوان هاوڵاتیان و حكومەتدا دروستبكەن
ئەو دەڵێت هێزی تایبەتیان بۆ چاودێری و پاسەوانی تاوەرەكان داناوە، كە زیاتر لە 250 تاوەر لە پارێزگاكەدا هەیە، هەفتەی پێشوو توانیویانە كەسێك دەستگیربكەن كاتێك ویستویەتی تاوەرێك بتەقێنێتەوە.
ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە عیراق، لە كۆبونەوەیەكدا چوارشەممەی رابردوو بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان جەختیكردەوە لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ پاراستنی تاوەرەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا.
لێپرسراوەكەی دیالە وتی "داعش وەك پێشتر دەسەڵاتی شەڕ و كوشتنی هاوڵاتیانیان نەماوە بۆیە تاوەرەكان دەكەنە ئامانج، لەوەشدا هاوڵاتیان زەرەرمەندبون".
لە سەرەتای 2021ـەوە تائێستا 20 تاوەری كارەبا لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە تەقێنراونەتەوە، بەهۆیەوە كارەبای ناحیەكانی سەعدیە، قەرەتەپە، جەلەولا، تكریت، سامەرا، دوجێل، بەلەد و چەندین ناوچەی دیكە یان بە تەواوی بڕاون یان كەمبونەتەوە.
هەر بەپێی ئەو ئامارانەی (كەركوك ناو) لە سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستی كەوتون بەهۆی هێرشەكانی داعش و بۆمبی چێنراوی ژێر تاوەرەكانی كارەباوە زیاتر لە چوار سەربازی عیراق لەو دوو پارێزگایە كوژراون.
حسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ی وت "تاوەرەكانی كارەبا لەلایەن داعشەوە دەتەقێنرێنەوە، لەمساڵدا كردەوەكانی داعش بۆ كردنە ئامانجی تاوەرەكان زیاتر بون، بەهۆیەوە خورماتوو هەموو قەزاكانی تری سەڵاحەدین كێشەی كارەبایان هەیە و پشت بە مۆلیدەی ئەهلی دەبەستن".
بەهۆی كەمی كارەبای نیشتمانییەوە نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە زۆربەی ناوچەكانی عیراق لە نێوان 10 تا 15 هەزار دیناردایە.
غەسان رەزوانی، لێپرسراوانی راگەیاندنی فەرمانگەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت ئەو 13 تاوەرەی لە چەند رۆژی رابردودا تەقێنرانەوە كاریگەری زۆری لەسەر كەركوك نەبووە، چونكە كاریگەرییە زۆرەكە بۆ سەڵاحەدین و موسڵ بووە.
بەپێی ئامارەكانی كارەبا لە شەو و رۆژێكدا 12 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیانی كەركوك دەدرێت.
ئێستا كارەبای كەركوك سێ كاتژمێر هەیە و سێ كاتژمێر دەبڕێت
"ئێستا كارەبای كەركوك سێ كاتژمێر هەیە و سێ كاتژمێر دەبڕێت، .. بەداخەوە هەندێك گەڕەك هەیە لە باشوری كەركوك وەك قادسیەی یەك و قادسیەی دوو و نەسر و عەسكەری كارەبایان لە وێستگەی گشتی بەغداوە دەپچڕێت چونكە فشار لەسەر تۆڕەكانیان هەیە و بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرماوە دەیكوژێننەوە، كارەبای ئەو گەڕەكانە نزیكەی 10 كاتژمێر هەیە" بەوتەی رەزوانی.
شەوی 3ی ئابی 2021 دەیان هاوڵاتی لە ناوەندی ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری – باكوری كەركوك) خۆپیشاندانیان دژی خراپی كارەبای نیشتمانی ئەنجامدا.
پارێزگای كەركوك، رۆژانە پێویستی بە زیاتر له هەزار مێگاوات كارەبا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت كارەبای پێویست بە هاوڵاتیان بدات، بهڵام كهمتر لهو بڕەی پێدهگات.
شەوی رابردو، 5ی ئاب چەكدارێكی پۆلیسی فیدراڵی لەكاتی هەوڵی پوچەڵكردنەوەی بۆمبێكی چێنراو لەژێر تاوەرێكی كارەبادا بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەكەوە گیانیلەدەستدا، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی ئەو هێزە لە ناحیەی ریازی قەزای حەویجەی كەركوك بووە.
لێپرسراوێكی ئاگادار لە كارەبای دیالە كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ساڵی 2021دا 20 تاوەری كارەبا تەقێنراونەتەوە و بەهۆیەوە هاوڵاتیان و حكومەت زەرەرمەندبون، خەرجییەكی زۆر لەسەر حكومەت دەكەوێت بۆ چاككردنەوەی تاوەرەكان و ئێستاش هاوڵاتیان بێ كارەبان".
ئەو دەڵێت پرۆسەی چاككردنەوەی تاوەرەكان پێشتر پێویستی بە پشكنینی ناوچەكە هەیە، بۆ دڵنیابونەوە لەوەی داعش بۆمبی دیكەی چێنراویان دانەناوە، ئەوەش بە هاوكاری هێزی ئەمنی ئەنجامدەدەن و دواتر دەست بە چاككردنەوەی تاوەرەكان دەكەن.
هەفتەی رابردودا، بۆ ماوەی چەند رۆژێك هەرسێ ناحیەی سەعدییە، جەلەولا و قەرەتەپە لە دیالە بە تەواوی بێ كارەبای نیشتمانی بون، بەهۆی هێرشێكی چەكدارانی داعش بۆ سەر سوپای عیراق، كە بوە هۆی تەقاندنەوەی تاوەرێكی كارەبا.
"ئامانجی چەكدارانی داعش لە تەقاندنەوەی تاوەرەكان ئەوەیە هەبونی خۆیان بسەلمێنن و زیان بە هاوڵاتیان بگەیەنن، ئەو ناوچانەیشی تاوەریان تێدایە ناوچەیەكی فراوانن، دۆڵن و تیرۆریستیان بە ئاسانی دەستیان پێیدەگات و دەتوانن تاوەرەكان بتەقێننەوە" بەوتەی لێپرسراوەكەی كارەبای دیالە.
كردەوەكانی داعش بۆ كردنە ئامانجی تاوەرەكانی كارەبا زیادیانكردووە
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، شێوازێكی نوێ بۆ پاراستنی تاوەرەكانی كارەبا دەگرێتەبەر، ئەوەش لەڕێی پلانێكەوە بە ئامانجی رێگری لە گەیشتنی چەكدارانی داعش بۆ تاوەرەكان و بە هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتەكانی بەرگری، ناوخۆ و دەزگای هەواڵگری.
تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بە ئاژانسی عیراقییەی راگەیاندووە ئەو پلانە نوێیە ئامێر و پێداویستی و تەكنیكی نوێی تێدا بەكاردێت، لە هەندێك ناوچەش عەشیرەتەكانی ناوچەكە بۆ چاودێری سنوری خۆیان رادەسپێردرێن.
هەروەها وتی لە ناوچە سەختە و فراوانەكان و ئەو شوێنانەی هێزی ئەمنی بە ئاسانی پێیناگات، بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، هێزی ئاسمانی و دانانی كامێرای حەراری هەوڵدەدەن رێگری لە تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا بكەن.
*كاروان ساڵحی بەشداری لە ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا كردووە